2021-11-02   996     
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دهڵێت، ئەمریکاو ناتۆ کەجەکەیان ناوێت، چونکە گوزارشت لە ویست و ئیرادەی ئازادی کورد دەکات، دەیانەوێت پەکەکەو کەجەکە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لێ بکەن.
ئاوێنه: دوران کاڵکان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز، كۆمەڵێك پرسی هەنوكەی باس دەكات و سیاسەتی نەگۆڕی ئەمریكاو ناتۆ لەبەرامبەر پەكەكەو كەجەكە ڕوندەكاتەوە.
پەیوەست بەسیاسەتی ئەمریكاو ناتۆ بەرامبەر پەكەكەو كەجەكە كاڵكان ڕایگهیاندووه، "ئەمریکاو ناتۆ ستراتیژی پەیوەندیداری خۆیان بەرامبەر بەکۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە / KCK) لەسەر ئەو بنەمایانە دامەزراندووە و تا ئێستاش بەردەوامە، لەسیاسەتە پەیوەندیدارەکانیان بەکەجەکەوە سەرەتا پشتگیری لە دەوڵەتی تورک دەکەن، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار – داگیرکەر – چەوسێنەر و زەوتکەر دەکەن، لە هەنگاوی دووەمیشیاندا بە تەواوەتی ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک بۆ لە ناوبردن و سڕینەوە قبوڵ ناکەن."
باس لەوەشدەكات كه ئەمریکاو ناتۆ وەک دەوڵەتی تورکیا نایانەوێت کورد بەتەواوەتی لە ناوببرێت، بەڵام هاوکات دەیانەوێت ئیرادەی ئازاد، دیموکراتیک، فیکری، هێزی ڕێکخستن و چالاکیان لە ناو بچێت، واتە ئەوان کەجەکەیان ناوێت، چونکە گوزارشت لە ویست و ئیرادەی ئازادی کورد دەکات.
ئەو ئەندامەی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە ئاماژەی بەوەكردووه، ئەوان دەیانەوێت کەجەکەش وەک پارتی بێت، ئەوان لە دژی کەجەکەن، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دژی پەکەکە و کەجەکە بۆ لەناوبردن و پاکتاوکردنیان دەکەن، دەوڵەتی تورک دەیەوێت لەو هێرشانەدا پەکەکە وکەجەکە بەتەواوی تێکبشکێنێت و ئەمریکا و ناتۆش نایانەوێت بەتەواوی لە ناو بچێت، بەڵام وەک پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بن، واتە دەیانەوێت پەکەکە و کەجەکە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لێ بکەن.