نوسینگەی مەسرور بارزانی: با قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی واز لە چەواشەکاری بێنن
  2023-04-26       860       

نوسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، "دامودەزگا میدیایی و کەسانی نزیکی قوباد تاڵەبانی..پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە وەک هەڵوێستێک لەپێناو مافی موچەخۆرانی سلێمانی بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردوە" دەڵێت: قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەكێتی یەكسەر دوای داوای رادەستكردنی تۆمەتبارانی كوژرانی هاوكار جاف لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران كشانەوە. دەشڵێت"ئەگەر قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵکی سلێمانی دەکەن، با واز لە چەواشەکاری و خۆڵ لەچاوی خەڵک کردن بێنن."

ئاوێنە: نوسینگەی مەسرور بارزانی، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ماوەیەکە دامودەزگا میدیایی و کەسانی نزیکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، پرۆپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە وەک هەڵوێستێک لە پێناو مافی موچەخۆرانی سلێمانی بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردوە...ئەمەش ستەمێکی دیکەیە لە خەلکی سلێمانی و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیانی دەکەن."

ئاماژەی بەوەشداوە "بەرگری لە مافی موچەخۆرانی سلێمانی ئەرکی هەمو تیمە وەزارییەکانەو ئەگەر ستەمێک بەرامبەر بە خەڵکی سلێمانی هەبێت، بەر لە هەر کەسێک وەزیرانی پارتی و گۆڕان و سوشیالیستیش قبوڵی ناکەن، بۆیە با موزایدە بەسەر خەڵکی سلێمانییەوە نەکرێت."

نوسینگەی سەرۆكی حكومەت وتوشیەتی"كێشەی نەهێشتنی سیولە چەندین مانگ بو لە سنوری سلێمانی هەبو و لێژنەی بەدواداچونیش پێکهێنرابو و کاریان لەسەر ئەو کێشەیە دەکردو بڕیاربو کۆبونەوەیەکی تایبەت لەسەر ئەنجامەکانی کاری ئەو لێژنەیەش بکرێت، بەڵام کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ڕویداو ئەو پرۆسەیەی پەکخست، چونکە یەکسەر دوای داوای ڕادەستکردنی تۆمەتبارانی کردەوەکە، قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی هەڵوێستیان وەرگرت و لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کشانەوە."

بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی مەسرور بارزانی "هەمو هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابوریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانیی سەختتر کردوە دەستبردنە بۆ داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە، کە هەر خودی قوباد و کەسانێک لە ناو حیزبەکەی لێی بەرپرسیارن."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە "کرۆکی کێشەی دارایی لە سنوری سلێمانی ئەوەیە کە پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات شەفاف نییە و رێگەش نادرێت چاودێرییەکی مەرکەزی لە سەر ئەو پرۆسەیە هەبێت."

نوسینگەی سەرۆكی حكومەت لە كۆتاییدا جەختی كردۆتەوە كە "شوێنی چارەسەریی گشت ئەم کێشانەش تەنیا کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانە، بۆیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵکی سلێمانی دەکەن، با واز لە چەواشەکاری و خۆڵ لەچاوی خەلک کردن بێنن و بگەڕێنەوە بۆ کۆبونەوەکان و گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن."

دەقی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ماوەیەکە دامودەزگا میدیایی و کەسانی نزیکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، پرۆپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە وەک هەڵوێستێک لە پێناو مافی موچەخۆرانی سلێمانی بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردوە.

بۆ ڕایگشتی ڕونی دەکەینەوە کە، ئەمەش ستەمێکی دیکەیە لە خەلکی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانی دەکەن. بەرگری لە مافی موچەخۆرانی سلێمانی ئەرکی هەمو تیمە وەزارییەکانە و ئەگەر ستەمێک بەرامبەر بە خەلکی سلێمانی هەبێت، بەر لە هەر کەسێک وەزیرانی پارتی و گۆڕان و سوشیالیستیش قبوڵی ناکەن، بۆیە با موزایدە بەسەر خەلکی سلێمانییەوە نەکرێت.

کێشەی نەهێشتنی سیولە چەندین مانگ بو لە سنوری سلێمانی هەبو و لێژنەی بەدواداچونیش پێکهێنرابو و کاریان لەسەر ئەو کێشەیە دەکرد و بڕیار بو کۆبونەوەیەکی تایبەت لەسەر ئەنجامەکانی کاری ئەو لێژنەیەش بکرێت، بەڵام کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ڕویداو ئەو پرۆسەیەی پەکخست، چونکە یەکسەر دوای داوای ڕادەستکردنی تۆمەتبارانی کردەوەکە، قوباد تالەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی هەڵوێستیان وەرگرت و لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کشانەوە.

هەمو هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابوریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانیی سەختتر کردوە دەستبردنە بۆ داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە، کە هەر خودی قوباد و کەسانێک لە ناو حیزبەکەی لێی بەرپرسیارن.

باشترکردنی ئەو دۆخەش تەنیا بە جێگیرکردنی سیستەمێکی پتەوی دارایی دەکرێت ئەویش بە جۆرێک کە تەنیا حکومەت چاودێرییەکی وردی لە سەر پرۆسەی کۆکردنەوەی گشت داهاتەکان هەبێت و ئەوجا ئەو داهاتانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخرێتەوە خزمەت هاوڵاتیانمان.

کرۆکی کێشەی دارایی لە سنوری سلێمانی ئەوەیە کە پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات شەفاف نییە و رێگەش نادرێت چاودێرییەکی مەرکەزی لە سەر ئەو پرۆسەیە هەبێت.

شوێنی چارەسەریی گشت ئەم کێشانەش تەنیا کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانە، بۆیە ئەگەر قوباد تالەبانی و تیمەکەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵکی سلێمانی دەکەن، با واز لە چەواشەکاری و خۆڵ لەچاوی خەلک کردن بێنن و بگەڕێنەوە بۆ کۆبونەوەکان و گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن .

نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/4/26

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×