له‌دوای لێدوانه‌كانی له‌باره‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت له‌ جورف سه‌خر، پارێزگاری بابل ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌
  2026-11-12     

له‌دوای لێدوانه‌كانی كه‌ تێیدا هه‌واڵی به‌قاچاخبردنی نه‌وتی له‌ ناحیه‌ی جورف سه‌خر ره‌تكرده‌وه‌، عه‌لی توركی، پارێزگاری بابل ده‌ستی له‌پۆسته‌كه‌ی كێشایه‌وه‌. ده‌وترێت له‌ژێر گوشاری قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی عه‌سایبی ئه‌هلی هه‌قدا ده‌ستی له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌.

ئاوێنه‌: عه‌لی توركی، پارێزگاری بابل، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی راگه‌یاند.

ئه‌و به‌ كه‌ناڵی جزیره‌ی راگه‌یاندوه‌ "به‌هۆی دۆسیه‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت له‌ جورف سه‌خر ده‌ستم له‌ پۆسته‌كه‌م كێشایه‌وه‌."

به‌گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ناوبراو دوای ئه‌وه‌ هاتوه‌ كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ سه‌ردانی ناوچه‌ی جورف سه‌خری كردو له‌وێ له‌ لێدوانێكی ڤیدیۆییدا ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ به‌ قاچاخبردنی نه‌وت ده‌كه‌ن.

به‌پێی میدیا عێراقییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی پارێزگاری بابل، قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری گشتی بزوتنه‌وه‌ی عه‌سایبی ئه‌هلی هه‌ق گوشاری له‌ عه‌لی توركی، كه‌ سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌، كردوه‌ كه‌ ده‌ست له‌ پۆسته‌كه‌ی بكێشێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی بزوتنه‌وه‌ی عه‌سایبی ئه‌هلی هه‌ق پشتیوانی له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی زه‌یدی ده‌كات.

عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به‌ جیا بڕیاریاندا به‌ پێكهێنانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت له‌ جورف سه‌خر باش ئه‌وه‌ی له‌ راپۆرتێكی ته‌كنیكی و هه‌واڵگریدا ئه‌و بابه‌ته‌ خرابوه‌ڕو.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×