ئەمڕۆ چوارشەممە8/2 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازى له هاننۆ پیڤکۆر، وەزیری بەرگری ئیستۆنیا کرد.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندی دولایەنە کرا. جەخت لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و سەقامگیربونی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا کرایەوە.
هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، گرنگیی بەردەوامبونی هاریکاری و هاوئاهەنگی ئەمنی و سەربازی لە نێوان هەردولا، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بو، بەتایبەتی روبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی داعش. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت "سوپاسی هێزەکانی ئیستۆنیای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش ، بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "وەزیری بەرگری ئیستۆنیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی و بەردەوامبونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە دەربڕی."