کێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکات؟
ئارام سەعید
2019-03-31   865
مەسەلەی گرنگ و لەسەر وەستان ئەوەیە ئێستا ئۆپۆزیسیۆن بەم وەزعەی ئێستا دەیەوێت چی بکات؟ لە کاتیکدا ئاشکرایە کە دەسەڵاتی کوردی بەرگری دەکات لە مانەوەی وەزعی ئێستا وەک خۆی. بۆیە گرنگە بزانین ئۆپۆزیسیۆن کەی دەتوانیت کاریگەر بێت و چۆن دەتوانێت؟
لە رابردودا لەچەند نوسینێکدا ئاماژەمان بەوە کردوە کە ئۆپۆزیسیۆن دەبێت بەدیلی دەسەڵات بێت، واتە پرۆژەیەکی تەواو جیاواز و هەمەلایەنەی هەبێت بۆ جێگرتنەوەی ئەو سیستمەی کە ئێستا هەیە ئەو کات دەتوانێت باسی ئەوەبکات کە ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینەیە و دەبێتە مەترسی گەورە لەسەر دەسەڵات، دەبێت لە هەناوی خۆیدا هەڵگری ئەو جیاوازیە بێت لە دەسەڵاتی حوكمڕان، لە پرۆسەی بڕیاردان و هەڵوێست و هەڵسوكەوتیدا نمونەی بەهای باڵا و ئازادی بێت واتە خۆی نمونەیەک پێشکەش بکات کە هەڵگری ئەو جیاوازیە بنەرەتیە بێت، نەک وەک ئەوانی تر کە شۆرشیان كرد ودوای راپەرین دەوروتەسلیمیان كرد لە هێزێكەوە بۆ هێزێكی تر بەومانایەی گۆرانکاریان لە سیستم نەکرد.
ئەوانەی دێنەوە سەر حوكم گۆڕانكاری گەورە ناكەن بەڵكو بەهەمان شێوە تاكڕەویی بەرهەم دێننەوە ئەگەر خۆیان هەڵگری ئەو بنەمایانە نەبن.
ئەمەش بەو مانایە دیت کە کۆی سیستم بگۆڕێت و لەجێی ئەوەی هەیە سیستمێک دابنرێت کە جێگەی دەسەلاتی تاکڕەویی و بنەماڵەیی تیدا نەبێتەوە.
ئەگەر سەرنج بدەین شۆرشی میسر بەو هەمو قوربانیی و تێکۆشانە، ئەو هەموو خۆپیشاندانی ملێۆنیە حوسنی موبارەکی گۆڕییەوە بە عەبدولفەتاح سیسی، کە لەهەندێ روەوە سیسی لە ستەمکاری هیچی وای کەمتر نیە لە موبارەک.
کەواتە لە کوردستاندا ئێمە چاوەروانی چین؟ نوخبەیەکی سیاسی بگۆڕینەوە بە نوخبەیەکی تری سیاسی وەک میسر، یان بنەماڵەیەک لەسەر کار لابەین و بنەماڵەیەکی تر دابنێین؟ یان وێرانەیەک دروستکەین وەک لیبیا؟ یان شەری ناوخۆ و ویرانکاری سوریا (ئەمە بەدەر لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنەکان لە رۆژئاوا کە تەنها هێز بوو سیستمی بەدیلی هەبوو توانی ئەزمونێکی جیاواز پێشکەش بکات).
ئەزمونەکانی رابردوو پێمان دەڵێت راپەرین ئەمڕۆی بەرهەم هێنا، واتە نەیتوانی سیستمیک دابمەزرینیت وەک ئەوەی وڵاتانی خۆرئاوا کردیان، یان وەک هەندێک نمونەی گرنگی وەک ئاسیا، لەوانە ژاپۆن و کۆریای باشور، چونکە ئەوەی لە بەریتانیا و ئەمریكا و ژاپۆن و بەرازیل رویدا، گۆڕانیی سیاسی بنەرەتیی بوو بە شێوەیەك كۆمەڵگەی گۆڕی لە هەژارەوە بۆ خۆشگوزەران واتە ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن گۆڕینی دەموچاوەکان نیە بە دەموچاوی تر، یان بنەماڵەیەک بە یەکیکی تر، بەڵکو دەبێت دامەزرێنەری سیستمێک بێت کە رێگە نەدات بە سەرهەڵدانەوەی ستەمکاری بەشێوەیەك دامەزراوەی سیاسی لەلایەن كەمینەیەكەوە كۆنترۆڵ نەكرێت.