ئا: ئاوێنە
ماوەیەکی زۆرە، گەریلا دیارو چالاکەکانی پەکەکە لەباشوری کوردستان لەلایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیاوە دەکرێنە ئامانج، جەمیل بایک سەرکردەی دیاری پەکەکە راشکاوانە دەڵێت "ئەم هێرشو کۆمەڵکوژیانە بەهاوکاری دەزگاکانی پاراستنی پارتیو زانیاری یەکێتی ئەنجام دەدرێن".
رۆژ بەڕۆژ شەڕی نێوان دەوڵەتی تورکیاو گەریلاکانی پەکەکە زیاتر تەشەنە دەستێنێت، تورکیا بەهەمو رێگەیەک دەیەوێ ئەم ململانێ درێژخایەنە بەرەو قۆناغێکی نوێ بباتو شەڕەکە بهێنێتە باشوری کوردستانەوە.
تورکیا هەمو رۆژێک گەریلاو هەڤقڵانی پەکەکە بەچەند شێوەی جیاواز لەباشور شەهید دەکات، هەر لەگوندی گەڵالەو هاوینەهەواری کونە ماسییەوە بگرە تا دەگات بەبرادۆستو مەخمورو شەنگال.
لەم هێرشە بەرفراوانو ستراتیژە نوێیەی تورکیادا، کە دەیەوێت هێزە کوردیەکان لەدژی یەکتری بەکاربهێنێتو لەڕێگەی پشتێنەیەکی ئەمنییەوە باشورو رۆژئاوای کوردستان لەیەکتر داببڕێو هەرە گەریلا چالاکەکان تیرۆر بکات، پێویستی بەهاوکارییە لەناوخۆی کوردستانداو پەکەش لەوە بەگومانە لەو هێرشانەی گەریلا دەکرێنە ئامانج، بەپشتیوانیو زانیاریی پێدانی دو دەزگای هەواڵگری پاراستنو زانیاری پارتیو یەکێتی بێت، گەر ئەو زانیاریانیانە نەبێ بۆ تورکیا ئەستەمە بتوانێت بەو شێوەیە بیانکاتە ئامانجو ئەمە بەتەنها کاری میت نییە.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەدوا لێدوانیدا بۆ میدیاکانی پەکەکە راشکاوانە ئاماژە بەوە دەکات کە "هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە، خیانەتی ناو کوردانە".
ئەو دەڵێت "راستە میت ئەم کارە بەڕێوەدەبات، بەڵام لەباشوری کوردستان هەندێک ڕێکخستنی هەوالگری هەیە. ئەوان هاوکاری میت دەکەن، میت بەهاوکاری ئەوان کۆمەڵکوژی لەبەرانبەر گەریلا ئەنجام دەدات. ئەگەر ئەوان هاوکاری نەکەن، ئەگەر سیخوڕی نەکەن، هاوکاری دەوڵەتی تورک نەبن، ئەو کاتە میت ناتوانێت لەباشور جموجۆڵ بکات، سیخوڕیو جاسوسی ڕێکبخاتو بەو شێوەیە گورز لەگەریلا بوەشێنێت".
دەشڵێت "ئەگەر هەڤاڵانمان لەباشوری کوردستان شەهید دەکرێن، لەپشتیانەوە دەزگاکانی پاراستنو زانیاری هەیە. لەناویاندا هەندێک کەس هاوکاری میت دەکەن. میت لەڕێگەی ئەوانەوە زانیاری بەدەستدەهێنێت، بەم شێوەیە گورز لەگەریلا دەدەن. لێرەدا هەندێک کادری پەدەکەو یەنەکەو پارتەکانی تر هەن، وابەستەی پارتەکانی خۆیانن، وابەستەی ڕێکخستنەکانی خۆیانن. ڕێکخستنەکانیان داوایان لیدەکەن زانیاری لەسەر گەریلا بەدەستبهێنن. ئەوانیش بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن، زانیاری دەدەن. نازانن ئەو زانیاریانە دەدرێنە میت. ئەوان وا بیردەکەنەوە کە بۆ ڕێکخستنەکانیان کارێک ئەنجام دەدەن. بە پێچەوانەوە بۆ ڕێکخستنەکانی خۆیان کار ناکەن. بۆ میت کار دەکەن. بە نەزانی ئەم کارە دەکەن. زانیاری لەسەر گەریلا، لەسەر بارەگاکانیان، لەسەر بزووتنەوەکەیان کۆدەکەنەوە و پێشکەشی ڕێکخستنەکانی خۆیان دەکەن، ڕێکخستنەکانیشیان پیشکەشی میتی دەکەن. میت بەو زانیاریانە گورز لەگەریلا دەوەشێنێت. پێویستە گەلەکەمان لەباشوور ئەم ڕاستیە بزانێت. گەلەکەمان شایەنی ئەمە نییە".
پایک جەغت لەوە دەکات کە گەلی باشوور خەباتێکی زۆری کردوە، مێژوویەکی هەیەو ئازاری گەورەو باجی گەورەی داوەو گەریلا بۆ ئەوان هێزی پاراستنە، ئەگەر دەستکەوتێک لەباشوور هەبێت، ڕۆڵی گەریلاش هەیە، بۆیە پێویستە هیچ کەسێک لەکوشتنی گەریلادا جێگای خۆی نەگرێت، ئەو دەڵێت "ئەمە خیانەتێکی گەورەیە، نەتەنها بۆ پەکەکە بۆ باشوریش خیانەتێکی گەورەیە. کورد پێویستە هیچ کاتێک ئەم کارانە نەکات. پێویستە گەلی باشورمان لەناوخۆیاندا سیخوڕ، میتو موخبیر قبوڵ نەکەنو لەدژیان بوەستنەوە. ئەگەر لەگوندەکان هەبن، دەریان بکەن. لەشارەکان بن، لەشارەکانیان دەریان بکەن".
دەشڵێت "ئێمە داوامان کرد لایەنەکانی باشور رێوشوێن بگرنەبەر. بەڵام دیارە کە هیچ ڕێوشوێنێکیان نەگرتووەتەبەر. ئێمە کێ ئاشکرا بکەن، لێی نابورین، دوایی با ئەو رێکخستنانەو ئەو پارتانە نەڵێن، پەکەکە لایەنگرانی ئێمە دەکوژێت یان لەدژی ئێمە پەکەکە سیاسەتێکی جیاواز بەڕێوەدەبات. ئەگەر نایانەوێت ئەندامانیان بکوژرێن، ئەو کاتە پێویستە خاوەندارییان لێبکەن. پێویستە ڕێگا نەدەن خراپە بکەن. پێویستە ڕێگا نەدەن خیانەت بکەنو دەستیان بە خوێنی گەریلا سوور ببێت. کێ خوێنی گەریلا بڕژێت دەبێتە ئامانجی ئێمە".
بایک ئەوەش روندەکاتەوە کە پەکەکە لەسەر بناغەیەک دامەزراوە، یەکێک لەخاڵە سەرەکیەکانی وەستانەوەیە لەدژی خیانەتو لێپرسینەوەیە لەخیانەت، لەبەرئەوەی گەلی کورد چی چەشتووە، بەهۆی خیانەوە چەشتویەتی، ئەو دەڵێت "ئێمە ناتوانین لەناو خۆماندا خیانەت قبوڵ بکەین. ئێمە ناتوانین چاوپۆشی بکەین. لەئیستادا هەندێک کەس دەستگیردەکرێن کە دەستیان لەڕشتنی خوێنی گەریلادا هەیە. دەبینرێت کە خاوەنداریان لێدەکەن، ڕێکخستنەکانی خاوەنداریان لێدەکەن، یان دەزگاکان پرسیار لەسەر دۆخیان دەکەن. دەڵێن، 'ئەوانە وابەستەی ئێمەن'. دەڵێن 'پەکەکە کەسەکانمان دەستگیر دەکات. ئەمە بۆ ئێمە دوژمنایەتیە. پەکەکە دوژمنایەتی ئێمە دەکات'. بەم شێوەیە خاوەنداری لەخایینەکان دەکەن. پێویستە کەس خاوەنداری لەخایینەکان نەکات. ئەگەر ئێمە دەستگیریان دەکەین یان دەیانکەینە ئامانج، لەبەرئەوەیە کە خوێنی گەریلایان ڕشتووە، خوێنی گەلی باشوورمان دەڕژن، ناوی گەلی باشووریشمان خراپ دەکەن. بۆیە ئێمە دەستگیریان دەکەین، یان دەیانکەینە ئامانج. نەک لەبەرئەوەی دۆست و ئەندامی هەندێک رێکخستن ئێمە دەستگیریان دەکەین".
دەشڵێت "هیچ کەسێک نابێت خۆی بفرۆشێت، لەوانەیە تورکیا چەند قروشێکیان پێبدات، هەندێک دۆلاریان پێبدات، شەرەفی خۆیان، کەسایەتی خۆیان، ناموسی خۆیانو هەمو شتێکی خۆیان بۆ پارە دەفرۆشن، پێویستە کەس ئەم کارە نەکات".
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە