كوڕی شای ئێران داوایەک له‌ ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوا ده‌كات
  2022-10-03       1226       

كوڕی شای ئێران داوا له‌ ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوا ده‌كات كه‌ سندووقێك بۆ پشتیوانی له‌ بنه‌ماڵه‌ی كرێكارانی مانگرتوو له‌ ئێران دابمه‌زرێنن، هاوكات ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ دێت گرژی و ناڕه‌زایه‌تی و خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، چووه‌ته‌ قۆناغێكی نوێوه‌ و زۆربه‌ی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌.

ئاوێنە: ئه‌مڕۆ دووشه‌ممە، سێی تشرینی یه‌كه‌م، ڕه‌زا په‌هله‌وی كوڕی شای ئێران، داوایه‌كی له‌ ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوا كرد كه‌ سندووقێك بۆ پشتیوانی له‌ بنه‌ماڵه‌ی كرێكارانی مانگرتوو دابمه‌زرێنن، ئه‌مه‌یش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و فراوانبوونی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌و وڵاته‌، هاوكات داوایش له‌ گرووپ و سه‌ندیكاكانی ئێران له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاتدا ده‌كات كه‌ به‌شداری مانگرتنه‌كان بكه‌ن و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری كاره‌كانیان بن.

ئه‌وه‌یش له‌ كاتێكدایه‌ كرێكارانی ئێران بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و ڕاگرتنی سته‌می ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بڕیاره‌ له‌مڕۆوه‌ مانگرتنێك ده‌ست پێ بكه‌ن، به‌مه‌یش زیانێكی زۆر به‌ كه‌رتی ئابووری و حكوومی و بازرگانی ئێران ده‌گات و فشاره‌كان بۆ سه‌ر ڕژێم ده‌چێته‌ قۆناغێكی نوێوه‌.

په‌هله‌وی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی هێرشی هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانی بۆ سه‌ر زانكۆی شه‌ریفی تاران بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و ڕووی قسه‌كانی كردووه‌ته‌ جۆ بایدن سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ده‌ڵێت، "به‌ڕێز سه‌رۆك بایدن! تۆ تا ئێسته‌یش یارمه‌تی گه‌له‌كه‌مانت له‌ ئێران نه‌داوه‌، لایه‌نی كه‌م پاره‌ی ئه‌و فیشه‌كانه‌ی به‌ناودا تێده‌په‌ڕن، مه‌یده‌ن".

ئاماژه‌ی كردووه‌، "له‌ كاتێكدا كه‌ هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانی ڕژێمی ئێران ته‌قه‌ له‌ قوتابیانی زانكۆی شه‌ریفی تاران ده‌كه‌ن، ڕاپۆرته‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌نیازه‌ جارێكی تر ملیاران دۆلار بۆ ئه‌م ڕژێمه‌ تاوانباره‌ بنێرێته‌وه‌" (مه‌به‌ست لێی پاره‌ بلۆككراوه‌كانی ئێرانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ركیاوه‌ كه‌ پێشتر ڕاگیرابوون).

له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێران له‌ دوای گیان له‌ده‌ستدانی گوماناوی ژینا ئه‌مینی /22 ساڵ/ له‌ تاران، تا ئێسته‌ ناڕه‌زایه‌تی فره‌وانی جه‌ماوه‌ری له‌ ده‌یان ناوچه‌ی ئێران به‌رده‌وامه‌، ژماره‌ی قوربانیان و گیراوان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، هاوكات وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك خۆپێشانده‌رانی تووڕه‌ په‌لاماری هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانی ئێران ده‌ده‌ن، دوێنێ ئه‌فسه‌رێكی سوپای پاسداران كوژراوه‌.

رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران له‌ نوێترین ئاماری ڕای گه‌یاندووه‌، له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان تا ئێسته‌ 133 كه‌س كوژراون، له‌وانه‌ 41یان هه‌ینی رابردوو له‌ شاری زاهدان بووه‌، جگه‌ له‌ 166 بریندار له‌ شاره‌كه‌، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا دوو هه‌زار كه‌س گیراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×