کاتی خه‌باتی شاخ پێشمه‌رگه نمونه و سیمبوڵی ئازایه‌تی، ڕه‌وشتبه‌رزی، پاکی، دڵسۆزی و له‌خۆبوردوویی بوو، زیاتر له‌مه‌ش بگره وه‌ک کائینێکی پیرۆز سه‌یر ده‌کرا، جا زه‌بروزۆری به‌عس ئه‌مه‌یان خوڵقاندبێت، یان نه‌زانی و سه‌رسامی و که‌مزانیاریی خه‌ڵکی ئاسایی به که‌سایه‌تی پێشمه‌رگه و هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌کانی، به‌جۆرێک له‌سه‌رو مرڤێکی ئاسایی ده‌بینرا و وێنا ده‌کرا.
ڕۆژگار هاتوچوو پێشمه‌رگه‌کانی دوێنێی شاخ، که ئه‌مڕۆ پێیان ده‌گوترێت (پێشمه‌رگه‌ی دێرین) هاتنه شار و پله و پۆست و پاره‌یان که‌وته به‌رده‌ست، بونه وه‌زیر و گزیر و سه‌فیر و مودیر، ئیتر گه‌ر نه‌ڵێین هه‌موو، ئه‌وا زۆربه‌ری زۆریان، نه‌ک ژیانی دوێنێی شاخیان، بگره خوێنی هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌کانی خۆشیان بیرچووه‌وه! باشترین نمونه بۆ ئه‌م وته‌یه، بێ هه‌ڵوێستی ئه‌وان بوو له که‌یسی کوشتنی کاوه بازیانی به ده‌ستی بابانی کوڕی پێشمه‌رگه‌ی دێرین ئیبراهیم حه‌بیب. بۆ نمونه نه کۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌کان، نه رێکخراوی پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌یلول، نه وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وه نه وه‌زاره‌تی کاروباری پێشمه‌رگه هیچ هه‌ڵوێستێکیان نواند!
وه‌ک هه‌موو ده‌زانین ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر بابان، که کوڕی پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرینی یه‌کێتی نیشتمانی بووه و له شاخ و وه‌ک ده‌ڵێن به ده‌ستی کاوه بازیانی شه‌هید کراوه، ئه‌م که ئه‌وکات له سکی دایکیدا بووه ڕووداوه‌که ڕوویداوه، له‌م چه‌ند مانگه‌ی پێشوو هات و له تۆڵه‌ی کوشتنی باوکی‌دا، کاوه بازیانی کوشته‌وه. سه‌رئه‌نجام بابان ده‌سگیر ده‌کرێت و ده‌خرێته زیندانه‌وه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه پێشمه‌رگه دێرینه‌کان، چ وه‌ک که‌سایه‌تییه دیاره‌کانیان، که زۆربه‌یان پله و پۆستیان هه‌یه، چ وه‌ک رێکخراو و کۆمه‌ڵه‌کانیان، به وشه‌یه‌کیش داکۆکیان له کوڕی هاوسهرنگهره دێرینه‌که‌یان نه‌کرد، وه‌ک ئه‌وه‌ی باوکی بابان پێشمه‌رگه نه‌بوو بێت و له‌سه‌ر کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کوژرا بێت! به‌ڕاستی هه‌ڵوێستی عه‌لی مه‌حمود ناسراو به عه‌لی سیاسی لێره‌دا ریزپه‌ڕه و جێگه‌ی شانازییه بۆی.
گه‌ر وه‌ک پره‌نسیپی بیروباوه‌ڕ و خه‌باتی نیشتمانی بێت، یان وه‌ک کوردایه‌تی، یان هه‌ر وه‌ک لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌فا و دڵسۆزییه‌ک بۆ خوێنی هاوڕێ دێرینه‌که‌یان، ده‌بوو هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌ربڕیایه به پشتیوانیکردنی کوڕه شه‌هیده‌که. خۆ ئه‌و پاساو و گریمان و گومانه‌ی بۆی هه‌ڵبه‌ستراوه، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێکی زۆر لاوازه، که بنه‌ماڵه‌ی کاوهبازیانی ده‌یکه‌ن، که گوایا باوکی بابان په‌یوه‌ندی به به‌عسه‌وه هه‌بووه و ...هتد، مه‌هانه و بیانویه‌ک بێت به‌ده‌ستیانه‌وه، ئێ خۆ کاوه بازیانی چه‌ندان پێشمه‌رگه‌ی تری شه‌هید کردوه. ده‌بوو ڕونکردنهوهیهکاین بدایه له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه نه‌ک قڕوقه‌پی لێ بکه‌ن. ده‌ڵێن بابان پێش چوونی بۆ هه‌ولێر و خۆشاردنه‌وه‌ی، په‌یوه‌ندی کردوه به چه‌ند هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رێکی دێرینی باوکییه‌وه، که ئێستا ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانیین، که‌چی هه‌ریه‌که‌یان به بیانوی جۆراوجۆر داڵده و په‌نای ئه‌و کوڕه شه‌هیده‌یان نه‌داوه!
ئه‌مه له کاتێکدا وه‌ک بیستمه‌وه، کۆنه مسته‌شار و مه‌فره‌زه خاسه‌کانی هاوڕێی کاوه بازیانی چوونه‌ته تازیه‌که‌ی ناوبراو و له‌وێ، وه‌ک نیشاندانی هاوخه‌می و دڵسۆزی خۆیان بۆ هاوڕێ کۆنه‌که‌یان، ئاماده‌یی خۆیان بۆ هه‌ر پشتگیری و تۆڵه‌کردنه‌وه‌یه‌ک ده‌ربڕیوه. ئایا ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه نییه، که کۆنه جاش و مسته‌شاره‌کان دڵسۆزتر و بهوهفاترن له پێشمه‌رگه دێرینه‌کان؟
خه‌باتی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد هێشتا هه‌وراز و نشێوی زۆری له‌به‌رده‌مدایه و لای که‌می له دوو به‌شی کوردستاندا (باکور و رۆژهه‌ڵات) به‌داخه‌وه کورد به هه‌زاران جاش و خۆفرۆشی هه‌یه، بۆیه هه‌میشه له‌م ڕووداوانه‌دا، ڕه‌فتار و هه‌ڵوێسته‌کان ناڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ری و ڕه‌ندانه‌وه‌ی له‌سه‌ر پارچه‌کانی تریش ده‌بێت. بۆ نمونه که‌یسی ئاوا، که بکوژانی پێشمه‌رگه و گه‌ریلا، له تۆڵه و هه‌ڵوێستی هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانی قوربانییه‌که نه‌ترسن و سور بن له سه‌ر ئه‌نجامدانی تاوانه‌کانیان.
گه‌لۆ ببینن پاره و پله و پۆست چۆن خه‌م و خوێن و خه‌بات بیرده‌باته‌وه! فارسه‌کان ڕاست ده‌ڵێن، که لای هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندی ته‌ڵاقی بیروباوه‌ڕ و پره‌نسیپی داوه.