سوپاس مامۆستا عەلی باپیر
ئارام ره‌فعه‌ت
2020-03-28   1702
ڤایرۆسی
کۆرۆنا (کۆڤید-١٩) پەتایەکی جیهانگیرە. لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە سەرتاپای وڵاتانی
دونیا، بەتایبەتیش دەسەڵاتە بەرپرسەکان، حیزب و هێزە نیشتیمانییەکان و رێکخراوە
مەدەنییەکان و دام و دەزگا زانستی و دینییەکان زاڵبوون بەسەر ئەم ڤایرۆسە
کوشندەیەیان کردە گرنگترین پرسی نیشتیمانی ئەولەوییەتی هەموو کارەکانییان.
وڵاتگەلی وەک ئوسترالیا و ئەڵمانیا و کەنەدا بەسەدان ملیار دۆلار و ئەمریکاش
بەترلیۆن دۆلاریان بۆ ئەم پرسە تەرخان کرد. کەناڵ و میدیا ئەهلی و نیشتیمانییەکانی
وڵاتان هەڵمەتێکی فراوان و کەم وێنەی وشیاری گشتیی و رێنمایی
هاونیشتیمانییەکانییان راگەیاند.
چاوەڕوان
دەکرا هەرێمی کوردستانیش نەک هاوتای وڵاتانی تر، بەڵکو زیاتر لەهەر وڵاتێکی تر،
بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید-١٩ و پاراستنی هاونیشتیمانییانی لەم پەتا کوشندەیە و
دابینکردنی بژێوی و ژیانێکی شەرافەتمەندانە لەسەردەمی پەتاکەدا بۆ
هاونیشتیمانییانی هەرێم بکاتە پرسێکی نیشتیمانی و ئەولەویەتی کارەکانی.
بەڵێ
لەبەر دوو هۆکار دەبوایە زیاتر لەهەر وڵاتێکی تر هەموو وزە و توانا سیاسی، ئابوری،
لۆژیستی، میدیایی و سەربازییەکانی هەرێم بەئاراستەی بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید-١٩
تەرخان بکردبوایە.
هۆکاری
یەکەم ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان هاوسێی ئێرانە کە گەورەترین وڵاتی ئاڵودە بە
کۆڤید-١٩ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستە و
لەنێوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران‌دا هاموشۆ و پەیوەندی فراوان و
هەمەلایەنە هەیە و بەهۆی ئەوەشەوە کوردستان یەکێکە لە موعەرەزترین هەرێم و
ناوچەکانی دونیا.
هۆکاری
دووەمیشیان ئەوەیە، کە هەرێمی کوردستان بە قاسەیەکی خاڵی و ئابورییەکی هەرەسهاتوو
و بێ هیچ بودجەیەک (لەراستیدا بودجەیەکی خاڵیکراو و ئابوورییەکی هەرەسپێهێنراو
بودجەیەکی بە سفرکراو) رووبەرووی ئەم پەتا کوشندە جیهانگیرییە بۆتەوە.
رێک
بەپێچەوانەی ئەم چاوەروانییە، حیزبی دەسەڵاتدار و میدیا و دام و دەزگاکانی، لەبری
ئەوەی وەک پرسێکی نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ کۆڤید-١٩دا بکەن و هاوشێوەی وڵاتانی تر
بەرپسیارێتییەکان بگرنە ئەستۆ، هاتن بەرگێکی دینییان لەبەر ئەم پەتا کوشندەیە کرد و
کردیانە پرسێکی دینی. دەسەڵاتی هەرێم ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ی کردە غەزەب و سەربازی خوا
و تەیرە ئەبابیلە بۆ گیانی کافر و عەلمانی و غەیرە موسوڵمانەکان. حیزبی دەسەڵات
هەوڵیداوە کە لەم حاڵەتە دەرونییە سامناک و نا جێگیرەی جیهان وکوردستانی گرتۆتەوە،
خەڵکی سادە و خێرلەخۆ نەدیوی کوردستان بەم شێوازە ماکیاڤیلیانە چەواشەکارانەیە
بگەوجێنێت و بەلارێیاندا ببات.
لەم
هەڵمەتە نالۆژیک و نائینسانی و ناوەرۆک فاشییانەدا، حیزبی دەسەڵات لەگەڵ هەریەک لە
بەرەی ئیخوانی و سەلەفی هاوبەندی و هاوکارییەکی فراوان و ئاشکرایان پێکهێناوە.
دیارە حیزبی دەسەڵات، جگە لەماڵدا زیندانیکردنی خەڵكێکی هەژار و کەمدەرامەتی بێ
موچە و بێ پاشەکەوتی کوردستان هیچ ئامادەکارییەکی تری بۆ بەرەنگاربوونەوەی
کۆڤید-١٩ نەکردووە. لەبەر هەندێش، پێویستی بەوەبوو کە ئەم بەرپرسیارێتییە لەسەر
شانی خۆی لابدات. باشترین کاریش بۆ لادانی ئەو بەرپرسیارێتییە ناساندنی کۆڤید-١٩
وەک غەزەبێکی خوایی بۆ گیانی غەیرە موسوڵمانەکان و لەهەمانکاتیشدا موسوڵمان
پارێزبەندییان دژی ئەم پەتایە هەیە. هەردوو بەرەی ئیسلامی سیاسی (ئیخوانی و
سەلەفی)، بۆ هەرمەبەستێک بێت، هەموو هێز و وزە و توانای خۆیان بۆ ئەم ئامانج و
بەلارێدابردنەدا خستە خزمەت دەسەڵاتەوە.
لەدەرەوەی
ئەو هەڵمەتە نالۆژیک و نائەقڵانییەی، کە بەرەی ئیخوان و سەلەفی لە پرسی کۆڤید-١٩
دا بۆ خزمەتی حیزبی دەسەڵاتدا بەرپایان کردووە، دەنگێکی تەواو جیاواز، دەنگێکی
نیشتیمانی، دەنگێکی پراو پر لەلۆژیک و مەنتیق، دەنگێکی پراوپر لە ئەخلاق و
بەرپسیارێتی دبیسرێت. دەنگێک بێ ئەوەی سازش بۆ پرس و پرەنسیپە عەقیدەیی و
سیاسییەکانی خۆی بکات دەیەوێت هاوشێوەی هەر وڵاتێکی تر، کۆڤید-١٩ ببێتە پرسێکی
نیشتیمانی.
ئەو
دەنگەش دەنگی مامۆستا عەلی باپیرە.
پێچەوانەی
گوتاری نا نیشتیمانی و نائینسانی و نالۆژیکییانەی هاوبەندی حیزبی دەسەڵات-ئیخوان-سەلەفی،
مامۆستا عەلی باپیر گوتی ئەم نەخۆشییە جیهان گیرییە و دەبێت هەرێمیش هاوشیوەی
جیهان خۆی بۆ ئامادە بکات. ئەو گوتی ئەم ڤایرۆسە موسوڵمان و غەیرە موسڵمان ناناسێت
و "مسوڵمانی خۆپارێز سه‌لامه‌ت ده‌بێ، به‌ڵام ئه‌وه بۆ نامسوڵمانیش هه‌روایه،
هه‌روه‌ك بابای كه‌مته‌رخه‌میش هه‌ركه‌سێك بێ، باجی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ی ده‌دا". ئەو بە روون و راشکاوی دەڵێت ئەوەی
کە دەگوترێت "هه‌ركه‌س مسوڵمان بێ،
تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه نابێ،" و "هه‌ركه‌س به‌و ڤایرۆسه بمرێ، شه‌هیده،" ئەو قسانە "ناشیانە"یەیە و
"نیشانه‌ی دواكه‌وتوویی و ناحاڵیی بوونن".
لەوەش
زیاتر بۆ چارەسەرکردن و بنبڕکردنی کۆڤید-١٩
مامۆستا گوتی " عه‌قڵ بناغه‌ی ئهركدارییە" و "هه‌رچی عه‌قڵ و
زانستیش به‌باشی بزانن، شه‌ریعه‌تیش به‌باشی ده‌زانێ و ته‌به‌ننیی ده‌كات."
لێرەوەش داوا لە لایەنگرانی وهاوڵاتییەکانی دەکات کە "پێویسته له‌هه‌ر
بوارێكدا بگه‌ڕێینه‌وه بۆ شاره‌زاو پسپۆڕانی ئه‌و بواره‌و، له‌م مه‌سه‌له‌ی نه‌خۆشیی
(كۆڕۆنا)شداو، چۆنیه‌تی خۆ لێ پاراستنی و ڕێگرتن له‌ته‌شه‌نه‌كردنی، پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه
بۆ پزیشك و شاره‌زایه‌كانی بواری ته‌ندروستیی". هەروەها مامۆستا ئاگاداری
لایەنگرانی و خەڵک دەکاتەوە کە " فه‌ڕزه ڕێنمایی و هۆشدارییهكانیان وه‌ربگیرێن
و، به‌پێچه‌وانه‌وه بابای سهرپێچییكار "به‌هه‌ر بیانوو و پاساوێك"
گوناهبار ده‌بێ.
لەپرسی داخستنی
مزگەوتدا مامۆستا نەک هەر تەسلیمی ئەو شەپۆلە پۆپۆلیستییە نا لۆژیکییەی
دەسەڵات کە لەرێگای یەکێتی زانایان و بەهاوکاری
هاوپەیمانەکانی لە سەلەفی و ئیخوانی نەبوو، بەڵکو بەتەواوی دژی وەستا. ئەو لە پرسی
پێداگری دانەخستنی مزگەوتەکان گوتی "هه‌ر هه‌نگاوێك ببێته مایه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌و
ته‌شه‌نه‌كردنی هه‌رجۆره ده‌ردو نه‌خۆشییه‌ك، سته‌م و تاونێكی گه‌وره‌یه." لێرەوەش بەراشکاوی گوتی " هه‌ركه‌سیك
ئه‌نجامدانی نوێژی جومعه یان نوێژی به‌كۆمه‌ڵ، بكاته بیانووی وازنه‌هێنان له‌و
جۆره گردبوونه‌وه‌و كۆمه‌ڵ بوونانه‌ی هۆكاری زیانگه‌یاندنن به‌خه‌ڵك، وه‌ك ته‌شه‌نه‌كردنی
نه‌خۆشیی (كۆڕۆنا) با دڵنیابێ كه له‌جیاتی پاداشت، گوناهی ده‌گات." ئەو لەو
بوارەدا زیاتر بەرچاو روونی دەدات و دەڵێت "بیانووگرتن به‌قه‌ده‌ری خوا، بۆ خۆنه‌پاراستن، به‌هه‌موو
شێوازه‌كانی خۆپاراستن، به‌وجۆره‌ی پسپۆڕانی بواری ته‌ندروستی ڕوونیان كردۆته‌وه،
نیشانه‌ی له ئیسلام حاڵی نه‌بوونه."
دواجار
مامۆستا وەک کەسایەتییەکی نیشتیمانی و جیاواز لە گوتاری هاوبەندی
دەسەڵات-ئیخوانی-سەلەفی پێداگری لەسەر بەنیشتیمانی کردنی ئەو پرسەی دەکات و دەڵێت
" پاراستنی كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌نه‌خۆشیی ناوبراو و، هه‌ر دهردونهخۆشییهكی
دیكه‌ش، ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موولایه‌كه، نه‌ك ته‌نیا هی حكوومه‌ت و دام و ده‌زگا
فه‌ڕمییه‌كان." بەمجۆرەش لایەنگران و خەڵک هاندەدات کە ئەرکی
بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە بخەنە سەر شان و هاوکاری دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم
بن.
ئەم
گوتارەی سەرەوە چاوەروان دەکرا گوتاری هەمووان، واتە هەموو حیزب و گروپە
ئیسلامییەکانی تر بێت. ئەوان لەبری ئەوەی هاوبەندی لەگەڵ حیزبی دەسەڵاتدا پێک‌بێنن
و هاوکاری بکەن لە بەلارێدابردنی پرسی کۆڤید-١٩ و بەدینی کردنی ئەو پرسە، دەبوایە
هەم فشارییان بۆ دەسەڵات هێنابوایە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی، بەتایبەتیش ئەرکی
دابینکردنی موچە و خۆراکی پێویست بۆ هاوڵاتییان، لەهەمانکاتیشدا خۆشێیان بە بەرپرس
زانیبوایە. بەڵام رێک پێچەوانە هەنگاوییان هەڵێنا و لێرەوەش هەڵوێستی مامۆستا عەلی
باپیر دەبێتە جێگای ئومێد. با بەسەر
ئەوەشدا بازنەدەین کە لەو هاوبەندییەی حیزبی دەسەڵات-ئیخوانی-سەلەفیدا، هێز و
لایەنەکانی تر، لەوانەش یەکێتی و گۆڕان، وەک هەر پرسێکی تر یان پاسیف و بێ کاریگەر
بوون، یان پاشکۆ و بێ بەرنامە.
دواجار
پێویستە ئەوە بڵێم کە من و مامۆستا عەلی باپیر سەر بە دوو جیهانبینی جیاوازین،
بەڵام هەڵوێسی ئەو لەپرس کۆڤید-١٩ هەڵوێستێکی نیشتیمانی بوو و دڵنیام زوو یان
درەنگ کەسە نیشتیمانی –کوردستانی و مرۆڤدۆست و ئەکادیمییەکان ئەو هەڵوێستەی
مامۆستا بەرز دەنرخێنن و بۆ پرسەکانی تریش "لکل حادث حدیث". منیش لێرەوە
و لەم کات و دۆخە هەستیارەدا و لەپێناو پاراستنی گیانی تاک بەتاکی هاوڵاتیانی
کوردستان ئەو هەڵوێستەی مامۆستا بەرز دەنرخێنم و دەڵێم سوپاس مامۆستای دانا، سوپاس
پیاوی مەرد.
تێبینی:
وتار و هەڵوێستەکانی مامۆستا کەمن لێرە ئاماژەم پێداون لەواڵەکەی خۆیدا دەبینرێن.