هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران حه‌وت خۆپیشانده‌ر له شارۆچكه‌ی ئاودانانی ئیلام ده‌ستگیرده‌كه‌ن
  2026-11-18     

رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو ئاشكرایكرد، له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی هاوڵاتیانی شارۆچكه‌ی ئاودانان له‌ سنوری پارێزگای ئیلام تا ئێستا حه‌وت خۆپیشانده‌ر ده‌ستگیركراون.

ئاوێنه‌: رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، دوێنێ سێشه‌ممه‌ ژمارەیەک لە هاوڵاتییانی شارۆچکەی ئاودانان لە پارێزگای ئیلام بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کەمتەرخەمیی بەرپرسان له‌باره‌ی دۆخی سەلامەتیی ڕێگاوبانەکان و گیانلەدەستدانی کارمەندانی پیشەسازیی نەوت و گازی دێلوڕان گردبونەوەیه‌كی ناڕه‌زایه‌تییان ئەنجام دا و دروشمیان دژی حکومەت وتەوە. ئەم گردبوونەوە ئاشتییانەیە بە دەستێوەردانی هێزەکانی یەکەی تایبەت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ بەرەو توندوتیژی رۆیشت.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار كه‌ قسه‌ی بۆ رێكخراوه‌كه‌ كردوه‌، له‌گه‌ڵ سەرکوتکردنی ئەم ناڕەزایەتییانە، لانیکەم حه‌وت هاوڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی ئارمین سولەیمانی، ئەسغەر ئەکبەری، بێهنام مورادی، سینا دەروێشی منداڵی تەمەن 15 ساڵ، سەعید عەبدوڵاهی، ئیرەج حەیدەری و موحسین باویر لەلایەن هێزە ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ دەستبەسەركران.

هەنگاو زانیویەتی کە موحسین باویر دوای تێپەڕبونی چەند کاتژمێر لە دەستبەسەرکردن ئازاد کراوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنوس و شوێنی ڕاگرتنی شه‌ش هاوڵاتییەکەی دیکە لەبەردەستدا نییە.

بەپێی زانیارییەكانی هه‌نگاو، سینا دەروێشی، مێرمنداڵی تەمەن 15 ساڵ و سەعید عەبدوڵاهی، گەنجی خەڵکی ئاودانان، هاوڕێ لەگەڵ ئەسغەر ئەکبەری و بێهنام مورادی لە ڕەوتی ئەم ناڕەزایەتییانەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە. هەروەها ئیرەج حەیدەری، تەمەن 51 ساڵ و باوکی سێ منداڵ، لە ڕەوتی تێکهەڵچونی نێوان هاوڵاتییانی ناڕازی و هێزەکانی یەکەی تایبەت لە مەیدانی وەلیعەسری ئاودانان دەستبەسەر کراوە.

رێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، ئێوارەی هەمان ڕۆژیش موحسین باوێر، هاوڵاتیی خەڵکی ئاودانان کە پێشتریش پێشینەی دەستبەسەرکردنی هەیە و دوای ئازادکردنی مەرجدار ماوەی سزاکەی لەژێر چاودێریی پاوانەی ئەلیکترۆنیدا تێپەڕ دەکرد، لە دەوروبەری دوکانەکەی خۆی جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا کە دوای چەند کاتژمێر ئازاد کرا.

هه‌نگاو وتوشیه‌تی، زانیاریی سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی دیکە لە گەنجانی ئاودانان بڵاوکراوەتەوە کە ناسنامەکانیان لەلایەن هەنگاوەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

ئەم ناڕەزایەتییانە دوای ئەوە سەری هەڵدا کە ئێوارەی شەممە 14ی 11ی 2026، پاسێكی هاتوچۆی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپاڵاوگەی دێلوڕان کە زۆربەی سەرنشینەکانی کرێکاران و ئەندازیارانی خەڵکی ئاودانان و گوندەکانی دەوروبەری بون، لە ڕێگای دەشت‌عەباس ـ مۆرمۆری وەرگەڕا. لە ئەنجامی ئەم ڕوداوەدا 13 کەس گیانیان لەدەستداو 17 کەسی دیکەش بریندار بون کە لە نەخۆشخانەکانی ئیلام و دیزفول لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×