ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد کە کەموکوڕیی دارایی بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینان گەیشتووەتە ٣٦٠ ملیار دینار و ئەم بڕەش هەر مانگێک زیاتر دەبێت.
ئاوێنە: ڕۆژی چوارشەممە حوسێن دەراجی بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاند "لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی سێشەممە، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی خانەنشینی نیشتمانیی بۆ کۆبوونەوە بانگهێشت کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی گشتی و داراییی دەستەکەیان تاوتوێ کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە کوتهێنانی دارایی بۆ مووچەی خانەنشینان گەیشتووەتە ٣٦٠ ملیار دینار و بەردەوام زیاد دەکات".
دەراجی ئاماژەی بەوەشکردووە کە ژمارەی خانەنشینان لە عێراق نزیکەی ٣ ملیۆن کەسە؛ لەو ژمارەیە ملیۆنێک و ٨١٠ هەزار کەس خانەنشینی مەدەنیین و ملیۆنێک و ٢٢١ هەزار کەس خانەنشینی سەربازین".
بە وتەی دەراجی، مانگانە لەنێوان ٧٥٠٠ تا ٨٥٠٠ فەرمانبەر دەگەنە تەمەنی خانەنشینی و دەخرێنە خانەنشینییەوە. وەزارەتی دارایییش لەگەڵ ئەوەدایە کە فەرمانبەران هەر لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا بخەنە خانەنشینییەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لەم ڕێکارەدا نەکرێت.
ناوبراو ئاشکراشیکرد "دۆخی مووچە لە عێراق ڕووبەڕووی فشارە داراییەکان بووەتەوە. لە مانگەکانی ڕابردوودا، بەهۆی کەمیی پارەی نەقد و دابەزینی داهاتەکان، مووچەی فەرمانبەرانی حکومی و خانەنشینان دواکەوتووە".
هەروەها، دارایی گشتیی عێراق ڕووبەڕووی جیاوازییەکی گەورە و زیادبوو لەنێوان داهات و خەرجییەکانیدا بووەتەوە. بەپێی داتاکانی حکومەت، کورتهێنانی نێوان داهات و خەرجییەکانی دەوڵەت لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠.٤ تریلیۆن دینار.