ئێوە گێلن یا خۆتان گێل ئەکەن؟!
دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
2020-12-10   1110
ئەمڕۆ ئەوەندەی نەماوە باشوری کوردستان نزیک
بێتەوە لە سی ساڵ حوکمی بەناو کوردی کە
لەلایەن دوو بنەماڵەوە قۆرغ کراوە ، بوەتە کۆمپانیایەکی گەورە بۆ وەبەرهێنان و
بازرگانی نەک بۆ حوکمڕانیەک کە میلەتی بە خەیاڵدا بێت و لانی کەمی دادی کۆمەڵایەتی
ڕەچاو بکات بەڵکو ئەوی کە پەراوێز خراوە میلەتە ! لەم ماوەیەدا کە زیاتر لە چارەکە
سەدەیەکە میلەت هاوار ئەکاو دەسەڵات نایبیستێ ، هەر لە سەرەتای ڕاپەڕیندا تاڵانی دەستی پێکردو بە ئاشکرا بەرپرس بەلایەکو
حیزب بەلایەکو دەستو پێوەن بەلایەک لە تاڵانکردنی بەنداوی بێخمەوە تا فەرمانگەو
دامەزراوەو کارگە حکومیەکان تا ئاودیوکردنی شوفڵو ئامێرەکان ، تەنانەت دزیو
تاڵانکردن نەخۆشخانەو کەرتی تایبەتیشی نەبوارد ، تا کار گەیشتە ئەو ئاستەی لەسەر
پارەو دەسەڵاتو خۆ دەڵەمەندکردن ، شەڕی نەگریسی ناوخۆتان دامەزراندو بە هەزاران ڕۆڵەی
فەقیرو هەژارانتان دا بەکوشت ، لە کۆتاییشدا وەک مو لەماست دەربێنی خۆتان لێ
بێبەری کردو تاوانی ئەو هەموو ماڵوێرانیەتان کردەوە بە بەرۆکی میلەتدا ، کە
کۆتاییەکەی بەوە هات فەرمو لەسەدامی دیکتاتۆر کرا بۆ داگیرکردنەوەی هەولێر لە ٣١
ئابداو سەندنەوەی لە لایەکو ڕادەسکردنەوەی بە لایەکی تر کە بوە پەڵەیکی ڕەشی تر لە
لاپەڕەکانی مێژووی گەلەکەماندا کە لە سەدەیەک زیاتر قوربانی دا بۆ قومێ ئازادی ،
کار بەمەوە نەوەستا کەوتنە ئەنفال کردنی هەوادارانی یەکترو شێواندنی کلتوری
میلەتیش ، ڕاگەیاندنەکانی حیزب کلتوری جنێوو سوکایەتیان کردە بەرنامەو ، داتان بە
گوێی ئەو نەوانەدا کە لەدواێ ڕاپەڕینەوە چاویان بەم کوردستانە وێرانە هەڵهێنا ،
ئێستا بەردەبارانتان ئەکەن، لە ژێر سیبەری ئەم بەناو دەسەلاتەدا هەمو بەها
کۆمەڵایەتیەکان سوکو ڕسوا کرا ، لەهەمو دنیادا کۆمەڵگاو دەوڵەتی موئەسەسات لە
سیستمی پەروەردەوە دەست پێئەکات ، بەڵام
ئێوە بە هەموجۆرێک ئەم کەرتەتان وێران کرد،
گەیانتانە ئاستێک کەلە ئاست نزمیو خراپی کوالێتیدا خراپترین بێ ، بەجۆرێک
بڕوانامەی ئەکادیمیتان سوکو ڕسوا کرد کە ڕەنگە کەسانی ڕوناکفکرو هەستیار هەرگیز
خۆزگەی پێنەخوازنو خۆشیانی لێ بەدور بگرن ،بڕوانامەی دکتۆراتان وەک شاباشو خەڵات
بەخشیەوە ، تەنانەت هەندێ کەس بونە خاوەنی کە تا ئێستا جەدوەلی زەربیان لەبەر نیە ،
کاتێک نامەی دکتۆرا یان ماستەرەکەی بۆی نوسراوەتەوە خودی خۆی بە حونجەش بۆی
ناخوێنرێتەوە ، تا سەدام لە ژیاندا مابوو خەڵک بەم هەمو کەمو کورتیانەوە دانی
بەخۆیدا گرتو ئیوەی بە باشتر زانی ، لە دوای سەدامیش وەک ئەوەی ئێوەش ترسی گەڕانەوەیتان ڕەویبێتەوە ڕۆژبەڕۆژ گەندەڵی و ناعەدالەتی بەرەو زیاد بونو
هەڵکشان چو، لە قوبوڵ خاسەوە تا گەشتە ئاستی تاقەت پروکێن ، ئەو دەستو پێوەندو
کۆنە جاشو ئەنفالچیانەی بە ناوی پێشمەرگەوە خانەنشین کران ، یاخود دامەزراندن یان
بۆ خزمو دۆستانو کەسوکار بێت یا بەو مواسەفاتانە بێت ، کەمەرو ناوقەدو چاوی خومار وروژێنەر
مەرج بێت ئەوسا دامەزێت ، مناڵی فەقیرو
هەژاریش با سیر بخواو زوڕنا لێبدا ، هەر ئەم کابینانەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانتان
کە وەک ئەوەی دوو ماڵبات بە موڵکی ئەزەلی خۆتانی ئەزانن ، ئابوری بەوە تێگەشتون کە
تەنها لەدەروازە سنوریەکاندایە ، با سنور
ئاوەڵا بێت ئێوە گومرگی زیاد وەرگرن ئیتر
کەرتی تایبەت با هەر داڕمێو گیرفانی حیزب خۆش بێت ، سەیرەکە لەوەدایە سوپایەک
ڕاوێژکاری نەخوێندەوارتان دامەزراند ، کە دڵنیابن زۆربەیان بەقەد کاسبێکی سادەی
بەر حەوزەکەی سلێمانی ئەزمونیان نیە نەیان توانی نەسیحەتێکی خێرتان بکەن ، کە ئەگەرلەبری ماستاوی ئەوان گوێتان لە قسەی
دلسۆزانی ئەم میلەتو نیشتمانە بگرتایە کەرتی تایبەتتان پێش بخستایە ئەمڕۆ سوپایەک لە دەرچوی زانکۆ داوای
دامەزراندیان لێ نەئەکردن ، گەنجان بڕوانامەی زانکۆیان لێنەئەبوو بە فەرز، لە
کەرتی تایبەتدا نانێکیان بۆ خۆیان پەیدا ئەکرد ، یاخود وێران کردنی لادێکانو
ڕەوپێکردنیان بەرەو شارەکانو تێکشکاندنی کەرتی کشتوکاڵ ، تا گەیانتانە ئەو ئاکامەی
بامێو تەماتە لەدەروجیران بکڕێن ، لەبری ئەوەی نەخشەتان هەبوایە لەبری
تەلبەندکردنی کوردستان ، ئەم نیشتمانەتان بکردایەتە سەبەتەی خۆراکی هەمو عێراقو وڵاتانی کەنداویش ،
کاتێک دەریای ئیجە گەنجانی ئەم گەلە خێر نەدیوە قوت ئەدا ناپرسن بۆ ؟
کاتێک لە دوانزە مانگدا چوار موچە! ئەوێش بە
نیوەو ناچڵ و ناخونکەوە ئەدەن بە موچەخۆرێکو ، خۆتان قاتەکەی بەرتانو سەعاتە ڕۆلێکسەکەی
دەستان بایی دەیان هەزار دۆلارە ، بیرناکەنەوە کە ئەم ناعەدالەتیە تا کەی ؟ کاتێک
مناڵەکانی خۆتان بە ئۆتۆمبێلی ئاخر مۆدێلی
مرسیدسو، بنتلیو ، جاکوارەوە لە ترافیک
لایتی سور ئەدەن ،مناڵی ڕەشوڕوتیش بواری ئەوەی پێنادرێ لەسەر پشتی ماتۆر پاسکیلێکی
سێپێچکە پاقلە بفرۆشێ ، شەرم ناکەن ؟ هیچ شەوێک بە خوماریش بێت بیرتان لەوە
نەکردۆتەوە وڵاتەکەتان خەریکە ئەبێتە موڵکی جەند کۆمپانیایەک ؟ خەڵکانیترو خاوەن کارە ڕەسەناکانی وڵات مایە
پوچبون ، کەسێ نەبو پێتان بڵێت ئەم هەمو
کۆمپانیای درمانو خەستەخانانەی کە خاوەنەکانیان خۆیان پێویستیان بەچارەسەرە بۆ ؟ ئەی ئەو کرێکارەی کە گیرفانی بەتاڵەو
مناڵەکانی برسیانە بمرێت لەبەر ئەوەی پارەی دەرمانی نیە ، ئێوە هۆکای بێپارەییەکەی
ئەون ، ئەی میلەتێک هاوار ئەکات و ئەڵێ بەسە ، ئێوە نایبیستن ، ئەی خۆ ئەگەر ڕاوژێکارە عەبقەریەکانتان پێیان نەوتبن ئەم
هەموو خوێندنگەو زانکۆ ئەهلیانە بۆ؟ سەیرە مۆڵەت ئەدەن نەخوێندەوار زانکۆ بکاتەوە
!! کەسێک نەبو پێتان بڵێ ئەم دروست کردنی چێنایەتیە نادروستەو هاوسەنگی کۆمەڵگا تێک ئەدا ، ئەمە
چەندین جارە باس لە ڕیفۆرمو، بژارو ، چاکسازیو بنە بڕکردنی گەندەڵی ئەکەنو ئەیدەن
بەگوێماندا ، لە باسی ئابوری سەربەخۆ تێرمان خوارد ، کۆتاییەکەی بە قەرزی
بیستوهەشت ملیاردۆلاری شکایەوە، یان پێمان ئەڵێن ئێمە کێشەکەمان موچەنیە ، کێشەکەمان كێشەی خاکە ، کام خاک ؟ ئەو خاکەی
کە لای سەروی جەندرمەی تورک تەراتێنی تیائەکا یاخود شەنگال کە ڕادەستی داعش کرا یا
لای خوارو کە حەشدی شەعبی هەرڕۆژەو بیانو بە گوندێکو ناوچەیەکی ئەگرێت ،
دانیشتوانەکەی دەرئەکات ! ئەرێ لە بەرنامەی چاکسازیەکەتاندا چەند وەزیرو نایب
وەزیرو بەڕێوەبەری گشتیو گەورە بەرپرستان
دەست نیشان کردوە کە بیان دەنە دادگا لێپرسینەوەی لە گەڵدا بکەن بپرسن بڵێن بەڕێزت
ئێستا ملیۆنێری پێش ڕاپەڕێن خاوەنی هیچ
نەبویت ئێستا خانمی خێزانی بەڕێزت یا کچە نازدارەکەت لاسایی ئامەخانی حەرەمی
ئەردۆغان ئەکاتەوە ،لە تۆڕی فەیسبوک جانتا
دەستیەکەی پیشان ئەدا کە نرخەکەی بیستوپێنچ هەزاردۆلارە .ئەمە
مشتێک نیە لە خەروارێ! بەڵکو دڵۆپێکە لەدەریایەک لە گەندەڵیو ناعەدالەتی .
سەردەمێکیش گۆڕان هاتە مەیدانەکەوە ئەگەر کەسێکی
سادە مێژوەکەی بێنێتەوە پێشچاوی خۆی لکێدانەوەیکی لۆژیکی بۆ بکات ئەگاتە ئەوەی گریی ئەو هاوکێشەیە بکاتەوە کە گۆڕان بۆ دروست
بوو ؟ گۆڕان لە قاڵبی ئۆپۆزیۆندا خۆی ڕاگەیاند خەڵکێکی زۆر هیوایان لەسەر هەڵچنی ،
بە نیەتو دڵی سافەوە بونە دەنگدەرو هەواداری ، بەڵام مەخابن ئەمڕۆ دەستەکەیان
کەوتە ڕو کە تەنها بۆ قوتدانو هەڵلوشینو ساردکردنەوەی ئەو دەنگە ناڕازیەی ئەو
ڕۆژە بو، لە ڕاستیدا ئامانجەکەشی وەک
پێویست پێکا ، کە ئەویش ئەوەبوو لەو
دەمەدا ئەو هەڵچونەی دامرکاندەوە و بۆ ئەمڕۆش خەڵکی بێهیواکرد لە هەمو بەناو
ئۆپۆزسیۆنێک ، سەرەتا لەسەر بچوک ترین
دیاردە و کێشە ئەیکردە هەرا ، بەڵام ئەمڕۆ کە هاتۆتە سەر سینی دەسەڵات و دەستو
پەنجە ئەلیسێتەوە ئیتر ناپرسی بڵێ قەتارەی
تانکەری نەوت بۆ کوێ ئەچی لە شاباشی چەند پۆسێکدا ( پشتی خۆی کردوە کۆمە لەخۆی گرتوە لۆمە ) ، جا
بابپرسین ئایا ئەوەی ڕوی داو ڕوئەدات ( کارە یا کاردانەوەیە ) ؟ بەڕێزان
کاربەدەستان بەرپرسان لەسەرەوە تا خوارەوەی
دەسەڵاتو حیزبەکان هەمو ئەوانەی
سەرەگوریسێکتان لەدەستدایە دور لە تورە بونو هەڵچونو خۆ بە زلزانین ، کەمێک بە
ئارامیو بەلۆژیک بیر بکەنەوە بزانن بۆ مێرد مناڵانو گەنجان بارەگاو دامەزراوەکان
وێرانئەکەنو ئەسوتێنن ، لە خۆتان بپرسن ئەمان کێنو لە کوێوە هاتون ؟ ئەمە ئەو نەوانەن کە لە سایەی دەسەڵاتی ئێوەدا چاویان
بەکوردستان هەڵهێناوەو پێگەشتون ، پاشماوەی بەعس نین پیاوی دەرو جیرانیش نین ، تا
ئێوە وەستابن دەروجیران ئەوانی ناوێ ، ئەوانە ئەوانەن کە ئەو جیاوزیە چینایتیە
ئەبینن کە بەڕێزتان دروستتان کردوە لەنێوان ئەوانو مناڵەکانی خۆتاندا ، ئێوە ڕاست ئەفەرمون ئەوانە موچەخۆر نین، هەندێکیان
کوڕی ئەو موچەخۆرانەن کە ئێوە لەژێر سیستمی نا عەدالەتیدا موجەی باوکیان یا
دایکیانتان بڕیوە ، دیوارێکتان دروست کردوە لە نێوان ئەوانو مناڵانی ئەوخانە نشینە
بندیوارانەدا کە بە ناهەق بە پلەی باڵا خانە نشینتان کردون ،بەنهێنو بە ئاشکرا
پارە ئەئاخنن بەگیرفانیاندا ، خانە نشینە
ڕەسەنەکانیش ئەبێت لە سەرەی موچەدا چەندین سوکایەتی قبوڵ بکەن ، ئەوانە هەندێکیان
ئەوانەن لە سایەی ڕژێمەکەی ئیوەدا بە بڕوانامەی زانکۆوە بە سادەترین کار و لانی کەمی ڕۆژانەیەک ڕازیەو
دەستی ناکەوێت لە کاتێکدا مناڵەکانی خۆتان
هێشتا بروانامەکەیان بۆ ئامادە نەکراوە بە بەڕیوەبەری گشتی یاخود وەکیل وەزیر
دامەزراوە ، ئەوانە ، ئەوانەن کە باجی
کۆمپانیای مۆبایلتان خستوەتە سەر شانیان ئەبێ کارتێکی دە هەزاردیناری بە دوانزەهەزار بکڕن ، ئەوانە ئەوانەن کە هەناسەو حەسەرت بۆ
سادەترین و سانا ترین پێداویستی هەڵئەکێشن ، ئەوانە مناڵە تێرو گوپخرو دەستوپەنجە
ناسکەکانی ئیوەنین کە کاتێک ئەچن بۆ بازاڕکردن بە فرۆکە لەبزنس کلاس دائەنیشنو لە
پاریسو نیۆرکو بەرشەلۆنە لە هۆتێلە حەوت ئەستێرەکان دا ئەبەزن شەویش لە گازینۆ های
کلاسەکانو هۆڵە سورەکان ڕۆژ ئەکەنەوە ، ئەوانە بەسکێک تێرو بە دوسک برسین ،
بەڕیزان گلەییان لێمەکەن ئەوانە نەوەی دەستی ئێوە و سەردەمی حوکمی ئێوەن ئەگەر
ئێوە باش پەروەردەتان بکردنایە بێکارتان نەکردنایە موچەکەی باوکودایکیانتان
نەبڕیایە ئێستا بەردیان تێ نەئەگرتن، بەڵکو سنگی خۆیانیان بۆ ئەنان بە گولەوە
بەڕۆح ئێوەیان ئەپاراست ئەگەر بچوکترین عەدالەتی کۆمەڵایەتیتان بۆ دەستەبەر
بکردنایە، بەڵام کاتێک ئێوە جێوازی چینایەتیتان گەیاندە ئاستی یەک بە هەزارو یەک
بە ملیۆن ئیتر مافی گلەیتان نامێنێت ، دوعاخوازم لەوە خراپتر نەبێت ، بەڕێزان ئەوە
باش بزانن ڕەنگە هێشتا دەرفەت مابێت بۆ فریاکەوتنی ئەم دۆخە ، هەرچەندە تروسکەی
تیانەماوە ڕەنگە دڵخۆشی خۆمان بدەینەوە یان خۆمان بخەڵەتێنین کە چاوەڕوانی چاکسازی
بکەین ، با لە خۆمان بپرسین بڵێین کێ
چاکسازیمان بۆ بکات ؟ ئەوانەی یپێنچ شەش ساڵ شەڕی ناوخۆیان کرد ، یا ئەوانەی دوژمنی سەرسەختی ئەم میلەتەیان پەلکێشی
کوردستان کردو ئەکەن ، یا ئەوانەی نازانن شەفافیەت بەری بەکوێوەیە ، خاوەنی سەدان
مەلەفی گوماناویو گریبەستی ژێر بەژێرن، یا ئەوانەی میلەتێک بە گێل ئەزانن یا
ئەوانەی چاو لە تاونی ژن کوشتنو ڕۆژنامەنوس کوژ ئەپۆشن ، یا ئەوانەی هیچ شکۆیەکیان
بۆ دەسەڵاتی دادوەری نەهێشتەوە یا ئەوانەی دەرگای پەرلەمانیان کڵۆم کردو شکۆی
گەلێکیان نایە ژێر پێڵاوەکانیان ، لە سەرو
هەمو ئەمانەشەوە با هیوا بڕاو نەبین ڕەنگە نەسیحەتو ڕێنمایو پێشنیاری ئێمەی نەوێت
خۆتان لە ئێمە باشتر ئەزانن چارەسەر چێە و چۆن ئەکرێ خۆتان لە ئێمە باشتر ئەزانن
چی خاسەو چی خراوە ، لەکۆتاییدا هیوادارم
خۆتان گێل نەکەن ئەوانە ڕۆلەی ئەم نیشتمانەن لە چاکو خراپیان ئێوە بەر پرسن .