دوای گەیشتینی یەکەم کاروانی نەوتی سپی لە بەغداوە، لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتەکە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵ، یەکەم کاروانی تەنکەرەکانی نەوتی سپی بارکرا و بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و دوێنێ شەو یەکەم کاروانی نەوتی سپی گەیشتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک.
ڕوونیشیکردەوە کە نەوتەکە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی دهۆکەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی دابەش دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ بەشە نەوتی سپی هەرسێ پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە ڕەزامەندی دراوە و دەست بە بارکردن دەکرێت و لەگەڵ گەیشتنی بەکۆگاکاندا، دەست بە بەرنامەی بارکردن و دابەشکردن دەکرێت لەسەر هاوڵاتیان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان .