خۆپیشاندانەکان لە بەغداد و شارەکانی ناوەڕاست و باشوور دەستی پێکردووە
  2020-05-11       781       
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە شاری بەغداد و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، خۆپیشاندەران رژانە گۆڕپانە گشتییەكان و خۆپیشاندانەكانیان دژبە پارتە دەسەڵاتدارەكان دەست پێكردووە.

ئاوێنە: بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان لە شاری بەغداد و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، خۆپیشاندەران رژانە گۆڕپانە گشتییەكان و خۆپیشاندانەكانیان دژبە پارتە دەسەڵاتدارەكان دەست پێكردووە. دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەکان دوای ئەوە دێت، حكوومەتی نوێ بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی ماوەی سێ رۆژە دەستبەكاربووە.

هاوکات ئاماژە بەوە دراوە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا و گۆڕەپانە گشتییەكان لە شار و شارۆچكەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گردبوونەتەوە و دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان كردووەتەوە لەنێویاندا بابل، زیقار، دیوانییە و بەسرە.

شایەنی باسە تارق سەبری کە چالاكوانێكی خۆپیشاندانەكانی بەغدادە دەڵێت، “پێویستە حكوومەتی نوێ، توانا و لێهاتووی خۆی بسەلمێنێت و بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات. گرنگە حكوومەتی نوێ هەنگاوی خێرا بنێت بۆ هێورکردنەوەی شەقام و بەڵێنێەكانی جێبەجێ بكات لەوانە؛ دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و راپێچكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران بۆ بەردەم دادگا”.

ئەو تارق سەبری جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر حكوومەتی نوێ داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكات ئەوا وەك حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەرووخێێت.

رۆژی شەممەی رابردوو مستەفا کازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە یەكەم كۆبوونەوەی حكوومەتەكەیدا ژمارەیەك بڕیاری دەركرد كە چاودێران بە هەوڵێك بۆ رازییكردنی خۆپیشاندەران لەقەڵەمیان داوە.

هەروەها مستەفا كازمی رایگەیاندبوو كە لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەو توندوتیژیانە بكات كە لە میانی خۆپیشاندانەكاندا روویانداوە و بەهۆیەوە ٦٠٠ خۆپیشاندەر كوژراون، باسی لەوەش كرد كە داوایان كردووە، سەرجەم خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكان ئازاد بكرێن.

سەرۆكوەزیرانی عێراق راشیگەیاندبوو كە بڕیاریداوە عەبدولوەهاب ساعدی بگەڕێنێتەوە بۆ پۆستی سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆر.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×