مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی ئەمرۆ دوشەممە لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبونەوە و لەبارەی کێشەکانی نێوانیان گفتوگۆیان کرد، بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، هەردولا کۆکبون لە سەر چارەسەریی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ، ئەوەش دوای حەوت مانگ لە بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمرۆ دوشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە قوباد تاڵەبانیـ جێگری سەرۆکی حکومەت کرد، "لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا و هەردولا کۆکبون لە سەر چارەسەریی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە".
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا، هەروەها تیشک خرایە سەر دوا دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە و جەخت لە سەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کرایەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستورییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
کۆبونەوەکە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە حەوت مانگە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردوە، تائێستاش دیارنیە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی بڕیاریداوە بگەڕێتەوە بۆ کۆبونەوەکان یاخود نا.