عه‌بدوڵڵا په‌شێو له‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ئابووری هه‌رێم دێته‌ ده‌نگ
  2020-08-29     
له‌ نوسینێكیدا شاعیری دیاری كورد عه‌بدوڵڵا په‌شێو له‌باره‌ی دۆخی سیاسی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ: ئەوپەڕی دەبەنگییە تۆ سیستێمێکی جێگیر و متمانەپێکراوی بانکت نەبێ، کەچی ڕووقایمانە باسی گەشەی ئابووری و سەرمایەگوزاری بکەی و تەلارێکت ناو نابێ وەزارەتی دارایی و ئابووری، نەخوێندەوارییە بە درێژایی ٣٠ ساڵی ڕەبەق یەک سەرژمێریی دووپێ و چوارپێیەکانی وڵاتت نەکردبێ، کەچی (وەزارەتی پلاندانان)ت هەبێ.

ئاوێنه‌: دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر:
"ئەوپەڕی دەبەنگییە تۆ سیستێمێکی جێگیر و متمانەپێکراوی بانکت نەبێ، کەچی ڕووقایمانە باسی گەشەی ئابووری و سەرمایەگوزاری بکەی و تەلارێکت ناو نابێ وەزارەتی دارایی و ئابووری!
کارەساتە تۆ کەرتی گشتیی تەندروستیت وێرانکردبێ، نەخۆشخانەی چڵێسی تایبەتت بەردابێتە گیانی گەلێکی دەردەدار، دابینکردنی ئامێر و دەرمانت بە قاچاخچییان سپاردبێ، ئاوت جێی گومان و کارەبات دەمدەمی و گڕەگڕی جێنەرەیتەر (مۆلیدە)ی ژاردەرفرتێنت بێسرەوت بێ، کەچی باسی تەندروستیی بکەیت و وەزارەتێکیشت بەو ناوە بۆ دۆست و ئەحباب دانابێ.
نەخوێندەوارییە بە درێژایی ٣٠ ساڵی ڕەبەق یەک سەرژمێریی دووپێ و چوارپێیەکانی وڵاتت نەکردبێ، کەچی (وەزارەتی پلاندانان)ت هەبێ!
تۆ ڕێوبانت هی سەردەمی مەلیک و قاسم و سەدام بێ، نە میترۆیەکت هەبێ نە ترامێک، نە ڕێیەکی ئاسنت هەبێ نە باسێکی کەرتی گشتی، نە تۆڕێکی سەردەمیانەی هاتوچۆی نێوان شارانت هەبێ نە پۆستەخانەیەکی سەردەمیانەی دەوڵەت، کەچی چەند وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکت بۆ ئەو سێکتەرانەی خزمەگوزاری قیتکردبێتەوە!
تۆ لەسەردەمی شۆڕشی زانیاری و جەنگی بێبەزەییانەی فەرهەنگ و زماناندا، هێشتا تاکە فەرهەنگێکی گشتیی زمانی نەتەوەت نەبێ، کە سادەترین مەرجی زانستیی تێدا بێ.
تۆ شکۆی زمانت تێکشکاندبێ، ڕێنووست لەباربردبێ، تاکە کەناڵێکت نەبێ دوو ڕستەی ڕەوانی کوردیی لە دەم دەرچێ، تۆ.. تۆ.. زانکۆ و فێرگەی کەرتی گشتیت وێران کردبێ، وڵاتت بە قوتابخانەی عاجباتیی ئەمریکایی و فەڕەنسایی و ئینگلیزی و سویدی و تورکی و عەرەبی و چی و چی تەنی بێ، کەچی، هێندە بلیمەت بیت، تەلارێک بۆ (ئەکادیمیا) و دوو تەلاریش بۆ (پەروەردە) و (ڕۆشنبیری)ی کوردی تەرخان بکەی!
تۆ دەیان ساڵ ڕەوەیەک نەهەنگی تێرنەخۆرە و مافیای سەرسەری و چەنەبازی دەستوپێسپیت بە ناوی (حیزب) لە سامانی گشتی بەردابێ و ژیانێکی شاهانە و کەڵەگایانەت بۆیان مسۆگەر کردبێت، لەولاش کارمەندانی کارزانی ڕاستەقینە برسی بن، کەچی تەلارێکی پۆشتە و پەرداخیشت بۆ (داد) ئاوا کردبێ!"

زۆرترین بینراو
عەلی حەمەساڵح نەخشەیەک لەبارەی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێم بڵاودەکاتەوە و هۆشداری لەبارەی "دەستبەسەرداگرتنیان لەلایەن بەغداوە" دەدات
سەرۆک کۆمار: نە لەگەڵ دابەشکردنی هەرێم و جیاکردنەوەی بودجەم، نە پارتی و یەکێتیش بەبێ یەکتر دەتوانن حکومەت پێکبهێنن
حکومەتی عێراق وادەی گەیشتن و دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە کۆرمۆر ئاشکرا دەکات
ئاوات شێخ جەناب هۆشداری لە "بچووککردنەوەی هەرێم" دەدات: ئەم فشارانە لە سەردەمی سەدام حسێنیشدا لەسەر کورد نەبوون
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید: عه‌لی زه‌یدی ده‌ڵێت، بودجه‌ نابێت تا هه‌رێم مه‌رجه‌كانم جێبه‌جێ نه‌كات
عەلی زەیدی فەرمانی بەوەزارەتی نەوت کرد کە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات
مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتو: بۆ ده‌رچون له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستوی هه‌رێم چه‌ند هه‌نگاوێكی كرده‌یی ده‌نێین
کچێکی 19 ساڵان بە دەستی دایک و باوکی کوژرا
دەم پارتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئۆجەلان ئاشکرا دەکات
حه‌لبوسی بۆ زێدان: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و‌ "تۆمه‌تانه"‌ بكرێت كه‌ ئاڕاسته‌ی خۆم و خانه‌واده‌كه‌م كراون له‌باره‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×