هەڵۆ عەبدوڵا
ئافرەتێک زیاتر لە چل سالی تەمەنی بەسەر بردو بەردەوام نەخۆشی درێژ خایەنیشی هەبوو وەکو شەکرەو پەستانی خوێن. بە واتایەکی تر ئەو ئافرەتە زیاتر لە نیوەی تەمەنی بردە سەرو لە گەڵیشیدا ئازاری نەخۆشی هەبوو. ئەم ئافرەتە منداڵی گەورەکردو پێی گەیاندن و هەموویانی کرد بە خاوەنی بروانامە بە ئاواتی ئەوەی ژیانێکی ئاسودە بۆ خۆیان دابین کەن و لەو رێیەشەوە خزمەتی هاوڵاتی و شار بکەن.
چل ساڵ تەمەن واتە بینین و بوون لە ناو هەموو ئەو رووداوانەی کە لە سەرەتای ساڵی هەشتاکانەوە روویان داوە وەکو شەری نێوان ئێران و عێراق و ئەو شەرەی رژێمی بەعس دژی بە کورد ئەنجامی دەدا. دیارە ئەم رووداوانە پێکهێنەری چەندەها بارودۆغی ترسناک بوون لەسەر ژیانی ئەم ئافرەتەو تاک بە تاکی کورد. ئاشکرایە خەونی ئەم ئافرەتە بەردوام خەونی پاراستنی ژیانی ماڵ و منداڵ و ئازیزانی بووە.
لە دوای ساڵی ١٩٩١ وە لە دوای راپەرین و شار ئازاد کردن خەونی ئەم ئافرەتە وەک خەونی هەموو تاکێکی تر بەدیدێت ئەوەش بە نەمانی ئەو مەترسیانەی کە بەردەوام ژیان و ئاسوودەیی ژیانی کردبووە ژێر هەرەشەوە. بەڵام بە داخەوە ئەمە زۆر نەخایەنێت ئەوەش بەهۆی خراپ بوونی بارودۆخی ئابوری و هێرشەکانی رژێمی بەعس و شەری ناوخۆی برایانی کورد.
لە ساڵی ١٩٩١ وە ئەم ئافرەتە بەردەوام ئاگاداری هەموو سیاسەتی خزمەتگوزاری حزبە کوردیە فەرمانرەواکان بووە کە دوا جار دەبێتە و کارو خزمەتی حکومەتی هەرێم. ئەکرێت بووترێت لە یەکەم دزینی ئامێرو کەل و پەلی ئاوەدان کردنەوە بۆ ئێران لە سەرەتای راپەرین و تا دوا جار دابەزینی نرخی نەوت لەگەل کارە مێژوویەکانی ئەنجومەنی پاریزگارو ئاسایش بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە دژی ڤایرۆسی کرۆنا هۆشیاری باشی هەبووە. ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە کە ئەم ئافرەتە هەرچەندە بێ بروانامە بوو بەڵام ئەوەندە هەستی کردبوو کە لە هەڵبژاردنیشدا پێویستە دەنگ بدرێت بە پارتێکی سیاسی کە لە بەرنامەیدایە خزمەتی خانمانی ناو ماڵ بکات.
سێ رووداو گرنگە کە ئاماژەی پی بدرێت لە ژیانی ئەم ئافرەتەدا:
یەکەم رووداو لە ساڵی ٢٠٠٨ روودەدات بەوەی کە دەردەکەوێت کە پیاوی ئەم ئافرەتە تووشی نەخۆشیەک بووە کە پشکنین و چارەسەری لە هەرێمی کوردستان نیە وە ئەم هەواڵەش لە سەفەرێکی نەخۆشی بۆ ئوردن دەبیسترێت. تاکە چارە بۆ پاراستنی ئەم گیانە بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەر لە ووڵاتێکی تری دراوسێی سنوورەکانی هەرێم. سەفەر ئەنجامدرا بەڵام پیاوەکەی ئەم ئافرەتە لە فرۆکەخانە دەستگیر دەکرێت و دواجار دەنێررێتەوە بۆ ووڵاتی خۆی بێ بینینی دکتۆرو ئەنجامدانی پشکنن. ئەم رووداوە بووە مایەی ئەوەی کە ئەم کابرایە هیچ هیوایەکی بە چارەسەری پزیشکی نەمێنێت و دواجار خۆی بداتە قەدەری خوای گەورە. ئەم نەخۆشیەو کاردانەوەکانی دواجار بووە مایەی لە دەست دانی ئەم گیانە لە ساڵی ٢٠١٥ دا. هەرچەندە ئەمە خۆی لە خۆیدا باسێکی ترە بەڵام ئەکرێت بووترێت خوا لێی خۆش بێت.
پێش بەهاری عەربی برایەکی ئەم ئافرەتە بە هۆی رووداوی کەوتنەوە ئێسقانی رانی دەشکێت و پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت. لە دوای نەشتەرگەری و بە هۆی چۆنێتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکەو کۆنترۆڵ نە کردنی بارودۆخی نە خۆشەکە لە دوای نەشتەرگەری دواجار گیانی لە دەست دەدات. ئەکرێت بووترێت بە عەمری ئەو خوایە هەفتەی بەسەر ناچێت ئافرەتەکەش دەکەوێت و ئێسقانی رانی دەشکێت. گیان لەدەست دانی برای ئافرەتەکە ئەبێتە هۆی ئەوەی هەموو کارێک بکرێت کە ئەم ئافرەتە وەک براکەی گیانی نەسپێرێت و کار بکرێت تا نەشتەرگەری لەدەرەوەی ووڵات بۆ بکرێت. بیرۆکەی ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەریە لە دەرەوەی وولات تەنها بۆ ئەوەبووە کە کارەکە بە شێوازێکی وا ئەنجام بدرێت کە تیایدا گیانی نەخۆشێکی درێژخایەن پارێزراو بێت ئەوەش لەرێی چۆنێتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکەو کۆنترۆلکردنی بارودۆخی نەخۆشەکە پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکە وە هەروەها لەکاتی ئەنجامدان و دوای نەشتەرگەریەکەش. خۆشبەختانە لەم رێیەوە تونرا گیانی ئافرەتەکە لە مردنێکی حەتمی رزگار بکرێت لە دەرەوەی ووڵات و ئەم ئافرەتە بە سەلامەتی درێژە بە ژیانی خۆی بدات. شایانەی باسە سەفەری ئەم جارەی ئافرەتەکە بۆ چارەسەر لە دەرەوەی ووڵات بۆ یەکەم جار نابێت بەڵام ئەکرێت بووترێت ئەم سەفەرەی بووە مایەی پاراستنی ژیانی ئەوەش لەرێی ئەنجامنەدانی نەشتەرگەری لە ووڵاتی خۆی.
سێیەم رووداو دەکەوێتە زەمەنی ڤایرۆسی کرۆناوە. لە سەرەتای مانگی مارس و سەرهەڵدانی فایرۆس لە کوردستان و زۆر لە ووڵاتانی تر نووسەری باسەکە بریار دەدات کە دەرمانی ساڵێک، ئەنسۆلین، بۆ ئەم ئافرەتە بگەیەنێتە کوردستان و کاتێکێش لەگەڵیدا بباتە سەر. لە فرۆکەخانە لە دوای پشکنینی تەواوی کارمەندانی گومرگ و ئاسایش و کارمەندانی پزیشکی بۆ دەرمانەکان تونرا دەرمانەکان بگەیەنرێتە دەستی نەخۆش. ترس لە هەرەشەی کرۆنا لەسەر ئەم ئافرەتە لە رێی نوسەری باسەکەوە وەک مسارێکی دوورە ووڵات و ئەگەر لە تووشبوونی بە ڤایرۆسەکە هۆکار دەبێت کە نوسەری باسەکە بچێت پشکنین بۆ خۆی ئەنجام بدات بەمەبەستی پاراستنی ئافرەتەکە لە ئەگەری تووش بوونی بە ڤایرۆس. هەمان بەرپرسیارێتی هۆکار دەبێت کە رۆژی دواتر لە کاتێکی درەنگی شەودا ئەندامێکی تری هەمان خێزان پشکنینی بوونی ڤایرۆس ئەنجامبدات لە خۆیدا بۆ هەمان مەبەست. شتێک کە مایەی سەرنجە ئەوەیە کە لە و کاتەی کە ئەندامەکەی تری ئەو خێزانە لە پشکنین دەبێت ،تەلەفون دەکرێت بۆ نوسەری باسەکە کە ئەگەر لە ماوەی ٦٠ خولەکی تردا نەگەیتە خەستەخانە بۆ پشکنینی تری ڤایرۆس ئەوا بە هێزی ئاسایش لە ماڵ دەردەکرێیت و بە زۆر دەهێنرێیت بۆ پشکنین. ئەم هەرەشەیە بووە مایەی ئەوەی کە بە تەکلیف و تەکلیف کاری و پارانەوە قەناعەت بە کارمەندی تەندروستی بکرێت کە بە زووترین کات ناوبراو خۆی دەگەیەنێتە خەستەخانە بۆ پشکنین ئەوەش دوای ئەوەی یەکێکی تر لە ماڵ دەبێت لەگەڵ ئافرەتەکەدا. دوا جار ئەندامەکەی تری خێزان لە دوای پشکنین دەگەرێتەوە مەڵەوەو نوسەری باسەکەش بۆ دووەم جار لە ژێر هەرەشەی ئاسایشدا پشکنینێکی تری ڤایرۆس بۆ خۆی ئەنجام بدات. هەموو ئەم رووداوە کتوپرانە قەناعەت بە نوسەری باسەکە دەکات کە لە دوای چوار شەو بوننی لە ماڵ جانتای خۆی هەڵگرێت و سەفەری پێچەوانە بۆ دەرەوەی ووڵات ئەنجام بدات ئەوەش لە دوای دڵنیابوونی لە باش بەرێوەچونی بارۆدۆخی ئافرەتی نەخۆش و کەسانی دەوروبەری.
ئەوەی جێی باسە لە گەرانەوەشدا لە فرۆکەخانە زۆری نەمابوو کە نوسەری باسەکە تاوانبار بکرێت لەلایەن کارمەندی گومرگ و ئاسایش و تەندروستی فرۆکەخانەوە بەوەی کە دەمامک و کەل و پەلی پاکژ کردنەوە ئاودیووی دەرەوەی ووڵات دەکات لە کاتێکدا ووڵات خۆی پێویستی پێیەتی. ئەوە مایەی سەرنجە کەل و پەلەکانیش چەند پارچەیەکی کەم بوون بە مەباستی بەکارهێنانی شەخسی کڕابوون. هەرچەندە دوا جار هەندێک لەو کەل و پەلانە لە فرۆکەخانە دەستی بەسەرد گیراو بەشەکەی تریشی دڵی دوو سێ کوردی پێ خۆش کرا لە دەرەوەی ووڵات. ئەوەی شایەنی باسە لە کۆتایی باسەکەدا خودی ڤایرۆسی کرۆناو پشکنین و سەفەرەکە نیە بەڵکو لە دەستدانی گیانی ئافرەتەکەیە بە هۆی ئەنجامدانی قەستەرەی قاچەوە کە دڵی ئەم ئافرەتەی پێ خۆش کرا بوو کە گوایا بە ئەنجامدانی قەستەرەکە لە یەکێک لە خەستەخانەکانی شار بە بە رامبەر بە برێک پارە تەندرووستی باشتر دەکرێت. ئەم ئافرەتە بە قاچی خۆی دەچیتە بۆ چارەسەر بە دڵی خۆشەوە بە هیوای ئەوەی شەو بە تەندروستی باشەوە لە ماڵی خۆی بێت بەڵام بەداخەوە دەگەیەنرێتە یەکێک لە قەبرسانەکانی شار. تەنها هۆکاریش بۆ گیان لەدەست دانی ئەم ئافرەتە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە کارمەندانی تەندروستی هیچ گرنگیەکیان بە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکانی زەغت و شەکرە نەداوە لە دوا ئەنجامدانی نەشتەرگەری.
لە کۆتایی کورتە باسی ئەفرەتەکە ئەکرێت پرسیار بکرێت کە ئایا خوا لێی خۆش بێت ئەکرێت ببێتە مایەی دەرباز بوون لە هەموو بەرپرسیاریەتێک؟ ئەکرێت بپرسرێت کە ئایا مانای هاوڵاتی بوون ئەبێت چ مانایەکی هەبێت و تاکەی بە چالاکی کوێرکەرانە هاوڵاتی رەوانەی قەبرسان و دۆزەخ دەکرێت و رۆڵی حکومەت و دەزگا حکومیەکان چی دەبن بۆ پاراستنی هاوڵاتیان؟ دوا پرسیار ئەوەیە کە ئایا چەند کەس لەسەردەمی حکومرانی کوردیدا گیانی لەدەست داوەو لەداهاتوشدا لەدەستی ددات بە هۆی نەشارەزایی لەئەنجامدانی نەشتەرگەریی و کۆنترۆڵنەکردنی بارودۆخی نەخۆش پێش و پاش نەشتەرگەری؟