شەریف پاشا‌و ئازاری كورد بون
  2020-08-11       2692       

ئا: ئاوێنە



100 ساڵ بەسەر مۆركردنی پەیمانی سیڤەردا تێپەڕی، ئەو پەیمانەی شەریف پاشا رۆڵێكی كارای  بینی تا وەك یەكەمین بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی ناوی كوردو كوردستانی تیا بهێنرێت، شەریف پاشا نمونەی كوردێكی دڵشکاوو سەرگەردان بو، ئەو لەدوا هەناسەكانی ژیانیدا وەسیەتی كردبو دوای مردنی تەرمەکەی بسوتێنن‌و خۆڵەمێشەکەی بدەن بەدەم شەپۆلی دەریاوە، چونکە بێکەس‌و بێ نیشتمان‌و وڵاتی سەربەخۆیە.



هەرچەندە سەعید پاشای خەندان لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە كاتێك بەچاوی خۆی تێكشكانی میرنشینی بابان‌و كردنی شاری سلێمانی بەقەزایەكی سەر بەویلایەتی موسڵی لەلایەن والیەكانی عوسمانیەوە بینی، سەری خۆی بەرەو ئەستەنبوڵی پایتەختی ئەو سەردەمەی دەوڵەتی عوسمانی هەڵگرت‌و سلێمانی بەجێهێشت، بەڵام نەفرەتی "كورد بون" وەك تارمایی هەر بەدوای خۆی‌و نەوەكانیشیەوە بو، لەوپەڕی دنیاش هەر بیریان لای کوردو كوردستان‌و سلێمانی بو.


هەربۆیە ئەگەرچی شەریفی كوڕی لەئەستەنبوڵیش چاوی بەژیان هەڵهێنابو، بەڵام بۆ ئەوەی لەڕەچەڵەك‌و رەسەنی خۆی دانەبڕێت، لەتەمەنی 6 ساڵیدا ناردییەوە بۆ سلێمانی تا پێنج ساڵ لەقوتابخانەی خواجەکاندا بخوێنێت.


شەریف، هەر لەمنداڵییەوە كارامەیی‌و وریایی لەچاوەكانیدا دەدرەوشایەوە، هەرزو فێری زمانەکانی تورکی‌و عەرەبی‌و فارسی بو، پاشان كە بۆ درێژەدان بەخوێندن گەڕایەوە ئەستەنبوڵ‌، فێری زمانەکانی ئیتاڵی‌و فەرەنسی‌و یۆنانی بو.


لە تەمەنی 20 سالیدا  بەمەبەستی خوێندن لەپەیمانگای سەربازیی چووە پاریس‌و هێشتا تەمەنی نەگەیشتبوە سی ساڵی، كە جگە لەكوردی، زمانەکانی تورکی، فارسی،عەرەبی، ئیتاڵی، فەرەنسی، یۆنانی، ئینگلیزی، سویدی دەزانی.


شەریف پاشا بەهۆی زیرەكی خۆی‌و ناوداری بنەماڵەكەی‌و ھاوسەرگیرییەوە لەگەڵ یەكێك لەكچە شازادەكانی میسر، دەرگای زۆر پۆست‌و پلەو پایەی بەڕوودا كرایەوە، ئەو پلەی ژەنراڵی پێبەخشراو كرا بەراوێژكاری سوڵتان‌و پاشان بەباڵوێزی دەوڵەتی عوسمانیش لەستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، بەڵام هەمو ئەمانە بۆ ئەوێك كە هەستی كوردبونی تیا بەهێز بو مایەی دڵخۆشی نەبون، هەمیشە درکی بەوە دەکرد كوردبون ئازارێكی گەورەیە، كە لەسایەی دەسەڵاتی عوسمانی‌و ئێرانی قاجاریدا تا دوا سنوری چەوسانەوە دەچەوسێنرانەوەو لەهەمو پێشكەوتنێكی دنیای نوێ‌ بێبەش كرابون‌، شار‌و وڵاتەكەشیان بەراورد بەشارو وڵاتانی دیكە لەوپەڕی دواكەوتویی‌و تاریکی‌و وێرانیدا راگیرابون.


شەریف پاشا وەك زۆرێك لەو كوردانەی كە تا ئەمڕۆش هیوا لەسەر هێزە ناڕازییەكانی نەتەوەی باڵادەست هەڵدەچنن، لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا پشتیوانی لەكۆمەڵەی ئیتحادو تەرەقیی تورکی كرد، بەڵام هەرزو بۆی دەركەوت هەمو "تەرەقی" خوازی ئەوان لەدروشم تێناپەڕێت‌و لەدەسەڵاتداران بەرامبەر بەكوردو نەتەوەكانی دیكە رەگەزپەرستترن، بۆیە زۆری نەخایاند لەگەڵ ئەمین عالی بەدرخان‌و شێخ عەبدولقادری شەمزینی کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقیی کوردی دامەزراند.


شەریف پاشا دەیزانی لەسایەی دەسەڵاتی "ئیتحاد‌و تەرەقی"دا چارەنوسی كورد بەرەو چ كارەساتێک هەنگاو دەنێت، بۆیە بەخاوو خێزانەوە بەیەكجاری دەوڵەتی عوسمانی بەجێهێشت‌و رویكردە پاریس.


قەدەری سەعید پاشای باوك‌و شەریف پاشای كوڕیش وابو كە لەكۆچێكی بەردەوامدا بن، لەم شارەوە بۆ ئەو شار‌و لەم وڵات‌و كیشوەرەوە بۆ ئەو وڵات‌و كیشوەری تر.


شەریف پاشا خەونی بەدیموكراسی كردنی دەوڵەتی عوسمانییەوە دەبینی تا مافەكانی كوردی تیا بەدیبێت، لەو پێناوەدا لەپاریس حزبی رادیکالی عوسمانلی دامەزراند‌و گۆڤاری «مەشروتییەت»ی بڵاوكردەوە‌و پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە پێویستە سوڵتانی عوسمانی "سەڵتەنەت" بكات نەك "حكومەت"‌و بانگەوازی بۆ دەسەڵاتێكی دەستوریی "مەشروتە" کرد تا هەمو نەتەوەكان بەئازادی لەسایەیدا بژین. بەڵام زۆری نەخایاند بۆی دەرکەوت دوای "كڵاوی با بردو كەوتوە"و پیاوە نەخۆشەكەی عوسمانی زۆر لەوە دەردەدارترە ڤابیلی چاكسازیی بێت.


كاتێك ئاگری جەنگی یەكەمی جیهانی هەڵدەگیرسێت، شەریف پاشا لەنێوان "هیواو بێهیوایی"دا دێت‌و دەچێت، هیوای بەوە دەبێت كە بەهۆی جەنگەوە دەوڵەتی عوسمانی تێكبشكێت‌و كورد بەمافەكانی خۆی بگات، بێهیواش بو لەوەی كە زلهێزەكان هەمو شتێك دەكەن بەقوربانی بەرژەوەندی خۆیان‌و كوردیش بۆ سودوەرگرتن لەم روداوە گەورانە ئامادە نییە.


لەگەرمەی جەنگدا بەشێوەیەكی دیبلۆماسی‌و ژیرانە دەکەوێتە نامە ناردن‌و پەیوەندی کردن بەدەوڵەتە گەورەكانی ئەو سەردەمە "بەریتانیا‌و فەرەنسا"وە تا كورد شوێنێكی بەركەوێت لەشانۆی سیاسی دوای روداوەكاندا، كاتێكیش جەنگ بەرەو كۆتایی دەچێت‌و كۆنگرەی ئاشتی دەبەسترێت، وەك باشترین نوێنەرو پارێزەری مافەکانی كورد لەو كۆنگرەیەدا بەشدار دەبێت‌و بەهۆی هەوڵی شێلگیرانەی ئەمەوە ناوی كوردو كوردستان لەسێ‌ بەندی پەیمانی سیڤەردا دەهێنرێت، كە بۆ ئەو رۆژگارە دەسكەوتێكی گرنگ‌و گەورە بو بۆ كورد.


هەرچەندە روداوەكانی دواتر سەلماندیان نەدەوڵەتە گەورەكان بەتەنگ مافی كوردەوەن‌و نەكوردیش خۆی بەو ئەندازەیە ئامادەیە لێبڕاوانە داكۆكی لەمافەكانی خۆی بكات، شۆڕشی ئەكتۆبەر‌و درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی كەمال ئەتاتوركیش، هەمو هەوڵ‌و كۆششی شەریف پاشایان دا بە با!


شەریف پاشا بەدڵشكاوی‌و بەداخی پەرتەوازەیی‌و داگیرکاریی‌و پارچە پاركردنی سەرلەنوێی كوردستانەوە، دوا ساڵەكانی تەمەنی بەغەریبی لەفەرەنسا‌و ئیتالیا‌ بەسەربرد، خەم‌و كەسەر پشتی مەردانەی چەماندبۆوە، سەرەنجام لەدوای جەنگی دوەمی جیهانی لەشاری ناپۆلی ئیتالیا سەری نایەوە. پێش مەرگی وەسیەتی کردبوو تەرمەکەی بسوتێنن‌و خۆڵەمێشەکەی بدەن بەدەم شەپۆلی دەریاوە، چونکە مرۆڤێكی هەناسەساردی بێ‌ وڵات‌و نیشتمانی وەک ئەم ئاوارەو سەرگەردان پێویستی بەگۆڕ نییە، ئەو کە لەژیاندا نەحەسابێتەوە لەگۆڕیشدا ناحەسێتەوە، بەڵام كەسوكاری هاوسەرە میسرییەكەی تەرمەکەیان لەگەڵ خۆیان بردەوە بۆ قاھیرە‌و لەگۆڕستانی خدێوییەکان بەخاكیان سپارد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×