2020-09-18   3361     
ئا: نیاز محەمەد
لەنێو كاكەییەكاندا، دەنگێك
بەرزببۆوە كە جەختی دەكردەوە ئەوان ئایینێكی سەربەخۆ نینو
كاكەییەكان-یان بە"موسڵمانو سەر بە شیعەی جەعفەری" ناودەبرد، بەڵام چالاكوانانی
كاكەییو شارەزایان ئەوە رەتدەكەنەوە.
گرژبونەوەو شەڕو ئاڵۆزییەكان
لەناوچەكانیاندا بەتایبەت پاش هاتنی رێكخراوی داعشو داگیركردنی موسڵو چەند
ناوچەیەكی سەر بەپارێزگای دیالەو كەركوك، بەیەكێك لەپاڵنەرەكانی بەرزبونەوەی ئەو
دەنگە لەنێو كاكاییەكانی ئەو ناوچانەدا دادەنرێت بەمەبەستی بەدوربون لەهەر
چارەنوسێكی نەخوازراو كە دەكرێت روبەڕویان ببێتەوە.
هەر کە شەڕی داعش لەعێراق كۆتایی
هات، هێزە شەڕكەرەكانی دژ بەداعش لەناوچەكەدا هەوڵەكانیان بۆ دیاریكردنی ناوچەی
هەژمونی خۆیان دەستپێكرد، هەر هێزەو بەئاڕاستەی بەرژەوەندییەكانی خۆی كار لەسەر
پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە دەكات کە کاکەییو ئیزیدییو مەسیحیو شەبەکەکانی تێدا
نیشتەجێن.
كاكەییەكان وەك ئێزیدییەكان،
لەناو چەقی ئەو مەترسیانەدا دەژین بەوەی كە زۆربەیان نیشتەجێی ئەو ناوچانەن كە
دەستوری عێراق بەناوچەی جێناكۆكی نێوان هەرێمو بەغدا ناویان دەبات.
ژمارەی كاكەییەكان لەعێراقو
كوردستان بەپێی سەرچاوە ناڕەسمییەكان لەنێوان 750 هەزار بۆ یەك ملیۆن كەسدایە كە
زۆربەیان نیشتەجێی ناوچە جێناكۆكەكانن.
كاكەییەكان بەدرێژایی مێژو
خۆیان بەدور گرتوە لەدركاندنی نهێنی ئایینەكەیانو هیچیان لەبارەیەوە بەئاشكرا
نەوتوە، یەكێكیش لە هۆكارەكان وەك ئەیوب رۆستەم لێكۆڵەرو شارەزا لەبواری كاكەیی
باسی دەكات ئەوەیە كە قەواڵەیەكیان هەیە پێی دەوترێت "قەواڵەی سڕمەگۆ"
بەمانای پەیمانی نهێنی نەدركاندن، ئەمە گەورەو بچوك پێوەی وابەستەنو هەركەس لەنێویاندا
نهێنی ئایینی بدركێنێ بەكەسێكی قێزەونی بێزراو دادەنرێت.
ئەو كاكەییانەی لەهەرێمی
كوردستان دەژین، وەك ناز فەلەكەدین كاكەیی ئاماژەی پێدەكات "بەهۆی جۆرێك
لەپارێزگاریو پشتیوانی لەلایەن حكومەتەوە بۆ كەمایەتییەكان"، وردە وردە خەریكن
كار بۆ ئایینەكەیان دەكەنو بەئاشكرا دەڵێن كە كاكەیی ئایینێكی جیاوازە لەئایینی
ئیسلامو سەر بەهیچ مەزهەبێكی موسڵمانانیش نینو نوێنەریشیان لەوەزارەتی ئەوقافو
كاروباری ئایینی هەیە.
بەڵام سەید ئیبراهیم سەید
مستەفا سەید خەلیل ئاغای كاكەیی، كە سەرۆكی گشتی كاكەییەكانە لەعێراق، ساڵی ٢٠١٦ لەیاداشتێكدا
كە بەناوی كاكەییەكانەوە ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمو حكومەتی عێراقو رێكخراوە
نێودەوڵەتیو ناوخۆییەكانی كردوە وتویەتی كە ئەو چالاكوانانە بەهیچ شێوەیەك
نوێنەرایەتی كاكەیی ناكەنو هیچ پەیوەندییەكیان بەكاكەییەوە نییە كە لەڕێگەی
رێكخراوەكانیانەوە كاردەكەن بۆ دابڕینی كاكەیی لەئیسلام.
سەربەست ئاغا قەحتان ئاغا
فەتاح ئاغا كاكەیی، ئامۆزای سەرۆكی گشتی كاكەییەكانی عێراقە، ئەو دەنگۆیانە
رەتدەكاتەوە كە ئەوان بۆیە دەڵێن موسڵمانو شیعە مەزهەبن پەیوەندی بە
بەرژەوەندیانەوە هەبێت لەگەڵ هێزە شیعە عێراقییەكانو حكومەتی عێراقیداو دەشڵێت "ئێمە
هیچ پێویستیمان بەوە نییە ئەوە دروست بكەین، شیعەبونی ئێمە هەم مێژوی هەیەو هەمیش
بەڵگە، پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ هەم پارێزگای كەركوكو هەم هەرێمیش باشە، ئەمە
جگەلەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ حكومەتی بەغداش باشە".
سەربەست ئاغا وتیشی "ئێمە
كوردینو ئینكاری كوردبونی خۆمان ناكەین، بەڵام ئێمە خۆمان بەموسڵمان دادەنێینو
مەزهەبمان شیعەی جەعفەرییە. لە سەدا پەنجاو شەستی ئێمە لەگەڵ ئەوەدان. كەسمان نییە زیارەتی كەربەلاو نەجەفی نەكردبێت". جەختیش
دەكاتەوە كە باوباپیریان لەسەید ئیبراهیمە لەشێخ عومەر لەبەغدا كە ئەولادی ئیمام
سەیدموسای كازمە.
بەڵام هەرێم كاكەیی، سەرۆكی
كۆمەڵەی روناكبیری كاكەیی پێی وایە كاكەیی خۆی ئایینەو ئایینێكی كوردییەو سەر بەهیچ
مەزهەبێك نییە.
بەڵام سەبارەت بەوانەی
بانگەشەی ئەوە دەكەن موسڵمانو شیعەن دەڵێت "ئەوانە بیروڕای تاكەكەسینو هیچ
پەیوەندیان بەئایینەكەوە نییە".
ئەیوب رۆستەم جگە لەو
هۆكارەی كە باسی كرد بۆ نەدركاندنی نهێنی ئایینەكەیان پێی وایە دابڕانی جوگرافیایی
نێوان كاكەییەكان كە لەئێران، ئەرمینیا، لوبنان، سوریاو عێراقو
تورکیا هەن وای كردوە
كە هەندێ جیاوازی لەنێویاندا دروست بوە لەسەر هەندێ بابەتی ئایینەكەیان.
ئەیوب رۆستەم دەشڵێت "ئەوان
ناتوانن بڵێن موسڵمانین، چونكە شایەتومانیان هی موسڵمان نییە، قیبلەیان مەكەو
مەدینە نییە، ئاوی كەوسەریان لەمەكەو مەدینە نییە، حەجیشیان لەوێ نییە ئیتر ئەمانە
بەچی موسڵمانن؟"
هەروەها دەشڵێت "ئەوانەی
دەڵێن ئێمە ئایینمان جیاواز نییە تەنیا بۆ خۆپاراستنیانەو هیچی تر بەتایبەت لە
ئێستەدا كە بارودۆخی ناوچەكە بەجۆرێكە، بەتایبەت لەو ناوچانەی كە هەڕەشەی داعشی
لەسەر بو، یان لەباڵادەستی حەشدی شەعبیەوە ناوچەكانیان نزیكن، كۆمەڵێك لەوانە
رەنگە بەرژەوەندیان ئەوە بێت لەو رێگەیەوە ژیانی خۆیان بپارێزن".