بڕیارە لە ماوەکانی داهاتوودا دەروازەیەکی سنووریی نوێ لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بکرێتەوە.
ئاوێنه: عەبدوڵا ئاکرێی بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لە سەردانەکەی پارێزگارەکانی هەرێم بۆ ئێران کە تیایدا لەگەڵ پارێزگارەکانی سەر سنووری ئێران و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە، بەرپرسە ئێرانییەکان وتیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان بڕیاریداوە بە زووترین کات ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێم فراوانتر بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد:" یەکێک لەو بڕیارانەی لەوکاتەدا درا ئەوەبوو کە شاندێکی ئێران دوای ماوەیەک سەردانی دەروازەی حاجی ئۆمەران بکەن سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەی سنووری سیدەکان، بۆ ئەو مەبەستەش ٢٤ی تەمموز، پارێزگاری ورمێ و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئێران سەردانی حاجی ئۆمەران دەکەن و لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆدەبنەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر کردنەوەی مەرزی سیدەکان دەدرێت".