(٢-٢)
لە ئەدەبیاتی سەر بە زانستە سیاسیەکاندا بەهێزگەلی وەک حیزبوڵا دەگوترێت «بکەری نادەوڵەتی». ئەمانەش ئەو جۆرە ئۆرگان و رێکخراو و گروپانە دەگرێتەوە کە کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە، بەڵام بەشێک نین لە دەوڵەت خۆی و سەروەری ئەو دەوڵەتەوە ناپارێزن کە لە چوارچێوەیدا ئامادەن. ئەم جۆرە ئۆرگانە نادەوڵەتییانە لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەوە ئاراستەناکرێن، بەڵام بەپێی بڕ و هێزی ئەو دەوڵەتە دەکرێت جۆرێک لە کۆنترۆڵکردنیان بوونی هەبێت. لەو دۆخانەدا کە دەوڵەت ناتوانێت کۆنترڵیان بکات ئەم بکەرە نادەوڵەتییانە دەگۆڕێن بۆ جۆرێک لە «دەوڵەت لەناو دەوڵەت»دا و زۆرجار بەشێوەیەکی تەواو سەربەخۆ کاردەکەن. زۆرجاریش خاون هێزی سەربازیی و ئابوریی و میدیایی تایبەت بە خۆیانن و بەشێکی زۆری ئەو خزمەتگوزاریانەش دەستەبەردەکەن کە لە دۆخی ئاساییدا دەوڵەت دەستەبەریان دەکات، لەناویاندا، بۆ نموونە، خزمەتگوزاری تەندروستیی و خوێندن و هاریکاریی کۆمەڵایەتیی، هتد...
حیزبوڵا نموونەیەکی بەرچاوی ئەو بکەرانەیە کە وەک «دەوڵەت لەناو دەوڵەت،دا کاردەکات. تا ئەو شوێنەش هەندێک لێکۆڵەرەوە باس لەوەدەکەن کە خودی دەوڵەتی لوبنانی، بە بەراورد بە حیزبوڵا، دەوڵەتۆچکەیەکی بچوکی بێکاریگەریی و بێدەسەڵاتە. تا ئەو شوێنەیش حیزبوڵا دەتوانێت بە تەنها بڕیاری جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل، یان هەر وڵاتێکی تردا بدات، سوپاکەی بەو شێوەیە بجولێنێت و بەکاربهێنەت کە دەیەوێت. لە راستیدا لوبنان وەک دەوڵەت لە ساڵانی هەفتاوە، بەردەوام گیری بەدەست چەندان هێزی سەربازیی بەهێزەوە خواردوە کە زۆربەیان لە دەوڵەتی لوبنانی بەهێزتر و کاریگەرتر بوون. لە هەفتاکاندا هێزە فەلەستینییەکان لە لوباندا بوون و لە بەشێکی وڵاتەکەدا حوکمران بوون، دەوڵەت بوون لەناو دەوڵەتدا. دواتر سوپای سوریا دەچێتە ناو لوبنانەوە و داگیریدەکات. لە دوو دەیەی رابووردوشدا حیزبوڵا دەوڵتی لوبنانی بە بارمتە دەگرێت و سەربەخۆیانە بڕیاری جەنگ و ئاشتی دەدات.
حیزبوڵا تەنها هێزێک نییە لە لوبناندا ئامادەبێت، ئەو خۆی بە هەڵگر و پارێزەری مۆدێلی «ویلایەتی فەقیه» خومیەنی دەزانێت, کە لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە لە ئێراندا پەیڕەویدەکرێت. ئەمەش پەیوەندەییکی عەقائیدی بەهێز لە نێوان حیزبوڵا و ئێراندا دروستکردوە و حیزبوڵای خستۆتە ناو فەلەکی سیاسەتی ناوچەیی و جیهانی ئیێرانەوە. تا ئەو شوێنەی حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حیزبوڵا هەم خۆی و هەم رێکخراوە نادەوڵەتییەکەی وەک «سەربازی ویلایەتی فەقیه» ناودەبرد. وەک بکەرێکی نادەوڵەتی چەکداریش ئێران هەموو جۆرە هاریکارییەکی مادیی و سەربازیی و مەعنەوی حیزبوڵای کردوە. تا بەر لە کوشتنی نەسروڵا و کوشتنی بەشێکی زۆری سەرکردایەتی ئەم هێزە لەلایەن ئیسرائیلەوە، حیزبوڵا وەک هێزێکی چەکدار، هەم هێزە سەربازییەکەی و هەم دەسەڵاتە سیاسییەکەشی، زۆر لە دەوڵەتی لوبنانی بەهێزتربوو.
سەرۆکە کوژراوەکەی حیزبوڵا لە ساڵی ١٩٩٢ و لە تەمەنی ٣٢ ساڵییەوە، سەرۆکی ئەم ڕێکخراوەیە، کاتێک ئیسرائیلىش هەفتەی پێشو لە بۆمبارانکردنێکی سەختی خواروی بەیروتدا کوشتی، نەسروڵا تەمەنی ٦٤ ساڵ بوو. واتە ئەم پیاوە ماوەی ٣٢ ساڵ سەرۆکی بێرکابەری حیزبوڵا بوو، تا نەش کوژرا لەسەرۆکایەتی نەکەوت. لە راستیدا نەسروڵا خۆی لە حیزبوڵا گەورەتر بوو، حیزبولا حیزبی شەخسی ئەو بوو، ئەوەی ئەو دەیگوت ئەوە سیاسەتی حیزبوڵا بوو. ئەم مۆدێلە شەخسییە لە حیزبایەتی مۆدێلی باڵادەستی بەشێکی گەورەی ناوچەکەیە و یەکێکیشە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی ئەو هەموو کێشە سیاسییەی ئەو ناوچەیە بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
لە رۆژی دوای پەلامارەکەی حەماسەوە بۆسەر ئیسرائیل، حیزبوڵا چۆتە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا. سبەینێ دەبێت بە ساڵێک کە جەنگی ئەم جارەی غەزە بەرپابووە. لە ماوەی ئەم ساڵەدا نە ئێران، نە حوسیەکان، نە هێزە عێراقییەکان نەیانتونیوە زیانێکی قابیلی باسکردن بە ئیسرائیل بگەیەنن.
بەڵام ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبوڵا لەم جەنگەدا لەوان جیاوازە، حیزبوڵا هەم لە ئیسرائیل نزیکترە، هەم هێزی زیاترە، هەم ئەزموونی جەنگی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە. ئێستا کە حیزبوڵا بەدەست ئیسرائیلەوە گیری تەواوی خواردوە و بەشی هەرزۆری سەرکردەکانی کوژراون و بەشێکی بەرچاوی ژێرخانە سەربازییەکەشی وێرانکراوە، شتێک نامێنێتەوە توانای هەرەشەکردنی راستەقینەی لە ئیسرائیل هەبێت
بەڵام ئەگەر حیزبوڵا لە لوبناندا بکەوێت، ئەم کەوتنە هیچ مانایەکی نابێت گەر ئەم کەوتنە نەبێتە هۆکاری کەوتنی ئەو سێ ئاکارە سەرەکییەی کە حیزبوڵا هەڵگریەتی. یەکەمیان، کەوتنی مۆدێل و «پرۆژەی ویلایەتی فەقی». دووهەم، کەوتنی مۆدێلی «ئەکتەری نادەوڵەتیی» چەکدار. سێهەم، کەوتنی ئەو مۆدێلە حیزبییەی کە «سەرۆکی هەتاهەتایی بێدەستگۆڕکێی دەسەڵات لەناو حیزبدا»، دروستدەکات. واتە کەوتنی ئەم هێزە کاتێک مانابەخشە کە لەیەککاتدا کەوتنی تیورەیەکی سیاسیی و کەوتنی هێزی میلیشیایی و کەوتنی مۆدێلی حیزبی لىنینی دەسەڵاتگەرانە، بێت. نەک تەنها لە لوبناندا بەڵکو لە سەرجەمی ناوچەکەدا.
لەسەرێکی دیکەوە «مۆدێلی حیزبوڵا» شتێکی دیکەشمان نیشانئەدات کە گرنگییەکی تیوریی و سیاسیی گەورەی هەیە، ئەویش فەشەلی بەشهکی زۆری دەوڵەتانی ناوچەکەیە لەوەدا کە ببن بە دەوڵەتی نەتەوە. ببن بە دەوڵەتێک بتوانێت نەتەوەیەک دروستبکات.
وڵاتێکی وەک لوبنان بە درێژایی ساڵانی ١٩٧٥ تا ١٩٩٠ لەناو جەنگێکی تائیفیی خوێناویدا نووقمبوو. ١٥ ساڵی رەبەق تائیفە دینییەکان و هێزە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە خۆیان چەکداردەکرد و یەکتریان دەکوشت. موحاسەسەیەکی تائیفی کۆتایی بە جەنگەکە هێنا، بەبێ ئەوەی ئەو موحاسەسەیە بتوانێت شتێک بەناوی نەتەوەی لوبنانییەوە دروستبکات.
تا ئەم ساتەش ئەوەی ناوی لوبنانە، ھەرچیەک بێت، نە دەوڵەتە نە نە نەتەوە. لوبنان خاوەنی هێزی تائیفی چەکدار و بێچەکە، ئەم تائیفانەش نە دەوڵەتیان هەیە بەمانای هەبوونی ئۆرگانێکی سەروەری هاوبەش کە توانای مۆنۆپۆڵکردنی توندوتیژیی یاسایی هەبێت، لە فۆرمی هەبوونی سوپا و هێزی پۆلیس و ئاسایشی هاوبەشدا. نە لوبنانیەکان خۆپیشیان نەتەوەن وەک کۆمەڵەیەکی سیاسیی خەیاڵکرد کە دان بە بوونی یەکتریدا بنێن و هەموویان خۆیان بە هاوڵاتی یەکسانی یەک وڵات بزانن. بەم مانایە لوبنان نە دەوڵەتە وەک دەوڵەت و نە نەتەوەشە وەک نەتەوە. بەڵکو شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک گروپی مەزھەبی و تائیفی دابەشبوو و بێپەیوەندین، کە باوەر و ڕوانین و شێوەژیان و دین و کولتوریان جیاوازە و هەر هەموویشیان لە قۆناعی بەر لە دروستبوونی نەتەوەدا دەژین. دەسەڵاتیش لە وڵاتەکەدا دەسەڵاتێکی میلیشیاییە و لۆژیکی میلیشیا جەوهەری پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان بەیەکەوە گرێئەدات.
لە ڕاستیدا لوبنانییەکان باوەریان نە بە سەرکردە سیاسییەکانیان ماوە، نە بە سەرکردە دینییەکانیان، نە بە پارت و ریکخراوە سیاسییەکان و نە بەو حکومەت و پەرلەمانەی کە دروستکراون، بە دەزگاکانی دەوڵەت خۆیشیەوە. بەشێکی زۆری خەڵکی ولاتەکەش هەم رقیان لە حیزبوڵایە و هەم لە ئیسرائیلیش، هەم ئیسراىل بە هێزێکی بەربەری و شەڕفرۆش دەزانن و هەم حیزبوڵاش وەک مەقاشی دەستی هێزی دەرەکیی دەبینن. بەشێکی گەورەیشیان هاوسۆزیەکی گەرمیان بۆ فەلەستینییەکان هەیە، بەڵام هاوکات هێنانی جەنگ بۆ وڵاتەکەیان لەلایەن حیزبوڵاوە وەک کارەساتێکی گەورە وێنادەکەن.
کەسانێک هەن کوشتنی نەسروڵا و مردنی جەمال عەبدولناسر بەیەکتری دەچوێنن. لە رووی مێژووییەوە جەنگی شەش رۆژەی ١٩٦٧ و مردنی عەبدولناسر لە ساڵی ١٩٧٠ دا. بە هۆکاری کەوتنی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی دەزانن. لە ئێستاشدا کوشتنی نەسروڵا و دۆخی ئەمرۆکەی حیزبوڵا بە سەرتای کەوتنی پرۆژەی ئیسلامی سیاسیی لەناوچەکەدا دەزانن. یەکەمیان بە «نەکسەی قەومی ١٩٦٧» ناودەبەن و ئەمەی ئێشتاش بە «نەکسەی ئیسلامی سیاسیی ٢٠٢٤». ئاخر کوشتنی نەسروڵا، بە دوای کوشتنی ئوسامە بن لادنی سەرۆکی قاعیدە و کوشتنی ئەبو بەکر بەغدادی سەرۆکی دەوڵەتی ئیسلامیدا دێت، بەسەریەکیشەوە هێما بۆ فەشەلی پرۆژەیەکی سیاسیی دینیی دەکەن کە لە ساڵانی هەفتاوە وەک ئایدیۆلۆژیای باڵادەست کاردەکات. لێرەدا بە تایبەتی قسە لە کۆتایی ئەو فۆرمە خۆکوژیی و ئینتیحارییەی ئیسلامی سیاسی دەکەن کە جەنگ لە پێناوی شەهیدبوون و چوون بۆ بەهەشتدا دەکەن. لەم دیدگایەدا حەماس و حیزبوڵا هێزی سیاسی نین، بەڵکو هێزی ئایدیۆلۆژیی و دینیی ئیتیحارین و ئیتیحارکردنەکەشیان بەناوی شەهادەتەوە هەم بە خۆیان و هەم بە هەوادارەکانیان دەفرۆشن. لەم ڕێگایەشەوە بەهەڵەی نازانن بەشێکی بەرچاوی میلەتەکەشیان بە کوشتبدەن، مادامەکی هەموویان بەیەکەوە بۆ بەهشت دەڕۆن.
ئەوەی ئاشکرایە و دەبینرێت ئیسرائیل دەخوازێت لە لوبناندا دووشت تێکبشکێنێت. یەکەمیان چبەخانەی پڕ لە چەک و هێزە چەکدارییەکەی حیزبوڵایە. دووهەمیان دەزگا ئەمنیی و ئیستیخباراتیەکەی ئەو هێزەیە کە هەموو نهێنیەکانی حیزبەکەی وەک بکەرێکی نادەوڵەتی تێدایە. لە ئەنجامدانی ئەمەشدا گوێ بە ژیان و گوزەرانی ئەو چەند ملیۆن مرۆڤە نادات کە بێماڵ دەکەون و لەسەر شەقامەکان دەژین. بۆ ئەم مەبەستەش ئیسرائیل هەموو لوبنانی کردۆتە شوێنی پەلاماردان و بۆمبارانکردنی ماشێنە سەربازییەکەی.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کوشتنی نەسروڵا و لاوازبوونی حیزبوڵا، سەرەتای کۆتایی ئەم شێوازە لە بکەری نادەوڵەتییەیە لەناوچەکەدا؟ سەرەتای گەڕاندنەوەی دەوڵەت و دەزگاکانی دەوڵەتە وەک هاوبەشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی سەرەکیی؟ سەرەتای کۆتایی و نەمانی میلیشیا جیاوازییەکانە بە تەنیشت سوپا فەرمییەکانەوە؟ حیزبوڵا گورزێکی سەربازیی و ئەمنی زۆر گەورەی بەرکەوتوە، بەڵام دەرەنجامە سیاسییەکانی ئەم تێکشکانە سەربازیی و ئەمنییە ھێشتا نادیارە.
لە(درەو میدیا) وەرگیراوە