بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەمریکا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بە ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، نامەیەکی تایبەتی ئاراستەی موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کردووە، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی دانوستانە وەستاوەکانی نێوان واشنتن و تاران و کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان هەردوو وڵات.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی و ئێرانییەوە بڵاویکردووەتەوە، نامەکەی ڤانس هەفتەی ڕابردوو لە ڕێگەی نێوەندگیریی وڵاتی قەتەرەوە نێردراوە و ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بە فەرمی ڕادەستی موحسین ڕەزایی کراوە. لە هەمان کاتدا، ڕۆژنامەی "ۆڵ ستریت جۆرناڵ" وەک یەکەم سەرچاوە پەردەی لەسەر ئەم پەیوەندییە لادا کە بە ئامانجی گەڕانەوەی هەردوو لا بووە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
مەرجی دۆسیەی ئەتۆمی و دانوستانی ڕاستەوخۆ
لە ناوەڕۆکی نامەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ڕێگەی دانوستانی ڕاستەوخۆوە کردووەتەوە. ڤانس پێداگریی کردووە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی ئەتۆمی و بە پێویستی زانیوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەر لە سەرەتای دانوستانەکانەوە بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
بەپێی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز، ئەگەر ئێران پێشنیازەکەی ڤانس قبوڵ بکات، ئەوا لە ڕووی تەکنیکییەوە دانوستانەکان بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە دەستپێدەکەن. چاوەڕوانیش دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان لە قەتەر یان تورکیا بەڕێوەبچن.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشنیازەکەی ڤانس بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ بە سەرۆکایەتیی خۆی بە نوێنەرایەتیی ئەمریکا، پێشوازییەکی باشی لەلایەن سەرکردەکانی ئێرانەوە لێکراوە. زۆرێک لە بەرپرسانی تاران وەک کەسایەتییەکی کاریگەر لە ڤانس دەڕوانن کە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکانی سەر وڵاتەکەیان.
هەڵبژاردنی موحسین ڕەزایی و هێڵی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێبەری باڵا
موحسین ڕەزایی کە ئێستا سەرۆکایەتیی باڵاترین دامەزراوەی ئەمنیی ئێران دەکات و پێشتر بۆ درێژترین ماوە لە مێژووی سوپای پاسداراندا فەرماندەی ئەو هێزە بووە، لەلایەن "ۆڵ ستریت جۆرناڵ"ەوە وەک یەکێک لە دیارترین و بەهەژموونترین کەسایەتییە نەریتخوازە توندڕەوەکانی ئێران وەسف کراوە.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کردووە کە بیرۆکەی ناردنی نامەکە لەلایەن خودی ڤانسەوە پێشنیاز کراوە بۆ ترەمپ، بەو پاساوەی کە ڕەزایی هێڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران هەیە. بەرپرسێکی ئەمریکیش پشتڕاستی کردووەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ زۆر بە پەرۆش بووە بۆ ئەنجامدانی ئەم هەنگاوە. بەرپرسانی واشنتن پێیان وایە دانوستان لەگەڵ باڵی "توندڕەو" لە تاران ڕەنگە ئەنجامێکی دیپلۆماسیی باشتر و جێگیرتری لێ بکەوێتەوە.
سەبارەت بە کاردانەوە فەرمییەکان، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەسەر ناوەڕۆکی نامەکە بدات، لە کاتێکدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیکردووەتەوە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ڤانس و ڕەزاییەوە هەبێت.
ڕێگریکردن لە هێرشی سەربازی و پلانی حەوت ڕۆژە
بەرپرسانی ئەمریکا و سەرچاوە ئاگادارەکان بە "ۆڵ ستریت جۆرناڵ"یان ڕاگەیاندووە، ئامانجی سەرەکیی ڤانس لەم هەنگاوەدا دۆزینەوەی زەمینەیەکی هاوبەشە لەگەڵ تاران، تاوەکو بتوانێت قەناعەت بە ترەمپ بهێنێت فەرمانی کۆتایی دەرنەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی کورت و چڕ بۆ سەر ئێران، کە پلان هەیە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس (بڕیارە سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت) ئەنجام بدرێت.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردووەتەوە کە نامەکەی ڤانس و گفتوگۆکانی دواتر وردەکاریی پێشنیازی ئاشتییان لەخۆنەگرتووە، بەڵکو جەختیان لەسەر داڕشتنی چوارچێوەیەکی گونجاو کردووەتەوە بۆ دانوستانەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەجۆرێک کە هەر ڕێککەوتنێک بۆ دوورکەوتنەوە لە گورزی سەربازیی ئەمریکا پێویستی بە گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "نیوز نەیشن" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندیی چڕ لە نێوان تاران و واشنتن لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ئەنجامدراوە، کە تێیدا تاوتوێی پلانێکی حەوت ڕۆژە دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس. سەرچاوەکە هۆشداریی داوە کە ئەگەر ئێران پێشنیازەکە ڕەتبکاتەوە، ڕەنگە هیچ بژاردەیەک لەبەردەم ترەمپدا نەمێنێتەوە جگە لە وەشاندنی گورزی سەربازی، هەرچەندە گفتوگۆکان تا ئێستا ئەرێنین بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.
تێچووی قورسی جەنگ و کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکان
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە پێنتاگۆن (وەزارەتی جەنگی ئەمریکا) لە خەمڵاندنێکی نوێدا بۆ کۆنگرێس ئاشکرای کردووە، تێچووی جەنگی دژی ئێران لەسەر باجدەرانی ئەمریکی گەیشتووەتە ٤٧.١ ملیار دۆلار.
بەپێی ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"، لێکەوتەکانی ئەم جەنگە —کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە— بووەتە پرسێکی سەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس کە بڕیارە لە ٣ی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت. بەرزبوونەوەی تێچووی جەنگەکە و لێکەوتە ئابوورییەکانی، بەتایبەت لەسەر نرخی وزە، ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی فراوانی لە ناوخۆی ئەمریکادا لێکەوتووەتەوە، ئەمەش مەترسیی دروستکردووە کە کاریگەریی نەرێنی بکاتە سەر چانسی پارتی کۆماری لە هەڵبژاردنەکانی هەفتەی داهاتوودا.
لە ئێستادا هەشت مانگ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران تێدەپەڕێت. دیموکراتەکان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی یاسادانانەوە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن، بەڵام بەهۆی باڵادەستیی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس، هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە. لە دوای هەرەسهێنانی ڕێککەوتنەکەی مانگی حوزەیرانی ڕابردووشەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە شوێنی خۆیاندا چەقیون.
هەڵوێستی تاران و پرسی گەرووی هورمز
ڕۆژی چوارشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا تاوتوێی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پلانی حەوت ڕۆژە دەکات، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کردنەوەی گەرووی هورمز.
عێراقچی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: "لە کاتێکدا هێزە چەکدارە ئازاکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان، ئێران بەردەوامە لە پێدانی دەرفەت بە دیپلۆماسی بۆ سەرکەوتن." ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هۆشدارییەکانیان بۆ سەر تاران چڕکردووەتەوە سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی کردە سەربازییەکان.
پێشتر و لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا، ئێران لە ڕێگەی قەتەرەوە پێشنیازێکی دابووە واشنتن کە تێیدا ئامادەیی نیشاندابوو لە ماوەی حەوت ڕۆژدا گەرووی هورمز بکاتەوە، بەو مەرجەی ئەمریکا ڕازی بێت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکانی ناوچەکەدا، سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە ئازاد بکات، سزاکانی سەر کەرتی نەوت هەڵبگرێت و گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران کۆتایی پێبهێنێت؛ بەڵام ئەوکات واشنتن تەواوی ئەو مەرجانەی ڕەتکردەوە.