ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر: سازكردنی ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەغەیە
  2020-12-27       403       

ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆمەڵێك بڕیارێكی نوێی دەركردو دەڵێت: سازكردنی ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەغەیەو هەر شوێنێك بۆ مەبەستی ئەهانگگێڕان ئامادەكرابێت، رێكاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگرنەبەر.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە، به‌سه‌رپه‌رشتی هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و بەئامادەبونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو تەواوی ئەندامانی ژوری ئۆپەراسیۆن، ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبوەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا چەند بڕیارێك دراون كە لە یەكێكیاندا هاتوە"سازکردنی ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەغەیە و هەر شوێنێک یان هوتێلێک یان کافتریایەک یان ڕێستورانتێک، یان یانەیەکی شەوانە یان یانەیەکی وەرزشی و سەنتەرەکۆمەڵایەتییەکان و مۆڵەکان و هەرشوێنێکی تری هاوشێوەیان کە بۆ مەبەستی ئاهەنگ گێڕان ئامادەکرابێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر."

دەقی راگەیەندراوەكە...

ڕاگه‌یەندراوێك له‌ ژوری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە 2020.12.27، به‌سه‌رپه‌رشتی هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و بەئامادەبونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و تەواوی ئەندامانی ژوری ئۆپەراسیۆن، ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،  لەدیوانی پارێزگا کۆبوە و کۆبونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-   

یەکەم/ ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ویڕای پابەندبونی بەسەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکانی بەیانی ژمارە(57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و ستایشی هاوڵاتییانی شاری هەولێر دەکات بەپابەندبونیان بەبڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، هەروەها سوپاس و ستایشی یەکەکارگێڕییەکان، تیمەکانی تەندروستیی، شارەوانییەکان، هێزەکانی(پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتوچۆ) دەکەین، کە جوامێرانە لەپێناو سەقامگیری ئاسایشی شارەکەمان و تەندروستی هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی شارەکەمان ئەرکەکانی خۆیان بەوپەڕی دڵسۆزی و بەسەرکەوتوی ئەنجامدەدەن.

دوەم/ سازکردنی ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەغەیە و هەر شوێنێک یان هوتێلێک یان کافتریایەک یان ڕێستورانتێک، یان یانەیەکی شەوانە یان یانەیەکی وەرزشی و سەنتەرەکۆمەڵایەتییەکان و مۆڵەکان و هەرشوێنێکی تری هاوشێوەیان کە بۆ مەبەستی ئاهەنگ گێڕان ئامادەکرابێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

سێیەم/ داوا لەهاوڵاتییانی سنوری پارێزگای هەولێر دەکەین، بەو پەڕی هەستکردن بەبەرپرسیاریەتی لەم بارودۆخەدا، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەکۆرۆنا، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەرکەسێک ڕەچاوی بەستنی (دەمامک) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، ڕوبەڕوی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.  

چوارەم/ هەمو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانیەکان، بازار، چێشتخانه‌)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دوری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای کاشیرەی مۆڵ و مارکێتەکان و پێشوازی هوتێل و موتێلەکان)، ‌هه‌رشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی(دەمامک)جێبه‌جێنه‌كات، لێژنەی قایمقامیەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون، ده‌ستبه‌جێ شوێنەکە دادەخەن. 

پێنجەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تەکسی، تایبەت، پاس، مینی پاس) پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بەپێبژردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی.     

شەشەم/ ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە:- (هۆڵه‌كانی بوك گواستنه‌وه، هه‌مو جۆرە گردبونەوە و کۆنفرانس و کۆبونەوەیەک).

حەوتەم/ (پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

هەشتەم/ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌كان لەکاتی دەوام ده‌بێت (ده‌مامك) ببه‌ستن، بەپێچەوانەوە رێكاری كارگێریان لەبه‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌ به‌ر، هیچ هاوڵاتییه‌ك و موراجعێك بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانییان به‌بێ به‌ستنی (ده‌مامك) بۆی نییه‌ بچێته‌ ناو هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك، بە پێچەوانەوە بەرپرسی فەرمانگەکە ڕو بەڕوی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020.12.27

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×