شاندی ئیمڕاڵی گەیشتنە کوردستان 
  2025-02-15       444       

شاندی ئیمرالی بە سەرۆکایەتی پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گەیشتنە هەرێمی کوردستان.

ئاوێنە: بەپێی کەناڵی روناهی تیڤی، كەمێك پێش ئێستا شاندی ئیمڕاڵی، کەلە ئەندامانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) پێکهاتووە، درێژە بەو سەردانانە دەدات کە شاندی ئیمڕاڵی لەدوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری گەلی کورد، کە لە ٢٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ و ٢٢ رێبەندان دەستیپێکردووە. لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ شاندی ئیمرالی گەشتنە هەرێمی کوردستان.

هەر بە گوێرەی ئەو کەناڵە. شاندەکە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) کەسکین بایندر، ئۆزگور ئەرۆل و ئیبراهیم بیلمەز لە فەرمانگەی یاسایی ئەسرین، هاو وتەبێژی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی، بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاران گولجان کاچماڵس و مەهمەت کاماچ.

ئاماژە بەوەشکراوە، شاندەکە لە میوانخانەی پرۆتۆکۆڵ لە دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل پێشوازییان لێکرا و دواتر پاشان شاندەکە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن.

کەناڵی روناهی ئاشکراشیکردووە، بڕیارە شاندەکە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی كاربەرێكەری هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و لەمیانی دیدارەکەدا وردەکاری کۆبوونەوەکان لە ئیمرالی گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت و بۆچوون و پێشنیار و بیروڕای لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە پرۆسەکە وەردەگیرێت.

هاوکات دواتر شاندەکە سەردانی سلێمانی دەکەن و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی و بەرپرسانی ئەو حزبە کۆدەبنەوە.


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×