ئێوارە پایزێکی ساڵی (٢٠١١) بەڕێکەوت لەگەڵ هاوڕێی ئازیزو بەرێزم مامۆستا ( عومەر مەعروف بەرزنجی) لە بەر سەرا یەکانگیر بوین، پاش چەند دەقیەیەک هاورێی ئازیزی هەردوکمان مامۆستا ڕەوف عوسمانیش پەیدا بوو هەندێ قسەوباسمان کردو پاشان ڕێکەوتین پیاسەیەکی سەرچنار بکەین،مامۆستا عومەر باسێکی دامەزراند ، کە گوایە لە تەرەف بڵاوکراوەی ئەدگارەوە کە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ چاپی ئەکرد داویان لێکردوە کە ژمارەی ئەمجارەیان بۆ ئەو تەرخان بکەن، دەستبەچی مامۆستا ڕەوفو بەندە هانمان دا، هەر خۆی سەرپەرشتی بکاو هاوڕێکانی ڕابسپێرێ هەرکەسەو بابەتێک لەسەر، نوسینەکانی بێت یان کەسێتی خۆی یان یادەوەریەک یاخود ڕەخنەیەک، نوسینێکی گونجاو بەو بڵاو کراوەیە ئامادە بکات، بەندە بابەتێکم نوسی بە ناونیشانی ( بەهۆی مامۆستا (چێوارە )ەوە ناسیم، تەنانەت لەیادمە بە دەست نوسیم ، لەوێ خۆیان تایپیان کردبو، کاتێک پیشانی مامۆستا شێخ عومەرم دا، فەرموی زۆر بەدڵمە چونکە ڕاسگۆیانە نوسیوتە، مامۆستا ڕەوفیش شتێکی خۆشی نوسیوە، بە ناونیشانی ( ڕۆژی قیامەت)، ئیتر کەوتینە چاوەڕوانی ئەوەی کە بەکڵی ئەدگار و بە قەڵەمەکەی مامە شێخ چاومان بڕێژین، بەڵام مەخابن کاتێک سۆراغیمان کرد دیاربوو شەوەی سانسۆر پێش ئەوەی ناوکی ببڕرێ هەڵی لوشیبو، پیم وابێت هۆکاری بڵاو نەکردنەوەکەشی وەک مامۆستا عومەر خۆی باسی لیوە کرد، لە دوا لاپەڕەدا نوسینێکی گلەیی ئامێز بوو، کە خودی خۆی نەسیبوی، ئێستاش پاش زیاتر لە چواردە ساڵ بەندە پەتی چاوەڕوانی ئەپچرمو بابەتەکەی خۆم بڵاو ئەکەمەوە بەو هیوایەی مامۆستا شێخ عومەری ئازیز، بەجۆرێک لە جۆرەکان بە نامیلکەیەک بێت یا خود بە زنجیرە لە ماڵپەڕی ئاوێنەی ئازیزدا بڵاوی بکاتەوە ، فەرمون ئەوەش دەقی بابەتەکەبەهۆی مامۆستا(چێوار)ەوە ناسیم
بەهۆی مامۆستا (چێوار)ەوە ناسیم
دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
پەندێکی ڕوسی هەیە دەڵێت: (پێم مەڵی کێیتو کوڕی كێیت، ناوی دوو هاوڕێتم پێ بڵێ تا بتناسم). لەکۆتایی ساڵانی حەفتاکان و ڕۆژانی دواتردا، زۆرجار بەکتێب یان لەڕۆژنامەو گۆڤارەکانی وەک (نوسەری کوردو ڕۆژی کوردستان و بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و پاشکۆی عێراقدا)، هەندێ بابەتم دەبینی سەبارەت بەڕەخنەو لێکۆڵینەوەو بابەتی ئەدەبی، بۆ نمونە نامیلکەی (لێکۆڵینەوەی هونەری یان هەڵبزکاندن) کە ساڵی (١٩٧٨) بڵاوی کردەوەو ڕەخنەیەکی بەهێز بوو لەکتێبی چیرۆکی هونەری کوردی (حسێن عارف)یان کتێبی (لێکۆڵێنەوەو بیبلۆگرافیای چیرۆکی کوردی)یان ئەو بابەتە ڕەخنەییانەی سەبارەت بەدیوانی مەحوی و کاروانی شیعری نوێی کوردی کاکەی فەلاح و بیبلۆگرافیای نەریمان و دیوانی سەفوەت و زۆری تر کە ئەمانە بەهۆی وردی بابەتەکان و ڕاستگۆییانەوە سەرجەم بونەتە مایەی ڕامانو سەرنجم، دواتریش نوسینێکی بێویژدانانەم لەگۆڤاری نووسەری کورددا بینی کە پەلامارێکی ناڕەوا بوو بۆ سەر نووسەری ئەو بابەتانەی کە ئاماژەم پێدان، ئەم بابەتانە بوونە هۆکارێک کە حەز بکەم ئەم نووسەرە ببینم، هەر لەو سەردەمەیشدا ئەم ناوەم لەسەر هەندێ کتێبی وەرگێڕراوی قۆناغی ئامادەیی بینی، وەکو جوگرافیای ئابوری پۆلی شەشەمی ئەدەبی و کۆمەڵزانی و فەلسەفەی پۆلی پێنجەمی ئەدەبی، کە لەگەڵ چەند کەسێکی تردا وەریانگێڕابووە سەر زمانی کوردی.
ڕۆژێک لەبەردەرکی سەراداو لەگەڵ هاوڕێی هەرگیز لەیادنەچوم خوالێخۆشبوو (عوسمان چێوار)، ئەو نوسەرمان بینیو کاک عوسمان پێی ناساندم، بەڵام ئەو جارە پێناساندنەکە سەرپێی بوو، ئەوکاتە سەرنجمدا لەگەڵ وێنەکەی خەیاڵی خۆمدا زۆر جیاواز بوو، پیاوێکی میانە باڵای ڕانکوچۆغە لەبەری هێمن، بەردەوام بەجلی کوردیەوە دەمبینی تا ڕاپەڕین هەربەیەک ستایلی نەگۆڕەوە، بەڵام دوای ڕاپەڕین ئیتر بەجلی کوردیەوە نەمدی، نازانم بۆ؟ ڕۆژێک لەبەهاری (١٩٩٥)دا دیسانەوە لەگەڵ خوالێخۆشبوو (چێوار) بەدیداری شاد بوومەوە، بەڵام ئەمجارەیان پەیوەندیەک لەنێوانماندا دروست بوو، چونکە بۆ کارێک چووبووین بۆ ساغکردنەوەی چەند بابەتێک کە پەیوەست بوو بەمێژووی سلێمانیو هەندێ بابەتی کەسایەتی کلتوری شار، زانیاریەکانی ئەو تێرو پۆشتەو بەدۆکۆمێنت بوو، ئیتر تا پێگەیشتنی شانۆنامەی (ئەحەی کڕنوو) ١٢/١٠/١٩٩٥ ئەم جۆرە دیدارانە بەردەوام بون.
مامۆستا چێوار لەڕۆژگاری پێشکەش کردنی شانۆنامەی (ئەحەی کرنوو)دا سەرۆکی تیپی پێشڕەو بوو بەندەیش ژمێریاری تیپەکە بووم، ئەو ساڵانە ئاستی بژێوی و دارایی خەڵکی ئەم دەڤەرە داڕوخاو بوو، ئەو بەرهەمە هونەریە داهاتێک بوو بۆ ئەندامانی تیپ و هەندێک هونەرمەندی هاوڕێمان تاڕادەیەک کۆمەکێکی خراپ نەبوو. خوالێخۆشبوو هەر بە(دڵە) بانگی دەکردم نەک (دلاوەر)، ڕۆژێکیان وتی دڵە ئەزانیت بۆچی (شێخ مەحمود) کەریمی ئەلەکەی کردبووە وەزیری دارایی؟ منیش وتم نەخێر... وتی چونکە پارەو پێڵاوەکانی لەلایەک بوو، ئێمەش هەر بەو هۆیەوە تۆمان کردوە بەخەزنەداری تیپەکەمان، منیش سوپاسم کرد ئینجا وتی: تۆ هەفتانە پارە ئەدەیت بە ئەکتەرەکان ، ئەم جارە مامۆستا عومەرت بیرنەچێت ،وتم چۆن ، ووتی ئەو ئەندامی فەخری تیپە، ووتم بە چاوان .پاشان بڕێک پارەم بۆ دیاریکرد وبە مامۆستا( چێوار)م وت ئەو بڕە پارەیە باشە ؟ وتی بەڵێ ،ئینجا بە دووقۆڵی بۆمان برد بەڵام وەری نەگرت ، هەرچەندە دەشمانزانی کە لە ڕووی داراییەوە باش نیە و تەنانەت مووچەی مامۆستاییەکەشی بڕرابوو، سێجار ئەم کارەمان دووبارە کردەوە ،ئینجا(کاک چێوار) وتی: تۆ هەموو ڕۆژێک خواردن بۆ ئێمە ئەکڕیت ، با ئەم چەند ڕۆژەخواردنەکەمان لەسەر ئەو پارەیە بێ و کردی بە قسەی خۆش گاڵتەو یەک جار لێی وەرگرتین ، لەو کاتەوە بە هۆی مامۆستای خوالێشبووەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە یەکتر نزیک دەبوینەوە ،سوود مەندی یەکەمیش بەندە بوو. دوای کۆچی لە ناکاوی مامۆستا (چێوار) کە گورزێکی جەرگبڕبوو بۆ تیپەکەمان بە گشتی و بۆ بەندە بەتایبەتی، چونکە زۆر لێیەوە نزیک بووم هەمیشە بەنمونەو بەهای باڵای خۆمم زانیوە، ئیتر مامۆستا عومەر بێ (چێوار)ی پێوە دیاریداو تەنانەت یەکەم کەس مامۆستا عومەر لە(کوردستانی نوێ)دا بەوپەڕی وەفاوە بابەتێکی جوانی لەسەر نووسی، لێرەدا حەز ئەکەم ئەوەیش بڵێم کە دڵناسکی مامۆستا عومەر باس ناکرێت من لایخۆمو لەگەڵ چەند دۆستێکیشدا باسمان کردوە، لەبەرئەوەی خۆی کەسێکی ڕاستگۆو یەک ڕووە هەمیشە لە خواروخێچی توورە دەبێت. لەگەڵ ئەمانەیشدا قسەو هەڵسوکەوتی دانسقەشی هەیە، ساڵی (١٩٩٨) بەندەو مامۆستایان (ڕەوف عوسمان)، (عومەر بەرزنجی) ئێوارەیەک سەرێکمان لەسەرچناردا، دیارە ئوتومبێلەکە هی من بوو لەجۆری (مرسیدس) لەکاتێکدا ئوتومبێلەکەم ڕاگرت و دابەزین، سەیرمان کرد کە عەلاگەکەی لەئوتومبێلەکە دەرهێناو گرتی بەدەستیەوە، وتمان ئەوە چیە؟ بۆ لەگەڵ خۆت هێنات، وتی نەک ئۆتوموبیلەکەت بدزن، تۆ ئۆتوموبیلەکەت بۆ دەکڕریتەوە، بەڵام من ئەو بەڵگانەم دەستناکەوێتەوە کە لەناو عەلاگەکەدایە، هەموو دەستمانکرد بە بەپێکەنین.
ساڵی ١٩٩٦ مامۆستا عومەر ڕایسپاردم کە نامەیەکی بۆ بگەیەنمە دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد، لەبەر خراپی ڕێگای بەغداو ناڕەحەتی و بازگەکانی ، نامەکەم لەبەرکرد لەوێ بە تەلەفۆن بۆ دکتۆر کەمالم خوێندەوە، بۆ بەیانی دکتۆر ئەو دۆکۆمێنتانەی بۆ هێنام کە مامۆستا عومەر داوای کردبوو بەم هۆیەشەوە دکتۆر کەمالم ناسی. جارێک ڕایسپاردم هەندێک کتێبی لە هەولێرەوە لای دکتۆر مارف خەزنەدارەوەبۆ بهێنم هەر بەو هۆیەوەشەرەفی ناسینی( دکتۆر مارف)م پێبڕا.لەکاتێکدا سەرقاڵی ئامادەکردنی کۆی بەرهەمەکانی خوالێخۆشبوو (فازیل محەمەد عیرفان ) بوو کە لە قۆناغی ناوەندیدا بەڕێوەبەرو مامۆستای زمانی ئینگلیزیبووە (پەری) خانی کچی مامۆستام پێناساند و بەو هۆیەوە کۆمەڵێ وێنەی دەگمەنی کەوتە دەست هەر بۆئەم مەبەستەش لەگەڕان و پەیداکردنی هەندێ (دۆکۆمێنت)ی ئەدەبی و مێژوویی سەبارەت بە مامۆستا (فازیل) و بابەتی تریشدا هاوکاری بووم ئەوەی مایەی وەفایشە لە بەرهەمەکانیدا ئاماژەی بەم ئەرکە بچوکەی من کردووەو سوپاسی کردوم.
شانازیەکی تری مامۆستاعومەر ئەوەیە کە هەموو ماڵ وحاڵ و زەوی و سەرمایەکەی پێکهاتوە لە کتێب، لەکتێبیشدا دەستی توندو نوقاوە، نەک لەبەر هیچ شتێک بەڵکو لەبەر نرخ و بایەخی کتێب، بەڵام من لە کتێبخانەکەیدا ئازادم کە دەست بۆ چ کتێبێک دەبەم، ڕەنگە ئەمەش بۆ کەس نەلوا بێ زۆر جار دەیبینم سەرقاڵی نووسینی لێکۆڵینەوەیەکە یان ئامادەکردنی کتێبێکی تایبەتی بۆ چاپکردن، لەم کاتانەدا هەستم بە ماندوبون و تەنانەت توڕەبوون و ناڕەحەتی کردوە، هەر کاتێکیش لە نوسینەکەی بووبێتەوە یان کتێبەکەی ئامادە کردبێ یان بە چاپی گەیاندبێت ئەوا ئارام و لەسەخۆبووە.
بەش بە حاڵی خۆم بە مایەی شانازی دەزانم کە مامۆستا عومەر مەعروف بەرزنجی هاورێیەکی نزیکمە و دڵیشمان بە یەک دەکرێتەوە و دەڵێم( چێوار) هەزار ڕەحمەت لە خۆتو مەزاری پیرۆزت کە هاورییەکی وا دڵسۆزت بۆ بەجێ هێشتم.