هەندێ جار هەندێ ، دیاردە و هەڵسوکەوت هەیە زۆر ئاساییەو جێگەی شانازیە . هەندێ جار هەمان ڕەفتار جیگەی ڕەخنەو سەرنجدانە . جاران پینەی جل و بەرگ و دڕاوی ئاسایی بو . کەسانی نەدار و کەم دەرامەت کە جلەکانیان دەدڕا ئاسایی بو پینەیان دەکرد و دوبارە لەبەریان دەکردەوە . زۆر جار پینەکەش لەهەمان جۆر و لە هەمان ڕەنگی قوماشەکەش نەبو . یان هەر بەدڕاوی لەبەردەکرایەوە . یان شڕوالەکە لەڕەنگێ بو مراخانی یان چۆغەکە لە ڕە نگێکی دیکە بو . چونکە شڕواڵ زیاتر دەدڕاو و زیاتر لەبەر دەکراو کاری پێوە دەکرا . زۆر کەس جلی ئیش و ماڵەوە و هاتنە دەرەوە و شەونوستنی هەر یەکێ بو . ئەمانە حاڵەتێکی زۆر ئاسایی بون . زۆر نەنگو شورەیش بو بۆ ئەو کەسانەی کە گاڵتەیان پێکردون و یان توانجیان لێداون . لە و بڕوایەدام کەم کەسیش هەبوە لەو کاتەدا بە چاوی نزم سەیریان بکات ، بەڵکو ئەوانە زۆر جار ئیشکەر و جێگەی متمانەی بازرگانە دەوڵەمەندەکانی ناو شاریش بون .
بەڵام سەرنجت دەدا لەم کۆتاییانەدا جلی پینە کراو دو ڕەنگ و دڕاوی بوبو بە مۆدێل . بە تایبەتی لە پانتۆڵدا و بە تایبەتتر لە پانتۆڵی کاوبوی دا ( هەر چەندە ئەو مۆدێلانە خوازراو و وەرگیراو بون و زادە و لەدایکبوی ناو کۆمەڵی کوردەواری نەبون ) . ئەمەیان بۆ خۆ دەرخستن بو . بەڵام ئەوی پێشو زادەی نەبونی و واقعی کەمدەرامەتی ناو کۆمەڵگاکە بو . تازەکەیان نەک لە نەبونی و هەژاری بو بەڵکو نواندنی حاڵەتی هە ژاری بو لە لایەن داراو دەوڵەمانەکانەوە . واتە تەمسیلی هەژاریان دەکرد ، هەژار نەبون نواندنی هەژاریان دەکردە مۆدێل و خۆیان دەنواند .
هەرچەندە نواندن ( تەمسیل ) هونەرە و ئەوی کارەکەش دەکات هونەرمەندەو چەندان هونەرمەندی هەڵکەوتو و بەڕێزمان هەیە لەو بوارەدا . بەلام ئەم بەڕێزانە خۆیان دەزانن کە نواندن دەکەن و نواندندنەکەشیان بۆ دەربڕینی حاڵەتێک و هەڵسوکەوتی کەسانیک دەکەن کە ئەمان دەیانەوی تەمسیلی ئەو کەسە یان ئەو شەخسیەتەی ناو دەقەکە بکەن و بە خەڵکی بناسێنن . چاکترین نواندنەریش ( ئەکتەر ) ئەو کەسەیە کە بتوانێ بەرجەستەی کەسی ناو دەقەبکات وەک خۆی . کەسایەتیەکە ئەرێنی و باش بێ وا لە بینەر و تەماشاکەر بکات خۆشی بوێت و کەسایەتیەکە نەرێنی وخراپ بی وا لە تەماشاکەر بکات ڕقی لێبێتەوە و لە و کاتەدا لەبەردەستیدا بێ بیفلیقێنێتەوە . واتە ئەمان کاری هونەری نواندن دەکەن نەک خۆیان بنوێنن . واتە ئەو شەخسیەتەی ڕۆڵی دەبینن خۆیان نین و گەر شەخسیەتەکە خراپ بێ و وەک وتمان نەرێنی بێت کەسیان حەز ناکەن کەس وایان تەماشا بکات .
ئیستا ئەم خۆنواندنە پەڕیوەتە ناو سیاسەت و ئیدارە و بەڕێوەبردنەوە . خودی کاربەدەستەکە خۆی بودەڵە ، گەندەڵە ، ترسنۆکە ، بەلام خۆی پڤ دەکاتەوەو . فو دەکاتە خۆی و دەمێک دەیەوێ وەک سەرکردەیەک و وەک فریاد ڕەسێک خۆی بنوێنێ ، دەمیکی دیکە دەیەوێ وەک خزمەتکارێکی ئەم کۆمەڵگەیەو وەک دڵسۆزێک و وەک دەستپاکێک خۆی بنوێنێ . کاربەدەستێکی باڵای حزب و حکومەتە ، وەزیرێکە ، بەڕێوە بەرێکە ، خاکەنازێکی گرتوە بەدەستیەوە ، چاڵ هەڵدەکەنێ ، کۆنکریت تێدەکات ، نەمام دەنێژێ . بە قات و بۆینباخ و جلیی کوردی دوا مۆدێلەوە ، ئوتوی کراسەکەی نە ژاکاوە ، یەخەی کراسەکەی نەک چڵکن نەبوە و تۆزی لەسەر نەنیشتوە و بەڵکە بریقەی دێ ، عارەق مەعنا بە ناوچەوانیەوە نیە . دەیەوێ ڕۆڵی کرێکارێ یان جوتیارێ ببینێت ، بەڵام لێیان نایەت و فاشیلن لە تەمسیلکردنەکانیاندا.
ئائەمە خۆنواندن نەبێ چیە ! ئاخر بەڕێز تۆ دەتوانی نەک ڕؤژێ بەڵکو تەنها یەک سەعات وەک کرێکارەکە ئیش بکەی ؟ ناڵێین مەچۆرە سەرئیش بچۆ بەڵام تەمسیلی چینی کرێکار و جوتیار مەکە و خۆت مەنوێنە و لێت نایە ، چونکە تۆ درۆ دەکەیت کرێکار نیت و کرێکاریت پێناکرێ و هەستی خزمەتکردنی کرێکارو جوتیارەکەشت تیا نیە . گەر یەکێ لەوانە بیەوێ بتان بینێ بە دە ئیستعلامات ناگاتە لاتان . گەر ڕاست دەکەی لە شوێنی ئیش و نوسینگەکەی خۆتەوە پاداشتیان بکە لە کاتی ماندو بونا ، غەدریان لێ مەکە ، موچەکەیان لەکاتی خۆیدا بدەرێ .
یان کاربەدەستێکی سەربازی هەربۆ کامێراکە ، خۆی دەدا بە عەرزاو تەقە دەکات و لە ژیانیدا نە چۆتە سەنگەرەکانی پێشەوە . یان کاربەدەستێکی باڵایە خۆی دەکا بە چاخانەیەکدا و لە شوێنە گشتیەکاندا دەردەکەوێ ئەمە تەنها بۆ سەر شاشەی تەلەفزیۆن و بەر زومی کامیرایە و بۆ ڕیکلام پێویستتانە وکۆمەڵێ کەس و هاوبیری پێشتر ئامادەکراوی خۆتان و، لە شونێکی پێشتر دەستنشانکراوی خودی خۆتاندا کۆدەکەنەوە ، لە ژێر پاسەوانیەکی چری شاراوەدا . بەحساب چونەتە ناو جەماوەر و دەتانەوێ لە کێشەو معاناتەکایان تێبگەن .
دوبارە گەر ڕاست دەکەی دەتەوێ هاوکاریان بکەیت هەر لە ژورەکەی خۆتەوە دەتوانی فەرمان دەکەیت ، سەرە موچەکانیان بۆ هەژمار بکرێتەوە ، موچە بەندکراو و پاشەکەوتەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوە ، یان هەر هیچ نەبێ لەبری قەرزی ئاو و کارەبا یان هەر قەرزێکی دیکەی حکومی کەلایانە بۆیان بەربژێر بکەی . عەقدی ژێر بەژیری نەوت هەڵوەشێنیتەوە لە کاتی خۆیدا موچە بدەیت و واز لە قۆرغکاری ناوبازاڕ بهێنن . پارەی میلەت مەدەن بە ڤێلاو کۆشک و پاپۆرو ئەسپی گران بەها . منداڵەکانتان بۆ (عیدالمیلاد ) ێ مەنێرنە دەرەوە مەیان خەنە زانکۆی تایبەتەکانی خۆتان و بابە دەشیان خەن ، بەزۆر و بە ڕیز مەیان کەن بە یەکەم و دوەم با هەر وەک خەڵکە ئاساییەکە بن . لاسایی ( المرحوم ) کاکە عودەی مەکەنەوە ، کە (أیام زمان ) پۆلی شەشی ئامادەیی تەواوکرد ( ٩٩،٩٩ ) هێنابو ، لە وە دەچو لەو یەکەی دوای فاریزەکە غەدریان لێکردبێت ، گەر نا سەدی دەهێنا . هیوای دوا ڕۆژێکی پرشنگدارتان بۆ دەخوازین ، گەر خوا بە نسیبتانی بکات . ئەی کەلە خۆتان ڕازی و میلەت لێتان ناڕازی .