ئا: ئاوێنە
خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگریو یەشار غولەری سەرۆک ئەرکانی سوپای
تورکیا سەردانێکی دو رۆژەی بەغداو هەولێریان کرد، ئامانجێکی سەرەکی سەردانەکەیان
گفتوگۆکردنە دەربارەی "چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەو لەناوبردنی گەریلاکانی
پەکەکە".
پەیوەندییەکانی تورکیاو
عێراق، جگە لەپەیوەندی بازرگانی، ساڵانێکی زۆرە لەژێر کاریگەریی گرفتی ئەمنیو
کێشەی ئاوو خاکو هەناردەکردنی نەوتدایە.
لەساڵی ٢٠٠٣ەوە هەمو ئەوانەی کە
پۆستی سەرۆک وەزیرانو سەرۆک کۆمارییان لەعێراقدا وەرگرتوە سەردانی تورکیایان
کردوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
پێشتریش هەرچەندە بەدرێژایی
٣٥ ساڵ دەسەڵاتی بەعس، هەرگیز سەدام حسێن سەردانی تورکیای نەکرد، بەڵام بۆ
بەرەنگاربونەوەو شەڕی دژ بەکورد، چەندین رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ تورکیا کرد بو، کە
مۆڵەتی ئەوەی پێدرابو بۆ شەڕکردن لەدژی پەکەکە چەند کیلۆمەترێک سنوری خاکو
ئاسمانی عێراق ببەزێنێ.
سەردانەکەی خڵوسی ئاكار بۆ بەغداو هەولێرو کۆبونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسان لەکاتێکدایە تورکیا لەهێرشی
سەربازیی بەردەوامدایە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستانو کردنە ئامانجی گەریلاکانی
پەکەکە.
لەدۆسیەی ئەمنیدا، گرنگترین مەسەلە بەلای تورکیاوە
دژایەتی کردنی پەکەکەو هاوکاریی نێوان ئەنقەرەو بەغداو هەولێرە بەمەبەستی سنوردار
کردنەوەو کۆتایهینان بەچالاکییەکانی پەکەکە لەناوچەکانی قەندیلو شنگالو زابو
هەفتانینو سەر سنوری عێراقو تورکیا بەدرێژایی ٣٣١ کیلۆمەتر".
بۆ ئەم مەبەستە تورکیا خاوەنی
دەیان بنکەی سەربازییو سیخوڕییو هەوالگرییە لەشارەکانی هەرێمی کوردستان، کە کاری
سەرەکییان چاودێری کردنی کادێرە چالاکەکانی پەکەکەیەو لەساڵی رابردودا چەندین گەریلایان
لەکاتو شوێنی جیاوازدا بەهاوکاریی سیخوڕە ناوخۆییەکانی هەرێم، بەشێوازی جیاواز شەهید کردوە.
تەنانەت بەشیك لەناوەندە
سیاسیو دیبلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تورکیا لەسایەی دەسەڵاتی ئاکەپەو مەهەپەو
ئەردۆگاندا وڵاتێکی فراوانخوازەو چاوی بڕیوەتە خاکی عێراق بەبیانوی دابین کردنی
ئاسایشی خۆیو هاوکاری کردنی سوننەو تورکومانەکان لەموسڵو کەرکوک.
تورکیا لەم چوارچێوەیەدا رۆڵی
دیاری لەرێککەوتننامەی "شنگال"دا هەبوە، کە ساڵی رابردو لەنێوان هەولێرو
بەغدا واژۆ کرا بەمەبەستی دورخستنەوەی گەریلاکانی پەکەکە لەو دەڤەرە ستراتیچییە،
پێدەچێت ئاکار لەم سەردانەیدا فشار بۆ بەغداو هەولێر بهێنێت بۆ هەنگاونانی خێرای
جێبەجێ کردنی ئەو رێککەوتننامەیە کە ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەکی بۆ جێبەجێ کردنی
نەنراوە.
رۆژنامەی "خەبەر تورک" لەمبارەوە رایگەیاندوە "خڵوسی ئاكار لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق پێشنیاری ئەوەی بۆ بەغدا کردوە پێکەوە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هاوبەش لەدژی پەکەکە لەچیای شنگال ئەنجام بدەن بەپشتیوانی حکومەتی هەرێم".
رۆژنامەی "خەبەر تورک" ئاماژە بەوە دەکات ئەم پێشنیارەی تورکیا دوای ئەوە دەێت کە ئەنقەرە بۆی دەرکەوتوە پەکەکە چیای شنگالی کردوە بە"قەندیلێکی تر"و بنکەو حەشارگەی گەریلاکانی تیادا دامەزراندوە.
"خەبەر تورک" ئاماژە بەوە دەکات کە لەهەمو گفتوگۆیەکی دولایەنی تورکیو عێراقیدا دۆخی شنگال تەوەری سەرەکییە، ئەنقەرە ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو دۆخە دەردەبرێت، کە گەریلاکانی پەکەکە دەستیان گرتوە بەسەر شنگالداو ٨ بنکەی مەشقو راهێنانیان تیا دامەزراندوە.
رۆژنامەکە ئەوەش روندەکاتەوە کە ئەم بابەتە لەئەولەویەتی ئەجندای سەردانەکەی خڵوسی ئاکاری وەزیری بەرگری بوە لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بەغداو هەولێر، بەئامانجی کردنە دەرەوەی پەکەکە لەهاوکێشەکانی عێراقو سوریادا.
نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا كازمی، دوای کۆبونەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ خڵوسی ئاكار، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند "سەرۆك وەزیرانی عێراق دوپاتیكردۆتەوە
كە وڵاتەکەی هەر هەڕەشەیەك یاخود "چالاكییەكی تیرۆریستی" لە خاكی
عێراقەوە كە توركیا بكاتە ئامانج، رەتدەكاتەوە.
كازمی
ئاماژەی بە گرنگی هاریكاریی سەربازی نێوان هەردو وڵات داوەو وەزیری بەرگری توركیاش
ئامادەیی سوپای وڵاتەكەی دەربڕیوە بۆ پشتیوانی و راوێژ لە بوارەكانی
بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو مەشق و مانۆڕی هاوبەشدا.
بەگوێرەی
بەیاننامەكە هەردولا رێككەوتون لەسەر گرنگی چارەسەركردنی "هەڕەشە
تیرۆریستییەكان" لەنزیك سنوری هاوبەشی هەردو وڵات و جەختیشیان كردۆتەوە كە
"سەقامگیری" دەرگای هاریكاریی زیاتر لەنێوان بەغداو ئەنكەرە دەكاتەوە.