ناڕەزایەتی لەشێوازی بەشداریی لە لوتکەی تەندروستی کوردستان دەکەوێتەوە، لەکۆی 600 کەسی بەشداربو لەلوتکەی تەندروستی کوردستان تەنها یەک کەسی گەرمیانی تێدایە ئەمەش نیگەرانی لای بەرپرسانی تەندروستی لەگەرمیان دروستکردوە و لەوبارەیەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجام دا.
ئاوێنە، ئەیاد موحەمەد: لەکۆنگرەکەدا وریا ئەحمەد ساڵەح، یاریدەدەری بەڕێوەبەر نەخۆشخانەی کەلار ڕایگەیاند لەلوتکەیەکی تەندروستی وادا کەمو کورتی دەخرێتە ڕو پاشان ڕاسپاردەکان، دواتر بڕیار لەچارەسەردەدرێت، ئێمەیەک لەگەرمیاندا کەژمارە یەکی کێشەکانی کوردستان لای ئێمەیە نەخرێتە ڕو لەڕاسپاردەکاندا ئەبێت چی داوای ئێمەی تێدابێت، هیچی تێدانیە.
دەشڵێت "دواتر ئەبێت چاوەڕێی دەستی خێری پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک بین بۆئەوەی جهازێکیان بەکارنەهێنا ئیشیان پێی نەبو لەڕێی خوا بۆمانی بنێرن ئێمەش هەڵایەکی گەورەی پێبکەین لەگەرمیان و بەمنەت ئەیفرۆشینەوە بەمناڵانی گەرمیان و شەهیدان".
وتیشی " هەمو گەرمیان بزانێت بەئەنقەستە، بەمنەزەمییە ئەمە نازانم، بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەرمیان پەراوێز ئەخرێت، ناحەقی بەرامبەر گەرمیان دەکرێت".
راشیدەگەیەنێت ئەوەی بەرپرسە لەم دۆخە لەوەزیری تەندروستیەوە دەستپێدەکات، بۆئەوکاتەی پێویستیان بەمنداڵی گەرمیانە بەشەهیدی ئەدەن بەس لەخزمەتێکی تەندروستیدا هیچ، ئەمەیان ئەبێت ئەوان جوابدەنەوە.
یەکەمین لوتکەی تەندروستی کوردستان بە بەشداری نزیکەی ٧٠٠ پزیشکی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە ١٢ وڵاتی جیھانەوە لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەدەچێ.