هاوسەرۆكی دەم پارتی رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی توركیا بە دانانی قەیوم بۆ گەورە شارەوانی وان، دەیانەوێت كۆسپ بۆ پڕۆسەی چارەسەری پرسی كورد دروست بكەن بەتایبەت لەكاتێكدا كە ئەو كارەیان لە ئەمڕۆ 15ی شوباتدا كردوە كە 15 شوبات ئەو رۆژە رەمزییەیە تێیدا ئۆجەلان بە پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی هێنرایەوە توركیا.
ئاوێنە: تولای هاتیمۆگولاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ شەممە 15ی شوباتی 2025، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە لەبارەی بابەتی دانانی قەیوم بۆ گەورە شارەوانی وان و هەروەها چارەسەری پرسی كورد قسەیان كرد.
سەرەتا تولای هاتیمۆگولاری دانانی قەیومی بۆ گەورە شارەوانی وان بە "كودەتا" ناوبردو وتی، ئەم بەیانییە قەیوم بۆ گەورە شارەوانی وان دانراوە. ئەمڕۆ 15ی شوباتە، 15ی شوبات ئەو رۆژەیە كە تێیدا بە پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی ئۆجەلان هێنرایەوە توركیا.
وتیشی، ئێوەی راگەیاندنكار هەمو جارێك كە ئێمە دەبینین، ئەم پرسیارە دەكەن: ئایا ئۆجەلان لە 15ی ئەم مانگە(ئەمڕۆ)، پەیامی دەبێت یاخود نا؟ ئێمە بەردەوام وتومانە، ئەگەر ئامادەكارییەكان وەك خۆیان بڕۆنە پێشەوە، ئۆجەلان پەیامی دەبێت، بەڵام ئەگەری زۆرە كە ئامادەكارییەكان نەكرابن و دواتر پەیامی هەبێت. لە رۆژێكی رەمزی وادا قەیوم بۆ گەورە شارەوانی وان دانراوە.
تولای هاتیمۆگولاری وتیشی، ئێمە دەزانین تاوەكو ئێستا ئاكەپەو كۆشكی سەرۆك كۆمار چۆن كاریان كردوە. باش دەزانین چۆن لە گرنگی رۆژێكی وەها رەمزی تێدەگەن. لێرەوەو لەڕێگەی ئێوەوە راستەوخۆ لە كۆشكی سەرۆك كۆمار و ئەردۆغان دەپرسین: دەتانەوێت بە دانانی قەیوم بۆ وان لەم رۆژەدا چی بكەن؟ دەتانەوێت بەربەست بۆ پڕۆسەی گفتوگۆكان بە دانانی قەیوم دروست بكەن؟ لەكاتێكدا قسە لەسەر پڕۆسەی ئاشتی دەكرێت و هیوای خەڵك بوژاوەتەوە، ئایا دەتانەوێت كۆسپ بۆ پڕۆسەی گفتوگۆكان دروست بكەن؟
پاشان تونجەر باکرهان، هاوسەرۆی دەم پارتی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی، قەیوم بۆ وان بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ لەدژی ئیرادەی گەل دانراوە. قبوڵكردنی ئەمە لە نەریتی ئێمە نییە. نەریتی ئێمە خەباتە لەدژی كردەوە گەندەڵەكان و كردەوەكانی دژ بە دیموكراسی. گەلی وان كە هەر 14 شارەوانییەكەی لە هەڵبژاردندا بردۆتەوە، وانەیەكی گەورەتان دادەدات و جەخت لە ئیرادەی خۆیان دەكەنەوە.
وتیشی، بەیانی تا ئێوە ئێوە دەڵێن: "تیرۆر، تیرۆر"، چۆن دەكرێت گوزارشتی گەل لە ئیرادەی خۆی لەڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە بە "تیرۆر" ناوببرێت؟
هەروەها رو لە دەسەڵاتدارانی توركیا وتی، ئامانجی ئێوە چییە؟ لە پەیوەست بە پرسی كوردەوە چی تێدەگەن و دەتانەوێت چی بكەن؟ ئایا بەڕاستی لەگەڵ چارەسەردان؟ ئایا دەتانەوێت گفتوگۆكانی ئێستا بەرەو چارەسەر بڕۆن، یاخود دەتانەوێت وەك پاساوێك بەكاریان بهێنن بۆ زەوتكردنی ئیرادەی خەڵك؟ راشكاو بن و مەردانە وەڵام بدەنەوە. ئێمە جارێكی دیكە بەوپەڕی شانازییەوە دوپاتی دەكەینەوە كە پشتیوانی لە چارەسەر و ئاشتی و دیموكراسی و دانوستانەكان دەكەین.
جەختیشی كردەوە، ئێمەی هاوسەرۆكی دەم پارتی بەمزوانە دەچینە وان و لەگەڵ گەلەكەمان دەوەستین. خەبات و بەرگری دەكەین وەك ئەوان. ئەم خیانەت و كودەتا سیاسییە قبوڵ ناكەین، بەهەمو هێزمانەوە خەبات دەكەین تاوەكو حكومەت دەستبەرداری ئەم عەقڵییەتە زەوتكەرە دەبێت.