فەرماندەیەكی پێشمەرگە: دو درۆنی ئێرانی بە ئاسمانی گەرمیاندا سوڕانەوە
  2022-10-03       1024       

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، دو درۆن بۆ ماوەیەک بە ئاسمانى گەرمیاندا سوڕانەوەو دواتر بەرەو سنورى ئێران رۆیشتون، فەرماندەییەکى پێشمەرگەش لە گەرمیان دەڵێت، "درۆنەکان بەسەر قەزاى خانەقین و ناحیەى رزگاریدا سوڕاونەتەوە."

ئاوێنە: رائید جەلیل فایەق، فەرماندەی فەوجی 2ی لیوای سێی پێشمەرگە لە سنورى گەرمیان بە روداوى راگەیاند، "ئێوارەى ئەمڕۆ دو درۆن بە ئاسمانى چەند ناوچەیەکى گەرمیاندا سوڕانەوە، یەکێکیان لە سنورى ناحیەى رزگاری و ئەوى دیکەیان لە باشورى خانەقینەوە بەرەو باکورى قەزاکە رۆشت و دواتر چونەوە سنورى ئێران."

 ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە لە سنورى گەرمیان وتیشی، "درۆنەکان لە بەرزاییەکى زۆر دەسوڕانەوە، کاتێک پرسیارمان لە هێزە عێراقییەکان کرد، پێیان وتین: تەقەیان لێنەکەن، ئەوانە ئێرانین."

 سووڕانەوەى ئەو درۆنانە لەپاش شەش رۆژ دێت لە بۆردومانکردنى بارەگاى چەند پارتێکى رۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن ئێرانەوە لە هەردو پارێزگاى سلێمانى و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، کە بەهۆیانەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداو نزیکەی 50 کەسی دیکەش بریندار بون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×