سەندیکای پارێزەرانی کوردستان رایگەیاند، لەناو دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر پاسەوانانی دادوەری دادگاکە هێرشدەکەنە سەر پارێزەرێک و زامداری دەکەن، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ئاوێنە "پارێزەرەکە لوتی شکێندراوە و هاوکات ئەو هێرشانە لە هەولێر بووە بە دیاریدە".
ئاوێنە: بەگوێرەی نوسراوێکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە و کۆپیەکی دەست ئاوێنە کەوتووە تیایدا هاتووە "پارێزەر (سوهاد عەبدولکەریم مەجید) ئەندامی سەندیکاکەمان، نابراو لە بەرواری ٤/٢/٢٠٢٥ لەلایەن پاسەوانانی بەڕێز دادوەر (سرود) لەناو دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر هێرشکراوەتە سەری و زامدارکراوە، بۆیە ئێمە وەکو سەندیکا سکاڵامان هەیە لە دژی هێرشکەران".
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ئاوێنە، ئەمڕۆ سێشەممە لەدادگای بەرایی دەشتی هەولێر، پارێزەرێک لەلایەن پاسەوانی دادوەرێک لەگەڵ چەند پۆلیسێک کە زیندانیان پێبووە هێرشدەکەنە سەری و خەڵتانی خوێنی دەکەن لوتی دەشکێنن و زۆر بەتوندی لێیدەدرێت و کەلەپچەی دەکەن و لە بنکەی پۆلیسی دادگاکە تاوەکو یەکی دوای نیوەڕۆ دەستبەسەر دەکرێت، پاشان بە کەفالەتی ١٠ ملیۆن دینار ئازاد دەکرێت.
هەر بەگوێرەی بەدواداچوونەکان و پەیوەست بەهۆکاری رووداوەکە شایەتحاڵەکان دەڵێن؛ هۆکارێکیان ئەوەیە گوایە لەبەردەم دادوەر بێرێزی کردووە و جگەرەی داگیرساندووە، هۆکارەکەی دیکەش ئەوەیە کە دادوەر داوای پێناسی کردووە و وتویەتی؛ "نایدەم".
هاوکات ئەمە چەندینجارە بەجۆری جیاواز هێرشدەکرێتە سەر پارێزەران لە هەولێر وەکو ریش تاشین و قژ تاشین و بڕۆ تاشین و لێدانی توند.