کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (ئێلیزێ)، كوژرانی ئەفسەرێكی وڵاتەكەی لە ئۆپەراسیۆنێكی دژی تیرۆردا لە عێراق راگەیاند.
ئاوێنە: كۆشكی ئێلزێ، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكی ئاشكرایكرد، ئەفسەر نیکۆلا مازیێ، ئەندامی هێزی کۆماندۆی پەرەشوتەوانی بیست، دوێنێ لە کاتی پشتیوانیکردنی تیمەكەی لە هێزێکی عێراقی، لە ئۆپەراسیۆنێکی دژی تیرۆردا لە عێراق کوژراوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ژمارەیەكی دیكە لە تیمەكەی برینداربون.
نیکۆلا دەبێتە سێیەمین سەربازی فەرەنسا کە لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا لە عێراق گیانلەدەستبدات.
شەوی هەینی رابردو 18-8-2023، باپتیست گۆشۆت، سەربازێکی فەرەنسی لە کاتی ئەرکێکی مەشقکردندا لەگەڵ هێزەکانی عێراق، توشی روداوی هاتوچۆ بو و برینداربو، بەهۆی سەختیی برینەکەشییەوە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەیەک لە هەولێر، گیانی لەدەستدا.
رۆژی یەکشەممە 21-8-2023، ئەفسەر نیکۆلا لاتۆرت لە سوپای فەرەنسا لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا لە عێراق گیانی لەدەستدا.