رۆژئاوای كوردستان هۆشداری لەبارەی ئەنجامی كۆبونەوە سێقۆڵییەكەی روسیاو توركیاو سوریا دەدات
  2022-12-29       798       

بەرپرسێكی رۆژئاوای كوردستان لەبارەی ئەنجامی كۆبونەوە سێقۆڵییەكەی دوێنێی وەزیرانی بەرگری روسیاو توركیاو سوریا دەدات و دەڵێت، ئەگەر توركیا بتوانێت رژێمی سوریا بكێشێتە ناو پلانەكانییەوە ئەوا ململانێكانی ناو سوریا دەگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.

ئاوێنە: بەدران چیا کورد، هاوسەرۆکی فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، کۆبونەوەکە “زیانێکی گەورە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان ده‌دات بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و گورزێکی گه‌وره‌ش لە هەر دەستپێشخەرییەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردن و سەقامگیری ناوچه‌كه‌ ده‌دات”.

بەدران چیا کورد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆبونەوانە پەرەدەسەنن بۆ قۆناغێکی نوێی ڕێککەوتن و پلانی دوژمنکارانە له‌دژی بەرژەوەندییەکانی گه‌لی سوریا، هەروەها “هەوڵدانه‌ بۆ زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەدەنە، کە نادادپه‌روه‌رییه‌ له‌دژی گه‌لانی ناوچه‌كه‌”.

ئەوەشی خستۆتەڕو، قۆناغی داهاتو “ده‌بێته‌ سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستییە توندڕەوەکان و دەورەدانی تەواوەتی هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی پەیوەست بە گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردن دۆخی ناوچه‌كه‌”.

ئەو بەرپرسەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر هۆشداری داوە لە گەڕانەوەی ململانێکانی سوریا بۆ چوارگۆشەی یه‌كه‌م، ئەگەر تورکیا توانی “ڕژێمی سوریا” بکێشێتە ناو پلانەکانییەوە کە ناوچەکە پاڵ پێوە دەنێت بۆ ناو پشێوییەکی تەواو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×