شکاندنی گۆشەگیری سەر (ئۆجەلان) بەرهەمی خەباتی مانگرتووانە
فوئاد زیندانی
2019-05-17   970
لەبابەتێکی پێشومدا بابەتێکم بەناونیشانی (مێژووی مانگرتنو زیندانیانی باکورو بێدەنگی باشور) بڵاوکردەوە، بەڵام لەم بابەتەمدا بەپێویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر مێژوی بەرهەمی خەباتی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی.
بەبیری خوێنەران دێنمەوە لەبابەتی پێشوم کە لەسەرەوە ئاماژەم بە ناونیشانەکەی کردووە، باسی مانگرتنی چەند کەسایەتییەکم لەڕوی مێژوییەوە کردبو کە لەبەندیخانەکاندا بەهۆکاری سیاسی مانیان لەخواردن گرتبو، لەوانەش(حەمید عوسمان) کە خەڵکی شاری هەولێر بوو لەسەردەمی ڕژێمی پاشایەتی زیندانی کرابو، هەروەها پۆلێک تێکۆشەری باکوری کوردستان( کەمال پیر، محەمەد خەیری دورموش، عەلی چیجەک، عاکیف یەلماز) لەساڵی ١٩٨٢ زیندانی کرابون دواتر شەهیدبون.
سەرەتا بە گرنگی دەزانم ئاماژە بە خاڵێک بکەم، ئەویش ئەوەیە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کە لە سەرەوە ناویان هاتووە، هەموو ئەوانەی لەو سەردەمەدا وەک زیندانییەکی سیاسی مانیانگرتبوو لە بارودۆخێکی زۆر هەستیار و لە ژێر ئەشکەنجەیەکی زۆر دژواردا ئەو چالاکیەیان ئەنجامدابوو، لەو سەردەمەدا پێشکەوتنی تەکنەلۆجی وەک ئێستا نەبوو، ئینتەرنێت و مۆبایل نەبووە، ڕاگەیاندن وەک ئێستا نەبووە، بیستنی دەنگیان لە ژوورە تاریکەکان کارێکی ئاسان نەبوو.
بەرهەمی خەباتی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە ڕووی مێژووییەوە بە مانگرتنی کۆچکردوو(حەمید عوسمان) دەستپێدەکەم.
کاتێک حەمید عوسمان بەتۆمەتی سکرتێری حزبی شیوعی عیڕاق لەسەردەمی شا فەیسەڵی دووەم شای عیڕاق، لەساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا زیندانیکرابوو، لەناو بەندیخانەدا ماوەی نۆزدە ڕۆژ مانگرتنی لەخواردن دەستپێکردبوو، شا فەیسەڵی دووەم زانیاری لەسەر مانگرتنەکەی ناوبراو هەبو، بۆیە بەمەبەستی کۆتایی هێنان بەمانگرتنەکەی حەمید عوسمان، ڕۆژێک شا بەیاوەری ژمارەیەک لەکاربەدەستانی ئەوسای عیڕاق سەردانی گرتووخانەکە دەکات، سەردانی ئەو بەشە دەکات کە چەند ژورێک لەتەنیشت یەکترن، شا فەیسەڵ بەزمانی عەرەبی بەئەنقەست سڵاوی لەزیندانیەک کردبو کە لەژورێک بەندکرابو، دوای ئەو سڵاوی لەزیندانییەکی تر کرد کە لە ژوورەکەی تری تەنیشتیەوەبو، کاتێک حەمید عوسمان هەستدەکات شا فەیسەڵ بەرەو ژوورەکەی ئەو دێت کە ژوری ژمارە یەک بو، بەتۆمەتی سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی عیڕاق تیایدا بەنداکرابو زنجیرێکی ئەستور لەقاچی کرابوو، بانگی پاسەوانێکی بەردەم ژوورەکەی خۆی دەکات و پێی دەڵێ(بڕۆ بەشا فەیسەڵ بڵێ، سڵاو لەمن نەکا، بەمن نەڵێ مەرحەبا، گاڵتە بەخۆی نەکا، چونکە وەڵامی نادەمەوە) پاسەوانەکەش خێرا بەرەو ڕووی شا فەیسەڵ دەچێتو پەیامەکەی پێڕادەگەیەنێت، شا فەیسەڵ تووڕە دەبێت، دەڵێ من تایبەت بۆ ئەوە هاتبوم سڵاو لەحەمید عوسمان بکەم، ئەگەر وەڵامی بداباوە دەستبەجێ ئازادم دەکرد! شا بەتوڕەیی دەڕوا. دواتر حەمید عوسمان لەبەرواری(١٩٥٤/٦/١٦) گرتووخانەی شکاند دەربازبوو، گەڕایەوە کوردستان لە ڕێگای هەولێرەوە گەیشتەوە شاخ ماوەی دوو مانگ بە نهێنی لە گوندی(گرتک) لە دۆڵی ڕوستێ نزیک چیای هەڵگورد مایەوە.
سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی باکوری کوردستان(کەمال پیر، محەمەد خەیری دوورمووش، عەلی چیچەک، عاکیف یەلماز) کە لە چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٨٢ لە بەندیخانەی شاری ئامەد مانگرتن لە خواردن تا مردنیان ڕاگەیاند، ئەو چالاکیە تەنیا مانگرتن نەبوو، بەڵکو بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی داپڵۆسین و ئەشکەنجەی دژوار و قڕکردنی زیندانیانی سیاسی و تەواوی گەلی کوردبوو کە لە سەردەمی سەرۆک کۆمار(کەنعان ئیڤرن) و فاشیستەکانی کۆدەتای دوازدەی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠ دژ بە گەلی کوردی باکور کورستان لە تورکیا پەیڕەو دەکرا. کەمال پیر خۆ ڕاگر بوو، بە جەللادەکانی ناو زیندانەکانی دەگووت، یەک ووشە لە من نابیستن دڵتان پێیخۆش بێت. خەیری دوورمووش پێش شەهیدبوونی ماڵئاوای لەهەڤاڵانی کرد، گووتی، لەسەر گۆڕەکەم بنووسن من قەرزداری گەلەکمم! کەمال پیر دوای پەنجا و پێنچ ڕۆژ مانگرتن، خەیری دوورمووش دوای پەنجا و هەشت ڕۆژ، عاکیف یەلماز دوای شەست و شەش ڕۆژ، عەلی چیچەک دوای شەست و حەفت ڕۆژ شەهیدبوون. ڕێبەری پەکەکە(عەبدوڵا ئۆجەلان) سەبارەت بەو پۆلە شەهیدە ووتەیەکی هەیە دەڵێ" چواردەی تەمووز بۆ گەلەکەمان و ئەو گەریلایانەی دەیانەوێت لە ڕوحی پەکەکە تێبگەن و سەربکەون، ڕێبازی تێکۆشانە".
شەهید (ساکینە جانسز- سارا) وەک زیندانییەکی سیاسی ژن، هەروەها(مستەفا قەرەسو) کە ئێستا ئەندامی کەجەکەیە، بەهەمانشێوە بەشداری ئەو بەرخۆدانە مێژووییە ببوون، بەرخۆدان و چالاکی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە گرتووخانەی ئامەد لەو کاتەوە تا ئێستاش بووە بە یەکێک لە هێڵە بنچینەییەکانی تێکۆشانی سیاسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باکوری کوردستان.
دوای سی و حەفت ساڵ، ئەو مانگرتنە سەرتاسەرییەی کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە تا نووسینی ئەم بابەتە بەردەوامە، حەفت هەزار زیندانی سیاسی کورد لە نۆڤێمبەری ساڵی ڕابردوو بە پێشەنگایەتی لەیلا گیوڤەن دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، درێژەدانە بە تێکۆشانە مێژووییەکەی مانگرتووانی چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٨٢.
چۆن مانگرتنی حەمید عوسمان لە باشوری کوردستان و عیڕاق، عەرشی پاشایەتی هەژاند، شا فەیسەڵی ناچارکرد سەردانی ناو زیندان بکات، چۆن مانگرتنی(کەمال پیر، خەیری دوورمووش، عاکیف یەلماز، عەلی چیچەک) و ساکینە جانسز، مستەفا قەرەسو ئیڕادەی فاشیزمی دەولەتی تورکیان تێکشکاند و سنورێکیان بۆ قڕکردنی کورد دانا، نەخشەی سەرکەوتنیان داڕشت، بوونە بنچینەی هێڵی تێکۆشان، بەهەمانشێوە مانگرتنی ئەمجارەش بەرهەمدار دەبێت و گۆشەگیری تێک دەشکێنێت و فاشیزم لە ناودەبات.
ڕۆژی دوی ئایاری ٢٠١٩، دو پارێزەری (ئۆجەلان) سەردانی ئیمڕاڵیان کردو دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامدا، بەڵام مانگرتووان هەر بەردەوامبوون لەمانگرتنەکەیان و لە (١٠) ئایار، گروپێکی پازدە کەسی زیندانی سیاسی مانگرتن تا مردنیان ڕاگەیاند بەگشتی(٣٠) کەس لەچالاکی مانگرتن تا مردن بەشدارن، ئەوەش دەسەڵاتی فاشیزمی حکومەتی تورکیای زیاتر تەنگەتاو کرد، بۆیە لە ١٦ ی ئایاری ٢٠١٩، وەزیری دادی دەوڵەتی تورک(عەبدولحەمید گول) لابردنی قەدەغەی دیداری(ئۆجەلان)ی ڕاگەیاند، وتی، لەمەودوا پارێزەران دەتوانن سەردانی ئیمڕاڵی بکەن، ئەوەش ئەگەر بەکردار جێبەجێبکرێ پارێزەران و خزمو کەس دەتوانن سەردانی (ئۆجەلان) بکەن. ئەو لێدوانەی وەزیری دادی تورک تێکشکان و پاشەکشەی فاشیزمی دەوڵەتی تورکە بەرامبەر بەخۆڕاگری و قوربانیدانی خەباتی زیندانیانی سیاسی و چالاکوانانی مانگرتوو، هاوکات سەرکەوتنێکی تری مێژوی خەباتی زیندانیانی سیاسی و چالاکوانانی مانگرتووە.