بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی رەتیانکردەوە بایکۆت بشکێنن و هەفتەی داهاتوو دەست بە دەوام بکەنەوە.
نوێنەری بەشێک لە مامۆستان و فەرمانبەرانی ناڕازی زانکۆی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ئێمە بەردەوامدەبین لە بایکۆت و هەفتەی داهاتوو دەوام دەستپێناکەینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" تاوەکو مافە شایستەییەکانمان وەردەگرین ناگەڕێینەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن و دەست بە دەوامکردن ناکەینەوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران وتی:" لە روانگەی خەمخۆری بۆ داهاتووی ٢٣ هەزار خوێندکاری زانکۆی سلێمانی و هەڵنەپەساردنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤ سەرجەم خوێندکاران ئاگادار دەکەینەوە، هەفتەی داهاتوو پڕۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە".