ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم لە گۆڕەپانی تەحریری بەغداوە لە پەیامێكدا بۆ دەسەڵاتدارانی بەغداو هەرێم پێنج داواكاری دەخاتەڕو و دەشڵێت، ژیان و سەلامەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتو لە سلێمانی لە ئەستۆی هەردو حکومەتی عێراق و هەرێم و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە.
ئاوێنە: ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە، لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پەیامێكی خستەڕو.
ئەنجومەنەكە لە پەیامەكەیدا ئەم پێنج داواكارییەی خستونەڕو:
١ـ بەزوترین کات پرسی موچەی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردو و مانگی یەکی ساڵی نوێ یەکلایی بکرێنەوە و دابەشبکرێن.
٢ـ پرۆژەی "هەژماری من"ی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕەتدەکەینەوە و داواکارین موچەکانمان هاوشێوەی موچەخۆرانی عێراقی؛ لەلایەن بانکە فیدراڵییەکانی حکومەتی عێراقەوە تەوتین بکرێت.
٣ـ بەزوترین کات لقی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە، بۆ ئەوەی تەوتینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەستپێبکات.
٤ـ لە هەمواری پرۆژەی یاسای بودجەدا بڕێک پارەی پێویست تەرخان بکرێت بۆ گێڕانەوەی موچە بەناو پاشەکەوتکراوەکان و ئەو موچە و بڕە پارانەی، بەهەر ناوێکەوە لە موچەکانمان بڕاون.
٥ـ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی موچەخۆرانی هەرێم، هەروەها ئەو موچەخۆرانەش کە خانەنشین دەکرێن، بەو پلەیەی کە شایستەی بون، خانەنشین بکرێن.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازی داوایكرد حکومەت و پەرلەمانی عێراق، ئەرکە یاسایی و دەستورییەکانی خۆیان بەرامبەر موچەخۆرانی هەرێم جێبەجێ بکەن و موچەی موچەخۆران دوربخرێتەوە لە ململانی سیاسییەکان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکرێن و مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم نەکرێن بە قوربانی گەندەڵی و ناشەفافییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم.
ئەنجومەنەكە ئاماژەی بەوەشداوە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتو لە پارێزگای سلێمانی لە دۆخێکی تەندروستی خراپدان، ژیان و سەلامەتی ئەوان لە ئەستۆی هەردو حکومەتی عێراق و هەرێم و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە، بۆ پارێزگاری لە ژیانی ئەوان و بەهەند وەرگرتنی داواکارییەکانمان؛ چاوەڕوانین پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەزوترین کات چارەسەر بکەن.
دەقی پەیامەكە:
بەناوی خوای گەورە
بەڕێزان:
٭سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٭ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
٭سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
٭وەزیری دارایی عێراق
٭سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان
وەکو ئاگاداران موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (10) ساڵە لە دۆخێکی دارایی و ئابوریی سەختدا دەژین؛ چونکە لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێمی کورستان
(١٨) مانگی تەواو موچەیان پێنەداون و (٤٤) مانگیش بەناوی جۆراوجۆرەوە بڕێکی زۆری موچەی موچەخۆرانی هەرێمیان بڕیوە.
لە هەمان کاتیشدا لەساڵی (٢٠١٦)ەوە پلەبەرزکردنەوەی موچەخۆرانیان ڕاگرتوە.
لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا ئێمەی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ گێڕانەوەی مافەزەوتکراوەکانمان؛ چەندین ڕێگەی مەدەنیمان گرتوەتەبەر، سەدان خۆپیشاندانمان ئەنجامداوە و سەدان ڕۆژ بایکۆتی هۆڵەکانی وانەوتنەوە و فەرمانگەکانمان کردوە.
هاوکات سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردوە و پەیام و داواکاری خۆمانمان پێگەیاندون.
بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەجیاتی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانمان، هەمیشە بە توندترین شێوە، بەرەنگاری مامۆستایان و فەرمانبەران بونەتەوە. سەدان ناڕەزاییان لێ دەستگیرکردوین و چەندین مامۆستا و خۆپیشاندەریان شەهیدکردوە.
ئێستاش دوای ئەو ماوە دور و درێژە، کێشەکان نەک چارەسەر نەبون؛ بەڵکو قوڵتربونەتەوە.
لە ئێستادا کە ئەم پەیامەتان ئاڕاستە دەکەین؛ لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیەی پارێزگای هەولێر، دەرگای قوتابخانەکان و زۆرێک لە فەرمانگەکان داخراون و مامۆستایان و فەرمانبەران بەهۆی بێموچەییەوە بایکۆتی دەوامیان کردوە، هاوکات له ئێستادا بۆ داکۆکی له مافەکانمان ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەری هاوڕێمان لەبەردەم نوسینگەی سلێمانی نەتەوەیەکگرتوەکان لە پارێزگای سلێمانی مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتوە.
ئاگادارین لە ئێستادا هەوڵ و گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەری پرسی موچە؛ بەڵام بەداخەوە گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا بەرهەمێکی ئەوتۆیان نەبوە، بۆیە ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم، دو ڕۆژە هاتوینەتە بەغداد، تا لەنزیکەوە وەکو هاوڵاتییەکی عێراقی، گرفت و داواکارییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بەڕێزتان بکەین.
لە گرنگترین داواکارییەکانیشمان ئەمانەن:
١ـ بەزوترین کات پرسی موچەی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردو و مانگی یەکی ساڵی نوێ یەکلایی بکرێنەوە و دابەشبکرێن.
٢ـ پرۆژەی "هەژماری من"ی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕەتدەکەینەوە و داواکارین موچەکانمان هاوشێوەی موچەخۆرانی عێراقی؛ لەلایەن بانکە فیدراڵییەکانی حکومەتی عێراقەوە تەوتین بکرێت.
٣ـ بەزوترین کات لقی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە، بۆ ئەوەی تەوتینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەستپێبکات.
٤ـ لە هەمواری پرۆژەی یاسای بودجەدا بڕێک پارەی پێویست تەرخان بکرێت بۆ گێڕانەوەی موچە بەناو پاشەکەوتکراوەکان و ئەو موچە و بڕە پارانەی، بەهەر ناوێکەوە لە موچەکانمان بڕاون.
٥ـ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی موچەخۆرانی هەرێم، هەروەها ئەو موچەخۆرانەش کە خانەنشین دەکرێن، بەو پلەیەی کە شایستەی بون، خانەنشین بکرێن.
لە کۆتاییدا داواکارین حکومەت و پەرلەمانی عێراق، ئەرکە یاسایی و دەستورییەکانی خۆیان بەرامبەر موچەخۆرانی هەرێم جێبەجێ بکەن و موچەی موچەخۆران دوربخرێتەوە لە ململانی سیاسییەکان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکرێن و ئێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم نەکرێین بە قوربانی گەندەڵی و ناشەفافییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم.
هەر لێرەوە ڕایدەگەیەنین مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتو لە پارێزگای سلێمانی لە دۆخێکی تەندروستی خراپدان، ژیان و سەلامەتی ئەوان لە ئەستۆی هەردو حکومەتی عێراق و هەرێم و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە، بۆ پارێزگاری لە ژیانی ئەوان و بەهەند وەرگرتنی داواکارییەکانمان؛ چاوەڕوانین پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەزوترین کات چارەسەر بکەن.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕازیی هەرێمی کوردستان
١ / ٢ / ٢٠٢٥