بنیامین نهتهنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئهمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، کابینەی ئەمنی بڕیارەکانی لە ناوبردنی توانا سەربازییەکانی بزوتنەوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی پەسەند کردوە، له ئێستادا وڵاتهكهی روبهڕوی شهڕێكی درێژخایەن و سەخت بوەتەوە.
ئاوێنە: نهتهنیاهۆ له پهیامێكدا باسی لهوهكردوه، ئیسرائیل "لە لێواری شەڕێکی درێژخایەن و سەختدایە، ئەو شەڕە لە ئەنجامی هێرشێکی کوشندە کە لەلایەن حەماسەوە دەستیپێکرد، بەسەر ئێمەدا سەپێندرا".
ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی یەکەم لەم کاتژمێرانەدا کۆتایی دێت بە "لەناوبردنی زۆربەی ئەو هێزانەی دوژمن کە چونەتە ناو خاکەکەمانەوە".
نهتهنیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "لە هەمانکاتدا دەستمان بە هێرش کردوە، بەبێ زەمانەت و بێ پشو بەردەوام دەبێت تاوەکو ئامانجەکان بەدی دەهێنرێن، ئاسایش بۆ هاوڵاتیانی ئیسرائیل دەگەڕێنینەوە و سەردەکەوین".
هاوكات سوپای ئیسرائیل ئهمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، دوای هێرشێکی لەناکاوی بزوتنەوەی حەماس دۆخی ئیسرائیل لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەرچوە.
جۆناسان کۆنریکوس، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دهڵێت، "هێشتا شەڕ لە باشوری ئیسرائیل بەردەوامە و هێشتا ئەندامانی حەماس لەناو ئیسرائیلدا هەن".
رونیشکردەوە، "ژمارەی ئەو هاوڵاتییە سڤیل و سەربازانەی لەلایەن حەماسەوە لە غەززە دەستبەسەر کراون، داهاتوی ئەم شەڕە یەکلایی دەکاتەوە، دوێنێ شەممە به زیاتر لە سێ هەزار موشەک هێرشیان کردوەتە سەر ئیسرائیل، و ڕوبەڕوی چەندین هێرشی موشەکی بوینەوە".