هەموو ساڵێک کە نزیک بە مانگی نیسان دەبینەوەو پێ دەنێنە نێو چواردەهەمین رۆژی ئەو مانگە، لاپەڕەی بەکارهێنەکانی سۆسیال میدیای وەک فەیسبوک و تویتەرو ئینیستاگرام، پڕ دەبن لەووێنەی کارەساتی ئەنفال، لەنێو سەرجەم ووێنەکاندا، ووێنەی ریزێک منداڵ دەبینین، کە وەستاون رووەو شوێنێکی ئاراستەکراو.
ئەم ووێنەیە بەبەردەوامی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەتەنێت، بەکارهێنەرانیش وەک ووێنەی (ریزگرتنی منداڵان لەکاتی ئەنفالدا بۆ مەرگ) ناوزەدی دەکەن، بەڵام راستینەی ووێنەکەو چیرۆکی پشت ووێنەکە، ریزگرتنی منداڵانی هەڵهاتوە لەمەرگ، ئەوان ریزیان گرتوە بۆ ژیان نەک مەرگ، وەک ئەو چیرۆکە باوەی کە بۆ ووێنەکە داتاشراوەو دەڵێت "ریزی مەرگ و خەندەی مەرگ"، زۆری وویست هەتا خاوەنی راستەقینەی ئەم ووێنەیەمان دەستنیشانکردو توانیمان بیدۆزینەوە، ئەوەش ئاسان نەبوو، بەڵکو لەڕێگای چەند هاوڕێیەکەوە، توانیمان خاوەنە راستەقینەکەی ئەو ووێنەیە دەستنیشان بکەین، ئەو لەڕێگای هەرسێ ئەکاونتی تایبەتی خۆی، لە (ئینیستاگرام و تیلیگرام و فەیسبوک)، نوسیویەتی "وەک بیرهێنانەوەو دڵنیاکردنەوەیەک، ووێنەیەک دانراوە بەناوی شاڵاوی ئەنفال، ئەو ووێنەیە ماوەیەکی زۆر بەناوی (ریزی مەرگ و خەندەی مەرگ)، دەستاو دەستیکردوە، بەڵام راستی ئەو ووێنەیە ئەنفال نییە".
بەدوای چیرۆکی پشتی ووێنەکە چوم و لەڕێگای هاوڕێیەکی ووێنەگرەکەوە بۆم دەرکەوت، خاوەنی راستەقینەی ووێنەکە (جاسم غچبانپور)ە، ئەو خەڵکی خوڕمشهرە لەئێران"، لە ساڵی ١٩٦٣ لەو شارە لەدایکبوە، لەساڵی ١٩٧٦ دەستی کردوە بەکاری ووێنەچرکاندن، وەک ووێنەچرکێنێکی لێهاتوو ناسراوە، لەشەڕی نێوان ئێران و عێراقدا، لەنێوان ساڵەکانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٨، چالاکانە کاری چرکاندنی ووێنەکانی ئەو جەنگەی کردوە.
دەربارەی چیرۆکی پشت ووێنەکە ئەوەم بۆ ئاشکرا بوو، ئەو ووێنەیە لەساڵی ١٩٨٨ چرکاوە، ئەوکاتەی خەڵکانی نێو گوندەکانی گەرمیان، لەدەست رژێمی بەعس هەڵهاتن و پەنایان بۆ ئۆردوگاکانی ئێران برد، یەکێک لەرۆژەکانی کۆتایی مانگی چوار، جاسم غچبانپور و ووێنەگری شەهید کاوە گوڵستانی، روو لەو ئۆردوگایە دەکەن بۆ ئەوەی ووێنەی ئاوارەکان بچرکێنن و لەڕۆژنامە ئێرانییەکاندا بڵاوی بکەنەوە جاسم غچبانپور لەبارەی چیرۆکی پشت ئەو ووێنەیەوە دەڵێت "ئەو رۆژەی ئەو ووێنەیەم چرکاند، منداڵان ریزیان گرتبوو بۆ ئەوەی خواردنیان پێبدرێت، ئەو ووێنەیە یەک دانەی بڵاوکراوەیە، لەکۆی دوو فیلمی ٣٢ ووێنەیی، لەهەمانکاتدا چەندان ووێنەی دیکەی ناخۆشی و ئاوارەیی کوردەکانی عێراق و ئۆردوگام لەلایە، هەتا ئێستا بڵاوم نەکردونەتەوە". دەربارەی ئەو چیرۆکە ناڕاستەی کە لەسەر ئەو ووێنەیە نوسراوەو دەڵێت " تکام وایە کە ئەم چیرۆکە راستەقینە لەمن وەربگرن، ئەوان ریزیانگرتبوو بۆ ژیان نەک بۆ مەرگ".
تاوەکو ئێستا، بەلاڕێدابردنی کەیسی ئەنفال، لەکەمترین ووڵاتانی جیهان توانراوە وەک جینۆساید بناسرێنێت، سەرباری کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێم و بونی ململانێێ حیزبی و کەوتنە ناو گەمەی شەڕی ناوخۆو شەڕی پلەو پۆستی حیزبەکان، لەهەمانکاتدا وەک پێویست نەتوانراوە ئیش بۆ کۆکردنەوەی ووێنەو بەڵگەکانی ئەنفال بکرێت، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە، لەکاتی خۆیدا حکومەتی بەعس، زۆربەی بەڵگەکانی وەک تۆماری ڤیدیۆو فۆتۆی چرکاوی ئەو کەیسەی لەناوبردوە، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە، کە دەبینین لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەواڵی فەیک و فۆتۆو ڤیدیۆی فەیک لەسەر ئەو کەیسە بڵاو دەکرێتەوە، چ بەزانین بێت یان بەنەزانین، ئەمە کارەساتە، کێشەیەکی گەورەیە لەسەر بەلاڕێدابردنی ئەو کەیسەو، لیخنکردنی گۆمی سیاسی ئەنفال.
یەکەم: ئەو ووێنەیەی کە بەناوی (ریزی مەرگ و خەندەی مەرگ) دانراوەو دەگوترێت منداڵانن کە ریزکراون بۆ مەرگ.
دوهەم: ووێنەیەکی دیکەی هەما روداو لەزاوییەی ٤٥ چرکاوە.
ووێنەی سێهەم: ووێنەیەکی دیکەی هەمان ئەو منداڵانە کە لەپشتی ریزەکەوە چرکاوە بەمەبەستی وەرگرتنی خواردن لە نێو ریزدا.
ووێنەی سێهەم: ووێنەیەکی جاسم غچبانپور.