ئەتوانین بۆ هەمو کایەو بوارێک لەژینگەکەی بڕوانین، ئەو ژینگانەی ئەمڕۆ تێکچونو پاک نین زۆرن، ژینگەی بازرگانی، سیاسی، هونەری، کۆمەڵایەتیو زۆری تریش، بەڵام ئەو ژینگەیەی بەندە ئەیەوێت بیخاتە بەر دیدی خوێنەرو دەسەڵاتو نیشتمان دۆستان، ژینگەی سروشتو وڵاتەکەیە، کەسێک نیە لەم کوردستانەدا نەزانێ کە چەند قوربانی دراوە لەپێناوی ئەم قومە ئازادیو سەربەخۆییەدا، هەمیشە کوردستانمان لا پیرۆز بوە، لەپێناویدا گەلی کورد گەورەترین قوربانی بۆ داوە بەڕۆحو گیان لەخزمەتیدا بوە. هەر بۆیەش ڕۆژانێک (کوردستان یان نەمان) دروشمی هەموان بوو، باش ئەزانین خۆڵو خاشاک بوە بەقەیرانێک ئەگەر بەزووترین کات فریای نەکەوین، ڕەنگە لەماوەیەکی کورتی داهاتودا چارەسەرکەی ببێتە مەحاڵو لەکۆنترۆڵ دەرچێت، ڕاستە بەجۆرێک لەجۆرەکان ناو سەنتەری شار چارەسەرێکی نیوەو ناچڵی بۆ کراوە، بەڵام خۆزگە کاربەدەستانی وڵات کەمێك جامی ئۆتۆمۆبێلەکانیان ڕون ئەکردەوە تۆزێ لەشار دور ئەکەوتنەوە بۆ ڕێگاکانی سیتەکو دوکانیانو مێرگەپانو قەرەداغو هەمو ئەو ڕێگایانەی کۆشکو باخەکانی لێیەو بەچاوی خاوەن ماڵێکی دڵسۆز سەرنجیان لەو کارەساتە بدایە، چۆن ژینگەی ئەم وڵاتە بەدەستی ئەنقەست بەرەو داڕمانێک ئەڕوات کە دوژمنیش ئیرەیی پێنابات.
هەرچەندە بەندە نزیکەی دە ساڵێک بەر لەئێستا ئەم کێشەیەم خستۆتە بەردەم دەسەڵات لەرێگەی چەندین نوسینەوە، ئێمە لەم وڵاتەدا خاوەنی حکومەتینو دەستەی ژینگەمان هەیە بەدەسەڵاتی وەزارەت، وەک تاکێكی کۆمەڵ لەو دەزگاو دەستەیە ئەپرسین داهاتێکی زۆر کۆئەکەنەوە لەڕێگەی ساڵانەی ئوتۆمبێلەوە، هەمو ماڵێک مانگانە لەدەرگاکەی ئەدەنو بڕێ پارەی لێوەرئەگیرێ، هەمو دوکانو شوێنە بازگانیەکانو هۆتێلەکان بەهەمانشێوە، چەندین جۆر داهاتی تریش بۆ نایخەنە خزمەت کۆکردنەوەی خاشاکەوە، سەیرەکە لەوەدایە کۆمپانیایەک پارەی خۆڵوخاشاک کۆئەکاتەوە جیاواز لەو کۆمپانیایانەی ئەرکیان کۆکردنەوەی خۆڵو خاشاکە، یان ئامادەن لەسەر نەمامێکی بچوک غەرامەی ماڵێک بکەن، بەڵام کاتێک بۆ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لایەکی دارستانێک بە بەرچاوی شارێکەوە ئەبڕدرێتەوەو کاول ئەکرێ، گوێمان لەیەک وشەی ئەو دامەزراوەیە نابێت، جێی خۆیەتی بەلایەنی بەرپرسو دەسەڵات بڵێین کوردستان هی هەموانە، بەرپرسیارێتی گەورەش لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە. کار وا بڕوات وڵاتەکەمان ئەکەوێتە بەر قەیرانێکی ترسناکەوە، پسپۆرانی ژینگە پێیانوایە هەندێ لەو ماتریاڵانەی کە وەک پلاستیکو پێکهاتەکانی نزیکەی پێنچ سەد ساڵی ئەوێت تا شی ئەبێتەوەو لەناوئەچێت، ئەوساش شی بونەوەکەی ئەبێتە مەترسیەکی تر کاتێک تێکەڵی زەوی ئەبێت، کورد واتەنی (عوزر لەقەباحەت خراپتر).
ئاشکرایە لەولاتە پێشکەوتوو خوداپێداوەکاندا خاشاک بوە بەبزنسو وەبەرهێنانی تیا ئەکرێت، ژووری بازرگانی لەم بوارەشدا هەوڵی خۆی داوەو لەساڵی (٢٠١٢)دا چەند کۆمپانیایەکی سویدی بانگهێشتی کوردستان کرد بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بەداخەوە ئەو هەوڵە لەباربرا.
بەڕێزان ئەو بوارە ئەگەر بەچاوی بزنسیش لێیبڕوانن وەبەرهێنانێکی گەورەیە، ئەوە ماوە بڵێین بیکەن بەخاتری ئەو کوردستانەی گەورەترین قوربانی لەپێناویدا درا (ئەم نیشتمانە هی هەمومانە.... با نەبێت بەزبڵخانە).