گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ زێد له نێوان خالقی و هێمن دا
هیوا ناسیح
2019-07-01   2095
هیوا ناسیح
پێشه‌کی ده‌مه‌وێت دانی پێدا بنێم، که یه‌کێکم له سه‌رسامه‌کان به ده‌نگی خالقی، ئه‌و یه‌کێکه له‌و ده‌نگانه‌ی که مه‌ستم ده‌کات و ده‌مخاته سه‌ر سه‌رمه‌ستی شادی و باڵی په‌رییان. وه‌ک چۆن بێ‌سنور سه‌رسامم به هۆنراوه و په‌خشانه‌کانی مام هێمن موکریانی نه‌مر، به‌ڵام دیاره سه‌رسامبوون به به‌هره‌مه‌ندان نابێت رێگری ئه‌وه‌مان لێبکات که سه‌رنج و ره‌خنه‌کانمان ئاڕاسته‌یان نه‌که‌ین، چونکه ئه‌وان که‌سانی دیار و به‌ناوبانگ و خۆشناون، بۆیه هه‌ر ره‌فتار و هه‌ڵوێستێکیان شوێنه‌وار و کاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر ڕای گشتی شه‌قام و نێو جه‌ماوه‌ردا به‌جێدێڵێت. هه‌ربۆیه نابێت له هه‌ڵوێستی ناراستیان ببورین و به سۆزدارانه له‌گه‌ڵیاندا بجوڵێینه‌وه. ئاخر دواجار ئه‌وان موڵکی خۆیان نین، به‌ڵکو هی نه‌ته‌وه‌که‌یانن.
هێمن موکریانی نه‌مر شاعیرێکی گه‌وره و به هه‌ڵوێست و خامه به‌پێزی کورده، ئه‌و كاتێك كه كۆماری دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له ٢٢ی كانوونی دووه‌می ساڵی ١٩٤٦ دامه‌زرا، شیعری له‌و رێوڕه‌سمه‌دا خوێنده‌وه، دوای رووخانی كۆماره ساواکه‌ی كوردستانیش كاتێك هه‌واڵی له سێداره‌دانی قازی محه‌مه‌دی بیست، خۆی گه‌یانده باشووری کوردستان، تا ره‌وشه‌که ئارام بووه‌وه، ئینجا گه‌ڕایه‌وه گونده‌كه‌ی خۆی و ماوه‌یه‌كیش له مهاباد ژیا. له دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئهیلوول هاته‌وه باشور و چووه پاڵ شۆڕشگێڕان و له‌دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ دا، ماوه‌یه‌ك له به‌غدا وه‌ك دوور له که‌سوکار و زێدی خۆی له بارێکی سه‌خت و دژوار و ناهه‌مواردا ژیا، له‌و ماوه‌یه‌دا (ناڵه‌ی جودایی) نوسی، که به هه‌زاران خوێنه‌ری له‌گه‌ڵ خۆیدا گریان. له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانیش له شوباتی ١٩٧٩دا، گه‌ڕایه‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
پاش ئه‌وه‌ی جیاوازی ڕاوبۆچوونی له‌گه‌ڵ حزبی دیموکرات دروست بوو به‌داخه‌وه زۆر ئازاریاندا و سوکایه‌تییان پێی کرد، تا گه‌یشته تۆمه‌ت بۆ دروستکردن و زیندانییکردنیشی، بۆیه دڵی به یه‌کجاری له شۆڕشی کورد ره‌نجا و به ناچاری و به‌و پیری و که‌نه‌فتی و نه‌خۆشییه‌وه گه‌ڕایه‌وه رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و زێدی خۆی لای کوڕه تاقانه‌که‌ی خۆی (سه‌لاح)، له‌وێش چونکه له کورد و ئه‌ده‌ب و زمانه‌که‌ی نه‌ڕه‌نجا بوو، به‌ڵکو ته‌نها له دیموکرات ره‌نجا بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ رۆژهه‌ڵات تووشی كۆمه‌ڵێك نه‌هامه‌تی و هه‌ژاری و سه‌ختی ژیانی رۆژانه بووه‌وه، به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه گۆڤاری سروه‌ی ده‌رکرد، که بۆ ئه‌وکات دیارده‌یه‌کی ئه‌ده‌بی گرنگ و به‌بایه‌خ بوو بۆ خۆرهه‌ڵاتی کوردستان، ئاخر ئه‌و سه‌رده‌مه هیچ گۆڤار و بڵاوكراوه‌یه‌كی كوردی له ئێران‌دا نه‌بوو. ئه‌م توانی له‌م رێگه‌یه‌وه زمانی كوردی بباته ناو ماڵه‌كانه‌وه، سه‌دان که‌س لێیه‌وه فێری كوردی بوون به بێ ئه‌وه‌ی له خوێندنگه کوردیان خوێندبێت. دواتر به‌داخه‌وه له ڕۆژی 17ی نیسانی 1986دا له ورمێ كۆچی دوایی كرد. له رێوڕه‌سمێكدا ته‌رمه‌كه‌یان گه‌ڕانده‌وه مهاباد و له گۆڕستانی بوداغ سوڵتان به‌خاكیان سپارد.. هه‌موو ته‌مه‌نی هێمن بگه‌ڕێی له‌سه‌رده‌می شای ئێران و کۆماری ئیسلامیشدا هه‌ڵوێستێکی نانیشتمانی و نانه‌ته‌وه‌یی و نامرۆڤانه‌ی تێدا نییه. بۆیه خۆی گوته‌نی (موحتاجی محه‌ک نییه و کوردی بێ غه‌ل و غه‌شه).
مه‌زهه‌ری خالقییش یه‌ک له مه‌زنترین هونه‌رمه‌ندی کورده، قسه‌مان له ده‌نگخۆشی و بهبههرهیی ناوبراو نییه، به‌ڵام ده‌نگۆی زۆر له‌سه‌ر رابردووی هه‌یه، که سه‌روه‌ختی خۆی سه‌ربه ساواک بووه و خزمه‌تی ئه‌و رژێمه‌ی کردوه. ئه‌مه‌ش زیاد له که‌س و سه‌رچاوه‌یه‌ک باسی ده‌که‌ن. ده‌کرێت تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ههردهنگۆ و پاگه‌نده بێت و به‌ڵگه‌مان نه‌بێت و راستینه‌ی مه‌سه‌له‌که ده‌رنه‌که‌وێت، چاوی لێبپۆشین و بورابێت، به‌ڵام که بابه‌ته‌که گه‌یشته گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و بۆ رۆژهه‌ڵات، بۆ ژێرده‌ستی رژێمی سێداره و دژ به کورد، ئه‌و رژێمه‌ی هیچ مافێک به کورد و گه‌لانی تری غه‌یره فارس به ڕه‌وا نابینێت، ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی رۆژ نییه، هه‌واڵی دڵته‌زێنی شه‌هیدکردنی کۆڵبه‌ران و کاسبکارانی کورد له ژێر ده‌ستیدا نه‌بیستین، ئیتر بابه‌ته‌که له پۆشین و بوورین ده‌رده‌چێت و هه‌ڵوێسته‌ی گه‌ره‌که.
ئاخر که‌س وه‌ک هێمن سوکایه‌تی به خالقی نه‌کردوه، ناوبراو وڵاتنامهی یه‌ک له خۆشترین و ئارامترین وڵاتی ئه‌وروپای له گیرفاندایه (به‌ریتانیا) ئه‌و له باشوریشدا له هیچی که‌م نییه و زۆر به ئاسانی که‌سوکاری ده‌توانێت بێن و بیانبینێت، ئه‌و له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م حزب و دهستهلاتداری باشور و جه‌ماوه‌ر و هونه‌ردۆست و گه‌لی باشوره‌وه رێزلێگیراو و خۆشهێنراوه، ئه‌ی که‌وایه گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خۆرهه‌ڵاتی کوردستان له‌م کات و ساته‌دا بۆچی؟؟ کێ لێی سودمه‌نده؟ هونه‌ری کوردی یان رژێمی ئاخوندی؟ با سه‌فه‌ره‌که‌ی به کاتیی و بۆ چه‌ند رۆژێکیش بێت، ئایا رژێمی ئێران ئه‌مه له‌راگه‌یاندن بۆ ئارایشتکردنی (کرانه‌وه و دیموکراتخوازی و بوونی ئازادی) به‌کار ناهێنێت؟؟ ئایا چ هۆکارێکی وا گه‌وره و گرنگ پاڵی به‌م هونه‌رمه‌نده‌وه ناوه بگه‌رێته‌وه و به‌شداری له ڤیستیڤاڵی ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و رژێمه‌دا بکات جگه له خۆئاشتکردنهوه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتی ئێران و رێگه‌خۆشکردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کی بۆ ئه‌وێ؟؟ ئایا خالقی بۆ له‌خۆی ناپرسێت، بۆچی داریوش، لهیلافروههر، موعین ئه‌سفه‌هانی و چه‌ندانی تر، که چه‌ندان ئه‌وه‌نده‌ی ناوبراو ناو و ناوبانگ و ئاره‌زوومه‌ند و هه‌واداریان هه‌یه، تا ئێستا ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئێران؟؟ ته‌نانه‌ت زۆریان به داخی زێدی خۆیان و دیداری ئازیزانیان له غه‌ریبی سه‌ریان نایه‌وه و کۆچی دواییان کرد. ئایا خالقی له‌گه‌ڵ رژێمی ئێران‌دا چی پێ ده‌کرێت و ده‌توانێت چ داواکارییه‌ک بکات تا سه‌رکوت و چه‌وساندنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات که‌م بکاته‌وه؟؟
خۆزگه مه‌زهه‌ری خالقی هه‌ر له ئه‌وروپا و باشور و ئاواره‌ییدا بووایه و له دووره زێدی خۆی گۆرانی بچڕیایه، نه‌ک بگه‌ڕایه‌ته‌وه رۆژهه‌ڵات و له‌وێ به‌رپرسانی ئیتلاعات و ئوستانداریی سنه پێشوازی لێ بکه‌ن، چونکه دواجار سه‌ردانه‌که‌ی جگه له تۆزێک چێژی کاتی بۆ خودی خۆی و که‌سوکاری، هیچ سودێکی بۆ گه‌لی سته‌مدیده‌ی رۆژهه‌ڵات نییه، ته‌نها په‌تی سێداره‌ی پێ ئه‌ستورتر و کراسی دایک و خوشکی شه‌هیدان و کاسبکاره به ناهه‌ق کوژراوهکانیی پێ ره‌شتر ده‌بێت.