دوو کێشە و چارەسەرێک
د. نیاز نهجمهدین
2021-10-31   650
کێشەی یەکەم/ لە وەهمی جەماعییەوە بۆ خەمۆکیی جەماعیی
من وا تێدەگەم ئێمە لە قۆناغی وەهمی جەماعییەوە گواستومانەتەوە بۆ خەمۆکیی جەماعیی. جگە لە کەوتنی وەهمەکانمان، شتی دیکەش هەن وایان کردووە توشی خەمۆکیی جەماعیی ببیین. مەبەستم لە وەهمەکانمان شتی وەک ئەو باوەرە پتەوانەیە ئێمە بە راپەڕین و حزبە شیوعیی و ئیسلامیی و عەلمانییەکان و سەرکردەکانییان و پەرلەمان و حکومەتمان هەبوو، دنیایەک شکستی ترمان هێنا و پەشیمانیی وا خەریکە داماندەڕزێنێت.
تیكەڵیش بوین بە دنیای تازە و لەوێشەوە دەیان دڵتەنگیی وەردەگرین، وەک: بۆ لایکمان ناکەن و بۆ شتی من شەیر ناکرێت و لە چ بازاڕێک چ کاڵایەک خراوەتەڕوو و من پێم ناکڕێت.
کێشەی دووەم/ لە مرۆڤی 'باش'ەوە بۆ مرۆڤی 'یاخیی'
مرۆڤی باش ئەو مرۆڤەیە بەپێی پێوەرەکانی چواردەوری دەجوڵێتەوە. خێزان، بنەماڵە، حزب، حکومەت، کۆمپانیا پێوەری خۆیان هەیە بۆ مرۆڤی باش و ئیشی تۆ ئەوەیە لەو پێوەرانە دەرنەچیت و نمرەی بەرز بهێنیت. یەکێک لە پێوەرەکانی خێزان ئەوەیە کە تۆ نمرەی بەرز بهێنیت، زوو لە هاوسەرگیرییدا دامەزرێیت، ئیشکەرێکی باش بیت لە ماڵدا (ئەگەر ژنیت!) و پارەپەیداکەرێکی باش بیت لە بازاڕدا (ئەگەر پیاویت!). لای حیزب ئەوەیە وێنەی سەرکردەکەت لە شوێنی ئیش هەڵواسیوە و راپۆرت لەسەر دۆست و ئەحبابی خۆشت بەرز دەکەیتەوە. مرۆڤی باش بەکاربەرێکی چالاکیشە لەوەدا بە دڵی کۆمپانیاکان دەجوڵێتەوە، فڕکان فڕکانی دوای سەیڵ (Sale) و داشکاندنەکانێتی. ئەم مرۆڤە وردە وردە بە ئەندازەیەک دەستەمۆی سیستمەکە دەبێت ئەگەر یەک لادانی بچوک بکات (وێنەکە داگرێت، یان کڕینی شمەکێکی لە کیس بچێت...هتد) خۆی هەست بە تاوان و گێلێتیی دەکات، هەندێ جار ئازاری ویژدانی ناهێڵێت چوار شەو و چوار رۆژ ئارام بنوێت.
مرۆڤی جڵەوکراو پەرتپەرت بووە، توانای هاریکاریی نییە لەگەڵ مرۆڤێک لە خۆی نەچێت (بەڵکو دوژمنایەتیی دەکات)، بەپێی خواستی سەروو خۆی دەجوڵێت و کۆتایی دێت کاتێک سەرۆکەکەی (رەمزەکەی) کۆتایی دێت. پێچەوانەی ئەم مرۆڤە، مرۆڤی یاخییە. مرۆڤی یاخیی بڕێکی کەمیش بێت خاوەندارێتی خۆی دەکات، قاڵبەکانی چواردەوری دەشکێنێت، لێ ناگەڕێت چۆنیان ویست ئاوای بەکاربهێنن، دڵەڕاوکێی ئەوەشی نییە فیدباکی لای دەزگا خەسێنەرەکانی کۆمەڵگە خراپە. بەکورتی مرۆڤی یاخیی کەسێکە هەمیشە لە هەوڵی کردنەوەی روبەری ئازادیی و سەربەخۆییە لەبەردەم خۆی و کۆمەڵگەکەی، ناهێڵێت سیستمەکە بیهاڕێت. مرۆڤی ئازاد و یاخیی ئامادەی هاوکاریی یەکترە بێ مەرجی 'لەیەکترچون'، بۆی گرنگە ژینگەکەی پاک بێت و توانای گۆڕانکاریی بەرەو باشتری هەیە.
ئێمە لە یەکەممان زۆرە و لە دووەم کەم.
چارەسەرێک/ لە هێزی حزبەوە بۆ هێزی ناحزب
هەژار و کرێکارانی ئێمە ئەوە نەبوون کە مارکس باسی دەکردن گوایە لە زنجیرەکانی دەستیان زیاتر شک نابەن، بۆیە شۆڕشگێڕ دەبن و هەر ئەوان دنیا دەگۆڕن. شۆڕشگێڕبوون شەهادەتێک نییە بدرێت بە کەم دەرامەتان، بەڵکو دەبێت سەرەتا تەحەمولی کۆیلایەتیی خۆت نەکەیت. لەولاشەوە تاک بە تەنیا هیچی پێ ناکرێت.
بە تەنیشت قسەکردن لەسەر دروستکردنەوەی مرۆڤی یاخیی و ئازاد، رام وایە پێوستمان بە جیلێکە مەیدانیی بن، تەنها لە بیرکردنەوەدا چەق نەبەستن، متمانەیان بە توانای خۆیان هەبێت و سیفەتەکانی سەرکردایەتییکردن لە خۆیاندا بەهێز بکەن. بەڵام بییر لەوە دەکەمەوە کە ئەگەر ئەم جیلەش ببەینە ناو حزب، ئەوا وەک جیلی ئێمە (١٩٧٠کان و خواتر) شەکەت و ماندوو، سەرلێشێواو و روخاو دێنە دەرەوە، هەندێکیشیان هەڵپەی پۆست و ناسینی مەسول داگیریان دەکات.
شتێکی جیاوازترمان لە حزب پێویستە.
هێزێک لە دەرەوەی حزب و دەوڵەت دروست ببێت. ئامانجی ئەم هێزە لیستی پەرلەمانیی نەبێت و پێویستیش ناکات هێزێکی ئەبەدیی بێت یان خەونی زەبەلاحی هەبێت (مەسەلەن دنیا ئەڕوخێنین!)، بەڵکو چەند ئامانجێکی هەبێت (لەوانە نەیاربون بە کەلتوری سیاسیی باو). دەکرێت تەنسیقی لەگەڵ گەنجانی عێراقیش هەبێت مادام بێ ئەوان روبەڕوبونەوەی دەسەڵات ئاسان نابێت. لەگەڵ هێنانەدی ئامانجەکانی، دەکرێت کۆتایی بێت.
بە تەسەوری من، دنیای ئێمە بەبێ جیلێکی ئیشکەر کە هەڵە و کەموکوڕییەکانی ئێمە تێپەڕێنن، زۆر درەنگ لەم چەقینە رزگاری دەبێت. جیلێکی لەم چەشنە ئەستەم نییە، تەنها هێنانەدی چەند ئامانجێکیش بەسە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ متمانە بە تواناکانیان دروست بکەنەوە و باشکردن بخەنە شوێنی سەرهەڵگرتن. جیلی ئێمە و بەتەمەنتریش لە توانایدایە پشتیوانیان بێت و بێڵێک بخاتە ئەم کێڵگەیەوە.