هەڵوێستی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لەبارەی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی
  2025-02-15       228       

ئەنجومەنی سوریای دیموكرات-مەسەدە رایگەیاند، لە پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سوریادا پێشێلی بنەمای نوێنەرایەتی دادپەروەرانەو گشتگیر بۆ پێكهاتەكانی سوریا كراوەو داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەكات چاو بە پێكهێنانی لیژنەكەدا بخشێننەوە.

ئاوێنە: ئەنجومەنەكە، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچون بۆ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی دەکەین، ئەم لیژنەیە لە یەك ئاڕاستەی سیاسی پێکهێنراوە، کە ئەوەش پێشێلکردنی پرەنسیپی نوێنەرایەتی دادپەروەرانە و گشتگیرە بۆ هەمو پێکهاتەکانی گەلی سوریا.

ئاماژەی بەوەشداوە، لیژنەكە نوێنەرایەتی سورییەكان بە سەرجەم پێكهاتەو فرەچەشنییەكەیانەوە ناكات و پەراوێزخستنێكی ئاشكرای هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانی تێدا بەدیدەكرێت، کە ڕێژەیەکی گەورە و هاوسەنگ لە پێکهاتەی کۆمەڵگای سوریادا پێکدەهێنن و پەراوێزخستنیان پێشێلکارییەکی ئاشکرای پرەنسیپی هاوبەشیی نیشتمانییە.

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات وتوشیەتی، فەرامۆشکردنی بە ئەنقەست و نەبونی بە ئەنقەستی هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان لە لیژنەكەدا کە ساڵانێکە دژایەتی رژێمی ئەسەد دەکەن و روبەڕوی کوشتن و دەستگیرکردن و دورخستنەوەو ئاوارەبون بونەتەوە، رەنگدانەوەی نیازێکی ڕاستەقینە نییە بۆ بەشداریکردنی هەموان لە بونیادنانی سوریای داهاتو، لە كرۆكیدا سیاسەتی پەراوێزخستن و فەرامۆشكردن دوبارە دەكاتەوە، کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوى ئەسەد هەبو، ئەوە دەبێتە کۆسپیش لەبەردەم بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی راستەقینە.

مەدەسە زمانی وتەبێژی لیژنەكەی لە یەكەم كۆنگرەی رۆژنامەوانی لیژنەكەدا بە "دەستبەسەرداگرتنی بڕیاری سورییەكان" ناوبرد بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی وڵات و شێوازی ئیدارەدانی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×