ئا: ئاوێنه
محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولكه‌ریمی سۆله‌یی، كتێبێكی له‌دو به‌رگدا به‌ناوی "ئارام‌و بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی كورد" بڵاوكردوه‌ته‌وه، كه وێڕای روماڵكردنێكی مه‌یدانیی ده‌رباره‌ی روداوه‌كه، نوسینه‌كانی ئارام‌و كۆمه‌ڵێك وتار‌و چاوپێكه‌وتن ده‌رباره‌ی شه‌هیدكردنی ئارام له‌خۆده‌گرێت، ئه‌و دوایه‌مین رۆژو دوایه‌مین ساته‌كانی شه‌هیدكردنی بۆ ئاوێنە ئارام ده‌گێڕێته‌وه.
سۆله‌یی كه ساڵی 1969 ئارامی له‌زانكۆی به‌غدا ناسیوه، هه‌ڵبژاردنی قه‌ره‌داخی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕش به‌كارێكی دروست نه‌زانیوه، چونكه له‌و رۆژگاره‌دا وه‌ك دورگه‌یه‌ك وابوه كه به‌هێزی چه‌كداری رژێم‌و جاشه‌كانی ده‌وره دراوه، خۆپاراستن بۆ ئارامێك به‌و چاوكزیو له‌ش لاوازیی‌و نابهڵهدییهوه لهتفهنگچێتیدا زه‌حمه‌ت بو.
ئه‌و بەئاوینەی وت "رۆژی 31/1/1978، له‌گه‌ڵ كاك ئاوات قاره‌مانی خۆیان كۆكردوه‌ته‌وه هه‌ردوكیان بچن بۆ گوندی سه‌رزه‌ل بۆ ماڵی ئاوات، به‌ڵام كه گه‌یشتونه‌ته ته‌نگیسه‌ر چه‌ند مناڵێكیان توش بوه یه‌كێكیان وتویه‌تی بۆ نایه‌نه ماڵی ئێمه؟ ئیتر له‌گه‌ڵی ده‌چن كه ماڵی حاجی ساڵحێك ده‌بێت، له‌وێ نانی نیوه‌ڕۆیان خواردوه، كاك ئاوات زۆری هه‌وڵداوه ئارام له‌گه‌ڵی بچێت بۆ سه‌رزه‌ل، به‌ڵام نه‌چوه، كه به‌پێ سێ چاره‌كێك دوره، تهنگیسهرو سه‌رزه‌ل ئه‌مدیواودیوی شاخێكن، كه ئاوات رۆشتوه، ئارام به‌ته‌نها له‌ماڵه‌كه ماوه‌ته‌وه."
سۆڵه‌یی باس له‌وه ده‌كات زۆری نه‌خایاندوه ده‌نگۆی ئه‌وه داكهوتوه له‌ناو دێكه‌دا كه ئه‌وبه‌ری ته‌نگیسه‌ر قه‌ره‌باڵغییه، ئارامیش هاتوه‌ته سه‌ر سه‌ربانه‌كه سه‌یری كردوه چه‌كدارن، ئیتر كه‌وتوه‌ته گومانه‌وه، هه‌ستاوه خۆی كۆكردوهتهوهو تفه‌نگه‌كه‌ی كردوه‌ته شانی‌و له‌ماڵه‌كه ده‌رچوه.
سۆله‌یی وتی "ئه‌و ماڵه‌ی ئارامی لێبوه له‌كۆتایی تهنگیسهردا بوه، ئه‌میش چوه بۆ رۆژئاوای دێكه، له‌شیوی پشته‌وه په‌ڕیوه‌ته‌وه‌و چوه‌ته لای شێخهلهكه، تا ئه‌م ئه‌وه‌ی كردوه جاشه‌كان گه‌یشتونه‌ته ناودێ، له‌وێدا لایه‌كی كردۆته‌وه بریسكه‌ی چهكهكهیو چاویلكهكهیان بینیوه، جاشه‌كان پرسیویانه: ئه‌وه كێیه؟ خه‌ڵكه‌كه وتویانه: شوانه. دو سێ جاشیان به‌ره‌و خواری دێكه رۆشتون بۆ ئه‌وه‌ی پێشی لێ‌بگرن، ئارام له‌شیوی گوڵبڕ ده‌ڕواته خوارێ‌و ده‌یه‌وێ لهپرده به‌ردینه‌كه بپه‌ڕێته‌وه‌و به‌ره‌و قازانقایه بڕوات، به‌ڵام لای ده‌وه‌نێك جاشه‌كان له‌به‌ری ئه‌وبه‌ره‌وه بۆی هاتون، ته‌قه‌یان لێكردوه‌و به‌ركه‌وتوه، هه‌ر له‌وێشدا گیانی سپاردوه".