ئا: ئاوێنە
له‌نێو ئه‌وانه‌ی جێ پەنجەیان بەمێژووی نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمی کوردەوە دیارە، مسته‌فا بارزانی‌و جەلال تاڵهبانیو ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ڕیزی پێشه‌وه‌دان. تاڵەبانی لەبەرگی یه‌كه‌می یاداشته‌كانیدا (كه له‌لایه‌ن عیرفانی قانعی فه‌رده‌وه ئاماده‌كراوه) تیشك دەخاتە سه‌ر رهگو ریشه‌ی ئه‌و ململانێ تونده‌ی كه له‌نێوان مەلا مستەفاو ئیبراهیم ئه‌حمه‌ددا له‌ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا روویداو یه‌كه‌م تەقەی شه‌ڕی براكوژی له‌ته‌موزی 1964دا تیا ته‌قێنرا، كه تاڵه‌بانی ئه‌و چركه‌ساته به"گه‌وره‌ترین گوناهیی مێژووی كورد ناوده‌بات". گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رووداوانه‌و باس‌و خواسی تاڵه‌بانی سه‌باره‌ت به‌مه‌لا مستهفاو ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌ی مێژووی كورددا شایسته‌ی خوێندنەوەو هه‌ڵوێسته له‌سه‌ركردنه.
دوای شۆڕشی 14ی ته‌موزی 1958و گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی‌و تێپه‌ڕینی مانگی هه‌نگوینی نێوان كورد‌و قاسم، ورده ورده ساردی‌و ته‌قه ده‌كه‌وێته نێوان په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی‌و حكومه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عێراقه‌وه، ناڕه‌زایی ئاغا‌و ده‌ره‌به‌گه‌كانی كوردستان به‌رامبه‌ر چاكسازی زهویو زار‌و كوشتنی سدیق میران به‌ده‌ستی هه‌وادارانی پارتی، پاشه‌كشه‌ی قاسم لهبهڵێنهكانیو كارنه‌كردن بهمیكانیزمه دیموكراسییه‌كان، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی‌و هاتنه سه‌ر خه‌تی ساواكی ئێران، هه‌ر هه‌موویان ده‌سته‌به‌كار بوون بۆ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول.
به‌ڵام زۆر ناخایه‌نێت، پارتی‌و شۆڕش رووبه‌ڕووی هه‌لومه‌رجێكی دژواری ناوخۆی ده‌بێته‌وه، كه مه‌كته‌بی سیاسی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌رامبه‌ر مه‌لا مسته‌فای سه‌رۆكی پارتی ده‌وه‌ستنه‌وه. تاڵه‌بانی له‌یاداشته‌كانیدا رهگو ریشه‌ی لێكترازانی نێوان ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ چه‌ند فاكته‌رێك، له‌وانه: جیاوازیی روانینیان بۆ رووداوه‌كان‌و ناكۆكی بیركردنه‌وه‌و جیاوازی ئاستی خوێندن‌و رۆشنبیرییان، كه ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌سێكی چهپو خوێنده‌وار بوو، مه‌لا مسته‌فاش كه‌سێكی عهشائیرییو دژ به‌چه‌پ. هه‌روه‌ها هۆیه‌كی دیكه‌ی ئه‌م ناكۆكییهیان له‌جیاوازیی خانهدانیو ئهسلو نه‌سه‌بی بنه‌ماڵه‌كانیاندا ده‌بینێت كه ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌خێزانێكی ئاسایی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاوه هاتبوو كه باوباپیرانی به‌كارو كاسپییهوه خه‌ریك بوون‌و ئەو شانازی به‌وه‌وه ده‌كرد كه كوڕی فه‌قیره‌و هه‌میشه خۆی به"بله‌ی ئه‌حه ره‌ش" ناو ده‌برد، له‌به‌رامبه‌ریشدا مه‌لا مسته‌فا له‌خێزانێكی خانه‌دانی عه‌شائیرییه‌وه هاتبوو. هه‌روه‌ها ئیبراهیم ئه‌حمه‌د وه‌ك سكرتێری حیزب گرنگی به‌كاری رێكخستن‌و حیزبایه‌تی ئه‌دا، كه‌چی بارزانی ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێنه‌بوو به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆ‌و حیزبایه‌تی بوو".
تاڵه‌بانی ده‌ڵێت "هه‌ر له‌یه‌كه‌م دیداریانه‌وه له‌چیك، ده‌ركه‌وت ئه‌وان ناكۆك‌و جیاوازن‌و دانوویان به‌یه‌كه‌وه ناكوڵێ". هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات "تا ئه‌و كاته‌ی له‌به‌غدا بووین دوو رووداو ناكۆكییه‌كانی نێوان بارزانی‌و ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی قوڵتر كرده‌وه، یه‌كه‌میان كه سه‌رۆك عه‌شائیره‌كان هاتنه به‌غدا دوای یاسای چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه زوڵم‌و زۆریان لێنه‌كرێت، بارزانی له‌گه‌ڵیان كۆبۆوه‌و پشتگیری لێ‌كردن. به‌ڵام ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌دژی ئه‌وان وتارێكی له‌رۆژنامه‌ی خه‌باتدا نووسی ئه‌وانی به‌وه ناوبرد كه ناوبانگ‌و رابردووییه‌كی پاكیان نییه‌و نۆكه‌ری رژێمی پاشایه‌تی بوون. رووداوی دووه‌میش، كاتی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلولی 1961 بوو، كه به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراوی نه‌بوو، من خوازیاری ئه‌وه بووم پارتی رابه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌كه له‌ئه‌ستۆ بگرێ‌و ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش هه‌مان رای هه‌بوو. به‌ڵام عه‌شائیریش له‌و كاته‌دا كه‌وتبوونه خۆیان، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د وه‌ك سكرتێری پارتی به‌یاننامه‌یه‌كی له‌دژی گردبوونه‌وه‌ی عه‌شائیره‌كان بڵاوكرده‌وه كه ده‌یانه‌وێ كوردستان به‌رنه‌وه بۆ دواوه. واته له‌شێوه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ قاسم ناكۆك بوون، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د باوه‌ڕی به‌وه بوو كه له‌ڕێگه‌ی سیاسی‌و خه‌باتی دیموكراسیه‌وه درێژه به‌خه‌بات بدهنو له‌گه‌ڵ هێزه دیموكراسی‌و ئازادیخوازه‌كانی عه‌ره‌ب هاوكاری بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قاسم بخه‌نه‌وه سه‌ر رێگای یه‌كه‌مجاری دوای شۆڕشی 14ی ته‌موزی 1958. به‌ڵام بارزانی پێیوابوو كه ده‌بێت یاخی بین‌و حكومه‌ت چاوترسێن بكه‌ین له‌ڕێگه‌ی كوشتنی بهگهكانو ته‌قاندنه‌وه‌ی پرد‌و بڕینی هێڵی تهلهفونو كاره‌باوه تا حكومه‌ت ناچار بێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كورددا بكات. ئه‌م دوو رێگه‌یه یه‌ك دنیا جیاوازییان هه‌بوو".
خاڵێكی دی كه چه‌ند جارێك تاڵه‌بانی له‌م یاداشتانه‌یدا ئاماژه‌ی پێده‌كات ئه‌وه‌یه "كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك عه‌بدوڵا ئیسحاقی (ئه‌حمه‌د تۆفیق) فاكته‌رێكی گرنگی فیتنهگهریو خۆشكردنی ئاگری دووبه‌ره‌كی نێوان ئه‌م دوو پیاوه بووه‌و له‌وكاته‌دا رۆڵێكی ئێجگار به‌دو خراپی بینیوه".
جگه له‌وه‌ش، كه حیزبی شیوعی عێراق دوای كوده‌تای 8ی شوباتی 1963 ئاواره‌ی ناوچه رزگاركراوه‌كانی ژێر ده‌ستی پارتی ده‌بن، باڵی مه‌كته‌بی سیاسی رێگه به‌وان ناده‌ن چه‌ك ههڵگرنو به‌ئازادی بێن‌و بچن، به‌ڵام بارزانی به‌پێچه‌وانه‌وه رێگه‌یان ئه‌وه‌یان پێده‌دات. هه‌روه‌ها تاڵه‌بانی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه ره‌فتاری ناماقوڵ‌و توند‌و لاسارانه‌ی نوری شاوه‌یس به‌رامبه‌ر به‌بارزانی دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كرد بوو.
بارزانی له‌سه‌ره‌تای ئه‌م كێشمه‌كێشه‌دا پێشنیار ده‌كات كه "مام جه‌لال" ببێته سكرتێری حیزب له‌بری ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، به‌ڵام ئه‌و رازی نابێت "له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌وو پرۆگرامی حیزبه. كاتێكیش كه پێشنیار ده‌كرێت ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ دوور كهوێتهوهو بچێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، رازی نابێت. ئه‌م دوو كه‌سه هه‌ردووكیان مكوڕو سهرسهختو عیناد ده‌ستده‌گرن به‌هه‌ڵوێستی خۆیانه‌وه.
ئیتر ئاگری رق‌و كینه‌ی بارزانی‌و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌رامبه‌ر به‌یه‌كدی نه به‌ناوبژی ریش سپی‌و پیاوماقولان دادهمركێتهوهو نه بهههوڵو كۆششی رۆشنبیران، ئیتر ئه‌م سهرۆكو سكرتێره‌ی پارتی "نهیهكتریان دهبینیو نهبهیهكیشهوه قسه‌یان ده‌كرد، تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی جگه له‌جنێودان هیچی دیكه‌یان نه‌بوو تا به‌یه‌كی بڵێن".
تاڵه‌بانی ده‌ڵێت "ساڵی 1964 ئه‌م ناكۆكییانه به‌هۆی گفتوگۆ‌و شێوه‌ی مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا گەیشتە سنووری ته‌قینه‌وه".
به‌تایبه‌تی ئه‌وكاته‌ی كه عه‌بدولسه‌لام عارف به‌عسییه‌كان له‌ده‌سه‌ڵات ده‌خاو، حوكمه‌تی نوێ خوازیاری گفتوگۆ كردن ده‌بێت له‌گه‌ل كورد، بارزانی ئه‌مه په‌سه‌ند ده‌كات، به‌ڵام كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه‌و ناڕازی ده‌بێت. دوای ئه‌وه‌ش بارزانی به‌یاننامه‌یه‌ك بۆ پشتیوانیكردن له‌حكومه‌تی عارف‌و بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو حیزبه‌كان له‌عێراقدا بڵاوده‌كاته‌وه مایه‌ی ناڕه‌زایی توندی ئیبراهیم ئهحمهدو مه‌كته‌بی سیاسی سیاسی‌و خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت.
تاڵه‌بانی ده‌ڵێت "من تا ئه‌م ساته‌وه‌خته زۆر نزیك بووم لهبارزانیهوهو وەک یەکیک لەکوڕەکانی خۆی سەیری دەکردم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌دا، رۆیشتم‌و پێموت تا ئه‌م چركه‌ساته له‌گه‌ڵ تۆ بووم‌و نه‌چوومه‌ته پاڵ ناڕه‌زایی توندی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیه‌وه، به‌ڵام ئه‌زبه‌نی دوو سێ پرسیارم له‌تۆ هه‌یه، ئایا به‌ڕاستی باوه‌ڕت به‌وه هه‌یه كه نووسیوته؟ وتی به‌ڵێ! گوتم باشه ئه‌مه ئه‌گه‌ر تاكتیكی سیاسییه پێمانبڵێ با ئێمه‌ش بزانین. وتی: نه‌وه‌ڵا! تاكتیك نییه! وتم: ئه‌زبه‌نی له‌مشه‌وه‌وه خوداحافیز! ".
تاڵه‌بانی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "سیاسه‌تی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیم بهراستتر ده‌زانی تا سیاسه‌تی بارزانی"و پێشیوایه كه ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستی مه‌كته‌بی سیاسی نه‌بوایه ئه‌وا بارزانی له 1964دا ده‌یویست وه‌ك 1975 (ئاشبه‌تاڵ)ی لێبكاو كۆتایی به‌شۆڕش بهێنێت.
ئاماده‌كاری ئه‌م یاداشتانه له‌زاری چه‌ند كه‌سێكه‌وه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "وه‌ختێك ئه‌م پیاوه چالاكه چووه پاڵ مه‌كته‌بی سیاسی جیابوونه‌وه‌كه رهنگو رووییه‌كی گه‌وره‌تری به‌خۆوه گرت".
جێی ئاماژه‌یه، به‌ر له‌مه‌ش بارزانی له‌وه تووڕه‌و به‌قین بووه له‌تاڵه‌بانی كه كاتێك وه‌ك سه‌رۆكی وه‌فدی كوردی به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن روویكردووه‌ته به‌غدا، به‌بێ پرسی ئهمو له‌سه‌ر خواستی كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی عێراق چووه سه‌ردانی میسر‌و جه‌زائیری كردووه‌و له‌گه‌ڵ (جه‌مال عه‌بدولناسر)و (ئه‌حمه‌د بن بلا)دا كۆبۆته‌وه.
تاڵه‌بانی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه دوای جیابوونه‌وه‌شیان بڕوای به‌وه بووه كه "بوونی مه‌لاو ناوی ئه‌و پێویستییه‌كی مێژووییه بۆ شۆڕشی چه‌كداریی كوردستان‌و ناتوانین بارزانی بسڕینه‌وه‌و بهركهناری بكه‌ین".
ئه‌و ده‌ڵێت "به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئاماژه به‌ده‌ستێك بكه‌ین كه له‌پشت په‌رده‌وه ده‌یویست په‌یوه‌ندی نێوان پارتی‌و مه‌كته‌بی سیاسی تێكبدات، ئه‌وا ئه‌و ده‌سته شیوعییه‌كان بوو، كه له‌نێوان ئه‌م دوو گروپه ناكۆكه‌دا جرتو فرتیان بوو.. ئێرانییه‌كانیش هه‌روه‌ها. سه‌رۆك عهشیرهتو ئاغاكانو هه‌ندێك له‌وانه‌ش كه ده‌وری بارزانی‌یان دابوو رۆڵی خراپیان هه‌بوو".
سه‌ره‌نجام یه‌كه‌م ته‌قه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ له13ی ته‌موزی 1964دا ده‌ته‌قێنرێت كاتێك هێزه‌كانی بارزانی ده‌چنه سه‌ر مه‌كته‌بی سیاسی لهماوهتو دوای تهقو تۆقێكی كورت به‌ره‌و ئێران دهریاندهپهڕێنن. تاڵه‌بانی ئه‌م ساته‌وه‌خته به‌گوناهێكی مێژووی گه‌وره ناوده‌بات "چونكه ئه‌وه یه‌كه‌مینجار بوو له‌مێژووی كوردا كه له‌یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی سیاسیی‌دا په‌نا ببرێته به‌ر زمانی جهنگو تفهنگو گولله. كه دواتر ئه‌مه به‌شه‌ڕی براكوژی ناوده‌برێت".
پاشان دوو دیارده‌ی ناكۆكی جهلالیو مه‌لایی له‌كایه‌ی سیاسی‌دا سه‌رهه‌ڵئه‌دات كه دواتر شۆڕده‌بێته‌وه بۆ نێو ورده‌كاری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری‌و تا ساڵانێكی درێژخایه‌ن به‌رده‌وام ده‌بێت، ره‌نگه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان تا ئێستاش ئاسه‌واریی مابێت. تاڵه‌بانی خۆی ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه رووینه‌دایه، ره‌نگه ره‌وتی رووداوووهكانی مێژووی ئه‌م په‌نجا ساڵه‌ی كوردستان به‌ئاڕاسته‌یه‌كی دی بگۆڕایه".
سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه، تاڵه‌بانی كه هه‌ر له‌هه‌ڕه‌تی گه‌نجێتییه‌وه به‌هۆی بزێوییو جهربهزهییو وریایی خۆیه‌وه، تۆڕێك له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌لێك سیاسهتمهدارو کاربەدەستو رۆژنامه‌نووسی جیهاندا چێكردووه، له‌دوا په‌ره‌گرافی به‌رگی یه‌كه‌می ئه‌م یاداشتانه‌یدا ده‌ڵێت "یه‌كێك له‌هه‌ڵه گه‌وره‌كانی ژیانم تێكدانی په‌یوه‌ندیم بوو له‌گه‌ڵ شادڕه‌وان مسته‌فا بارزانیدا، نه‌ده‌بوو كارێكی وا بكه‌م".