ساڵی (٢٠١٢) پەرلەمانی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد کە گوایە سلێمانی ئەکرێتە پایتەختی ڕۆشنیری کوردستان، بەندە ئەو ڕۆژگارە تێبینی زۆرم لەسەر ئەو پرسە هەبو، هەربۆیە بابەتێکم لەڕۆژنامەی ئاوێنەی ژمارە (٣٥٥)ی ڕێکەوتی سێشەممە ڕۆژی ١١/١٢/٢٠١٢دا بڵاو کردەوە لەژێر ناونیشانی (خۆزگە نەتانکردایە). هەرچەندە دڵنیام هیچ کاربەدەستێکی پەیوەندیدار نەیخوێندۆتەوە، ئەوا جارێکیتر دیاردەیەکی ناشیرینتر، بەرۆکی سلێمانی گرتوەو کەس خۆی بە بەرپرس نازانێت لەئاستیدا، ئەویش سڕینەوەی مێژوو کەڵچەرەکەیەتی لەژێر پەردەی نۆژەنکردنەوەدا.
دیارە بازرگانی چاوچنۆک بەناوی نۆژەنکردنەوە سەدان خانوی کۆنی ئەم شارەیان وێرانکردو سڕیانەوە، کە ئەمەیان بەری بەئێمە ناگیرێت، بەدیاریکراویش ئەو وێرانکارییە بەرۆکی مزگەوتەکانیشی گرتوە، بەبێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ میژووی شار یان مزگەوتەکە بکرێت.
ئەمجارەش دێینە دەنگ بەڵکو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، کاربەدەستان بەچاوی لوطفو عەطفەوە بڕواننە شار، بەزەییەکیان بەسلێمانیو بەپایتەختی ڕۆشنبیریدا بێتەوە، ڕاستە سلێمانی شارێکی گەنجەو تەمەنی مێژوەکەی ناگاتە (٢٥٠) ساڵ، بەڵام خاوەنی مێژویەکو کەڵچەرێکی تایبەت بەخۆیەتی، بەشێک لەو کەڵچەرە هونەری بیناسازییە کە لەمزگەوتاکانو شوێنە گشتیەکانیدا وەک گەرماوو قوتابخانەکان، ماڵی شاعیرانو پیاوماقوڵانو بازاڕەکاندا بەرجەستە بوە، هەربۆیە پاراستنیان لەئەستۆی وەزارەتی ئەوقافو وەزارەتی ڕۆشنبیریو بەڕیوەبەرایەتی شوینەوارو پارێزگاو شارەوانیەکاندایە.
ئایا دروستە هەروا بەناوی نۆژەن کردنەوەو شوێنەوارو کەڵچەری شارێک لەبەر بەرژەوەندی چەند کەسێک بسڕینەوە، کە مەبەستو نیازی نۆژەنکاران بووە بەجۆرێک لەبزنسو پارە پەیداکردن.
من لێرەدا ڕونکردنەوەیەک ئەدەم کە پێویستە جێگەی سەرنجی بەرپرسان بێت، چەند کەسێک بەناوی ئاییندۆستیو خێرخوازییەوە داوایەک پێشکەش ئەکەن بەلایەنە پەیوەندیدارەکان، کە گوایە ئەیانەوێت فڵانە مزگەوت نۆژەن بکەنەوە لەسەر خەرجی خۆیان، سەیرەکە لەوەدایە کوتوپڕ مۆڵەتیان ئەدرێتێ بێئەوەی لایەنە نەرێنیەکانی ئەو پرۆسەیە تاوتوێ بکرێت، بێئەوەی پرس بەکەسانی پسپۆر لەبواری کەڵچەرو مێژوودا بکرێت، بۆ نمونە مزگەوتی شێخ محەمەدی بەرزنجی لەسابونکەران کە تەمەنی لەگەڵ تەمەنی شارەکەدایە، ئەوانەی ئەو مزگەوتەیان دیبوو باش ئەزانن کە هونەرێکی بیناسازی ناوازەی تیا بەکارهاتبوو، لەپڕێکدا بەناوی نۆژەنکردنەوەوە کەڵبەی شۆفڵی لێگیرکراو تەختو تاراجی تێکدراو لەگەڵ زەوی تەخت بوو، بینایەکی بەخشتو چیمەنتۆ لەجێگەکەی قوتکرایەوەو منارەیەکی تەنکەی تێچەقێنرا!
هەرچەندە بەندە ئەهلی مزگەوت نیم، بەڵام مزگەوتەکانی شارەکەم پیرۆزی خۆیان هەیە لەلام، جێگەی ڕێزن، جگە لەبەجێهینانی ئەرکە ئاینیەکان بەجێگەیەکی گشتی دانیشتوانی گەڕەک ئەژمار ئەکرێت، هەرەوەها ڕۆژێک لە ڕۆژان نەک هەر فێرگەیەکی ئاینی بوە، بەڵکو فێرگەیەکی ئەدەبیو کلتوری کۆمەڵایەتیو بگرە سیاسیش بون، وێڕای ئەوەی ئەو مزگەوتانە بەدارو دەرو دیوارو دەرگاو درەختو فەرشە رەنگاورەنگو کەشە دڵفڕێنو ئارامەکانیانەوە یادەوەریی نەوە لەدوای نەوەمانی پڕ کردووە لەوێنەی جوانو یادگاری سەرنجڕاکێش.
بۆ نمونە، چ هێزێک ئەتوانێ دیمەنی سیحرئامێزی حەوزی ماسییەکانی مزگەوتی حاجی حان لەیادەوەریماندا بسڕێتەوە؟! چ کارەساتێکە کە لەجێی ئەو ئاوە روونو ماسییە رەنگاورەنگانەی رۆژگارێک دەچووین لەجوانیەکانی رادەمایینو ساڵانێکی زۆر دیمەنێکی سەرنجڕاکێشو جیاوازیان بەو مزگەوتە دێرینە بەخشی بوو، ئێستا جێی ئەو حەوزی ماسیە رەنگاورەنگو درەختە بەژن زراڤانەی حەوشەی پڕ لەتەلیسمی جوانی ئەم مزگەوتە، یەکپارچە بەکۆنکرێت داپۆشراوە؟!
لەناو هەر میللەتێکی زیندووی دنیادا ئەم شێواندنو جوانکوژییە دەرهەق بەکەڵچەرو بینا دێرینو تێکدانی ژینگەی پاکو ئارامی شارێک بکرایە، وەک لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرامبەر بەسلێمانی کرا، هەروا بەبێدەنگی تێنەئەپەڕیو هەرای لەسەر دەنرایەوە.
سەیرەکە لەوەدایە هەندێک لەو مزگەوتانە کە تێکئەدرێن کە گوایە خێرخوازان ئەرکی نۆژەن کردنەوەی لەئەستۆ ئەگرن، بەڵام کاتێک دەست بەکارکردن ئەکەن لەسەر لافیتەیەکی گەورە وردەکاری پرۆژەکەیانی تیا ڕون ئەکەنەوە، لەپاڵیا داوای کۆمەک لەخێرخوازان ئەکەن بۆ تەواو کردنی مزگەوت، ئەمە ئەبێتە بزنسێکی باشو کاتێک لەکارەکەیان ئەبنەوە بڕکی باش پارە قازانج ئەکەن، ناوبانگیشی پێ پەیدا ئەکەن کە گوایە خێرخوازانو ئەهلی مزگەوتیشن.
ئەمە جگە لەبەخشینیشیان لەباج، هەربۆیە جێی خۆیەتی کە بەبیری لایەنە پەیوەندیدارەکانی بخەینەوە سنورێک بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت شوێنە مێژووییو کلتوریەکانی شار کە لەڕووی لەتایبەتمەندی بیناسازییەوە شوناسو ناسنامەی ئەم شارەن، لەفەوتان ڕزگار بکەن. بەتایبەت مزگەوتە دێرینەکان، کڵێسای تەرسا نەژادەکانو گشت پەرستگا دێرینەکانی ئایینزاکانی تری کوردستان، سنورێکو پلانێکیش دابنرێ بۆ دروستکردنی مزگەوتو پەرستگای نوێ، بەو هیوایەی هەنگاوی جدی بنرێت بۆ ئەو پرسە.