لە دونیای مۆدێرندا، یەکێک لە ھەڕەشە ھەرە ترسناکەکان بشێت ڕووبەڕووی ھەر کۆمەڵگایەک ببێتەوە، ئەوەیە ئەو کۆمەڵگایە بێدەنگ بکرێت، ڕێگاکانی قسەکردن و گوزارشتکردنی لێبگیرێت، ھەڕەشەی ئەوەی لێبکرێت کەی قسەیکرد سزابدرێت. بێدەنگکردن کردەیەک نییە تەنھا پەلاماری ڕەھەندە سیاسییەکانی مرۆڤ ئەدات، بەڵکو پەلاماری سەرجەم مرۆڤبوونی مرۆڤ ئەدات. ئەمەش نەک تەنھ الەبەر ئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی قسەکەرە، بەڵکو بەو مانایەش کە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆکە کۆمەڵگای پلورال و ھەمەڕەنگن، پڕن لە دید و ڕوانین و تێگەیشتن و بۆچوون و شێوەژیانی جیاواز، کە ھەریەکێکیان قسە و دەنگ و زمانی تایبەت بە خۆی دروستدەکات. پەلاماردانی ئەم دۆخە پەلاماردانی بوونی پلورال و فرەڕەنگیی مرۆڤە لە جیھاندا.
یەکێک لە مانا ھەرە سەرەکییەکانی پرۆژەی مۆدێرنە بریتییە لە دروستبوونی جیھانێکی پلورالی پڕ جیاوازیی، یەکێک لە تەحەدا سەرەکییەکانی کۆمەڵگا مۆدێرنەکانیش بریتییە لە توانا و خواستی دروستکردنی چوارچێوەیەکی سیاسیی و یاسایی و ڕەمزیی بۆ کۆکردنەوەیەکی ھێمن و مافداریی ئەو جیاوازیانە بەیەکەوە. سزادانی مرۆڤ لەسەر قسەکردن تاوانی ژمارە یەکی ناو دونیایەکی لەو شێوەیەیە. سانسۆرکردنی قسەکردن سەرەتای سانسۆرکردنی ھەموو شتێکە بەرگریی لە مرۆڤبوونی مرۆڤ بکات. زۆرێکیش لە تاوانە گەورەکانی ناو مێژووی مۆدێرن بە سانسۆرکردنی قسەکردن دەستیانپێکردوە. لە ھەناوی ھەر تاوانێکی گەورەشدا سەرەتا زمان لە مرۆڤ سەندراوەتەوە، دواتر مافەکانی تری، تا بە ڕوانان و گرتن و کوشتنی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی گەیشتوە.
بەڵام بێگومان ھەموو قسەکردنێک قسەکردنێکی شیاو نییە، ھەموو دەنگێک دەنگێکی پاکژو بێگەرد و ئینسنای نییە، قسەی پیس و دەنگی پیس ھەن و زۆرن. پیسدەنگیی بەشێکی بەرچاوی مێژووی قسەکردن و مێژووی تەعبیرکردنی مرۆڤە لەخۆی. بەم مانایە قسەکردن زۆرجار ڕەھەندێکی بریندارکەر و ھێرشبەر و زویرکەریشی ھەیە. ھەندێکجار بڕێک، زۆر یان کەم، لە توندوتیژیی ڕەمزیشی تێدایە. بەڵام ھیچ یەکێک لەمانە نابێت وەک بەھانەیەک بۆ بێدەنگکردن بەکاربێت. پیسبوونی دەنگ لە بێدەنگکرن باشترە، مرۆڤ قسەی پێگوترێت باشترە لەوەی ڕێی لێبگیرێت جگە لە یەک دەنگ، یەک لە دەنگی سانسۆرکراو، شتێکی دیکە نەبیستێت.دەشێت تا ئەو شوێنە بڕۆین و بڵێین بۆ ئەوەی قسەی جوان ھەبێت، دەبێت قسەی پیسیش ھەبێت. جوانیی تەنھا لە پەیوەندییدا بە پیسییەوە مانایەکی ھەیە.
لە دونیای ئێمەدا زیاد لە ھێزێک ئامادەیە کە لە قسەکردن دەترسێت. لە کتێبی ”کۆمەڵگا و غەریبەکانیدا“ چەند ترسێکی جیاوازم لە قسەکردن لە کۆمەڵگای ئێمەدا لەیەکتری جیاکردۆتەوە، کە ھەریەکێکیان بە شێوازی تایبەت ئامادەیە. ئەم ترسە لە قسەکردن بووە بەترس لەو تەکنۆلۆژیای پەیوەندییە تازەیە کە توانای قسەکردنی لە کۆمەڵگای ئێمەدا گەورەکردوە. لەوانەش ترسی سیاسیی. ترسی سەربازیی، ترسی ئەخلاقیی، ترسی دینیی، ترس لە تێکشکانی ھەرەمیەتی کۆمەڵایەتی تەقلیدیی، ترس لە لەدایکبوونی شەرعیەتی نوێ، ترس لە ڕەخنە. لە پشتی ھەر یەکێک لەم ترسانەوە کەسانێک یان گروپ و کۆمەڵەیەک، یان نوخبە و ھێزێکی کۆمەڵایەتیی ئامادەیە، کە پایەکانی دەسەڵاتی خۆی بە فۆرمی جیاوازیی بێدەنگکردن و قسەنەکردنەوە گرێدراوە. لە کوێشدا پایەکانی دەسەڵات لەسەر ڕێگرتن لە قسەکردن دروستبوو، لەوێدا بێدەنگکردنی سیستامتیک دەبێتە ستراتیژیەتی مانەوەی ئەو دەسەڵاتە.
ئێستا ئەگەر ناچاربین لەنێوان بێدەنگیی و پیسدەنگیدا یەکێکیان ھەڵبژێرین، بەسەدان شێوە تەندروستر و ڕاستترە بێدەنگرکردن ھەڵنەبژێرین. دەنگی پیس لە بێدەنگیی باشترە. بەیاساییکردنی بێدەنگیی، زۆر ترسناکترە لەو دەنگە پیسانەی ۆژنە دەیانبیستین و بۆ ماوەیەک بێزارو بێتاقەتمان دەکەن. تا ئەو شوێنەی قسەکردن بەرھەمھێنەرێکی گەورەی ڕق و دڕدۆنگیی و ھەڵاوێردکردن نییە بەرامبەر بە کەس یان گروپێکی دیاریکراو، ڕاسیزمێکی ڕووت نییە، یان دەستپێکێک نییە بۆ پەڕینەوە بۆ بەکارھێنانی توندوتیژیی، پیسدەنگیی بە دەیانشێوە لە بێدەنگکردن، تەندروسترە و مەترسییەکانی کەمترە. ئاخر لە کوێدا مرۆڤ بێدەنگکرا، لەوێدا ھیچ ڕێزێک بۆ ھیچ مافێکی تر نامێنێتەوە.