د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ دەستپێکی دابەشکردنی موچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی عێراق، بەغدا 700 ملیار دینارەکە بۆ ھەرێم دەنێرێت. دەشڵێت: وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە هەوڵداین تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێم بۆ دو ساڵی داهاتو دەستەبەربكەین.
ئاوێنە: د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی رێککەوتنەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، تاکو کۆتایی ئەمساڵ بەغدا مانگانە پارە بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێرێت.
ئەوەشی خستەڕو، ئەو بڕە پارەیەی بڕیارە لەم مانگەدا بەغدا بۆ ھەرێمی بنێرێت، بۆ موچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی ھەرێم دەنێردرێت، بەڵام حکومەتی ھەرێم سەرپشکە لەوەی موچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی پێ دابەشبکات.
ئەو ئەندامەی لیژنە دارایی جەختیشیکردەوە، وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە لیژنەی دارایی و ئەنجومەنی نوێنەران، لە ھەوڵدان تەواوی شایستە داراییەکانی ھەرێم بۆ دو ساڵی داھاتو دەستەبەربکەن.