خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، پشتیوانی ئێران بۆ بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لای ئەوان "جێگەی رێزو تەقدیرە" دەشڵێت، "نابێت ئەمە ببێتە بیانو کە ئێمە پشت لە حەماس بکەین چونکە ئێران پشتیوانی دەکات، چ بزوتنەوەیەکی کوردی هەیە کە ئێران پشتیوانیی نەکردبێت و بەهانای نەهاتبێت."
ئاوێنە: خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی "كوردپرێس" رایگەیاند"دۆزی فەلەستین دۆزێكی ئیسلامی و مرۆییە، هەروەها دۆزی میللەتێکی موسوڵمانە کە ستەمی لێکراوەو خاكی داگیر کراوە، ئەركە لەسەر هەر موسوڵمانێک کە لە هەرشوێنێک بێت هاوسۆزو هاوخەم بێت و پشتیوانی و پشتگیریی قەزیەی فەلەستین بکات."
وتەبێژی یەکگرتوی ئیسلامی وتوشیەتی"یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان وەکو زۆربەی میللەتی کورد جگە لە هەندێک کاڵفام کە مەسخ بونەو هیچ هەستێک بە ئازار ناکەن، پشگیری فەلەستینە."
بەقسەی وتەبێژی یەكگرتوی ئیسلامی "بزوتنەوەی کوردی کاتی خۆی دروست بو، زۆر نزیکی لەگەڵ بزوتنەوەی فەلەستینی هەبو و سودی زۆریان لەیەکتر وەردەگرت و تەجروبەی یەکتریان ئاڵوگۆڕ دەکردو دۆستایەتی لەناو سەركردایەتی بزوتنەوەی فەلەستینی و کوردیدا هەبو، زۆر باس دەکرا لە دۆستایەتی مام جەلال لەگەڵ جورج حەبەش یان سەركردەكانی دیكەی فەلەستین."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە پرسی غەززەو فەلەستین، وتەبێژی یەكگرتو وتویەتی"هەڵوێستی ئێران جێگا سوپاس و پێزانینە و ئەوە هیچ عەیب نییە...ئەوەی کە ئێران پشتگیری حەماس و جیهادی ئیسلامی و حیزبوڵا بکات ئەمانە جێگای ڕێز و تەقدیرە و بەشێكە لە ئەرکی کۆماری ئیسلامی."
هەروەها وتوشیەتی"ئەو هاوکارییەی ئێران بۆ حەماس شتێکی زۆر زۆر گرنگە بۆ ئێمە وەکو یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان جێگای تەقدیرو پێزانینە و ئەمەش بابەتێکی زۆر سروشتییە. بەهیچ شێوەیەك نابێت ئەمە ببێتە بیانو کە ئێمە پشت لە حەماس بکەین چونکە ئێران پشتیوانی دەکات، چ بزوتنەوەیەکی کوردی هەیە کە ئێران پشتیوانیی نەکردبێت و بەهانای نەهاتبێت و نەبوبێتە جێگای پەنابەریی بۆیان."