ئا: ئاوێنە
کەمیی مامۆستا، وێرانیی پۆلەکانو ژێرخانی کێشەدارو ترس لەداهاتوو، هەزاران خوێندکاری تووڕە کردووە، سەدان قوتابخانە داخراون، هەزاران خوێندکار دەستگیرکراون، پێکدادان لەگەڵ پۆلیس بەردەوامەو حکومەت ڕووبەڕووی یەکێک لەگەورەترین شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی بووەتەوە لە ساڵانی ڕابردوودا، کە خوێندکاران ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای خوێندنی باشتر دەکەن، بەڵام لەپشت توڕەیی ئەوانەوە چیرۆکێک هەیە کە زۆر گەورەترە لە کەمیی مامۆستا و پۆلە وێرانەکان .
لەکۆتایی مانگی ئەیلولەوە خوێندکاران لەسەرانسەری وڵاتدا ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوەی قوتابخانە ئامادەییەکان کردووەو ئیدانەی ناتەواوی بودجەی پەروەردەی گشتی دەکەن.
تەنانەت ناڕەزایەتییەکان لەچەند ناوچەیەکدا بەرەو توندوتیژی چوون. بە سەدان خوێندکار و مامۆستا و ئەفسەری پۆلیس بریندار بوون و هەزاران کەسیش دەستگیر کراون . لە نێویاندا کەسانێک هەن کە بەشێک نین لە بزووتنەوەی خوێندکاری و بەشداری ڕووداوەکان دەکەن.
لە دڵی ناڕەزایەتییەکاندا بارودۆخی قوتابخانە ئامادەییەکانی فەرەنسا ئامادەیە کە خزمەت بەخوێندکارانی تەمەن 15 بۆ 18 ساڵ دەکەن. خوێندکاران گلەیی لە کەمیی مامۆستاو خراپی خزتمەتگوزارییەکانو خشتەی قوتابخانەکان دەکەن کە کاتێکی کەمی پشوودانیان بۆ دەمێنێتەوە .
مادالێنا، خوێندکارێکی خەڵکی پاریس، بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، "هەندێکجار مامۆستاکانمان بۆ چەند هەفتەیەک ئامادە نابن بەبێ ئەوەی جێگەیان پڕ بکرێتەوە، پۆلەکانمان ئەوەندە گەرمن بەرگە ناگیرێن بەتایبەتی لەکاتی شەپۆلی گەرمای ئەم دواییەدا".
بەڵام ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە ژێرخانی ئابووریدا سنووردار نین. هەندێک لەخوێندکاران کاردانەوەیان هەیە بەرامبەر بەقەدەغەکردنی مۆبایل، لەکاتێکدا هەندێکی تر گلەیی لەکاتژمێرە ماندووەکانی خوێندن دەکەن کە لە زۆر حاڵەتدا تا کاتژمێر ٦ی ئێوارە دەخایەنێت.
خوێندکارێک بەکەناڵی فەرەنسا ٢ی وتووە "کاتژمێر ٧ی ئێوارە دەگەیتەوە ماڵەوەو کاتت نییە بخەویت و ئەرکەکانی ماڵەوەت ئەنجام بدەیت".
سەرچاوەیەکی دیکەی ناڕەزایی توند بریتییە لە پارکۆرسۆپ کە پلاتفۆرمی ئۆنلاینە کە لەڕێگەیەوە شوێنەکانی خوێندنی باڵا تەرخان دەکرێت. ئێستا نزیکەی 80%ی خوێندکاران لە هەر نەوەیەکدا بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەهێنن، کە مافی خوێندنی باڵایان پێدەدات، بەڵام مەرج نییە قوتابخانەی دڵخوازی خۆیان بەدەستبهێنن. ئەمەش کێبڕکێیەکی چڕ بۆ ئەو پرۆگرامانەی خوێندن کە زۆرترین داواکارییان لەسەرە دروست دەکات.
ئایا بەڕاستی دۆخی قوتابخانەکانی فەرەنسی خراپە؟
گلەیی قوتابیان ڕەنگدانەوەی کێشە ڕاستەقینەکانە، بەڵام وەک بی بی سی ئاماژەی پێدەکات مەرج نییە بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان فەرەنسا لەدۆخێکی خراپتردا بێت بەراورد بەوڵاتانی دیکەی ئەوروپا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)، حکومەتی فەرەنسا بۆ هەر خوێندکارێکی ئامادەیی پارەی زیاتر لە تێکڕای یەکێتی ئەوروپا بۆ هەمان ئاستی خوێندن خەرج دەکات.
کەمیی مامۆستا بەڕاستی جدییە، بەڵام لەوڵاتانی دیکە زیاتر نییە. لە ڕاستیدا بەپێی پێوەرەکانی OECD، لە فەرەنسا، بە ڕێژەیەکی کەمتر پۆستەکان پڕنەکراونەتەوە، هەرچەندە مامۆستایانی فەرەنسی مووچەیان تا ڕادەیەک خراپە.
سەبارەت بەدرێژکردنەوەی کاتەکانی خوێندن، ئەوان تایبەتمەندییەکی خوێندنی فەرەنسین. پشووە درێژەکانی نیوەڕۆو خشتەی ئاڵۆزی ڕۆژانە تا ڕادەیەکی زۆر بەرپرسیارن لەدرەنگ تەواوبوونی کاتی دەوام. ئەمە بەپێی بی بی سی قەرەبووکردنەوە نییە بۆ پشووەکانی قوتابخانە درێژخایەنەکان، چونکە ئەمانە جیاوازییەکی بەرچاویان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا نییە.
وێنەکە لەدەستڕاگەیشتن بە خوێندنی باڵادا هاوشێوەیە . لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا 80% بۆ 90% ی گەنجان خوێندنی ناوەندی تەواو دەکەن، لەکاتێکدا کێبڕکێ بۆ باشترین قوتابخانەکانی زانکۆش دەبێتە هۆی فشاری دەروونی زیاتر.
بۆیە ڕەنگە ئەم کێشانە بە تەنیا بەس نەبن بۆ ئەوەی ڕوونی بکەینەوە کە بۆچی بزووتنەوەی خوێندکاری فەرەنسی بەو شێوەیە سەریهەڵداوە.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، لۆران نونێز ناڕەزایەتییەکانی بە" بێ وێنە " وەسف کردووە، چ لە ڕووی ژمارەی قوتابخانەو خوێندکارانی بەشداربوو و چ لە ڕووی ڕادەی توندوتیژییەکانەوە .
بۆچی خوێندکاران ململانێ هەڵدەبژێرن
قەبارەی بزووتنەوەکە سەرنجڕاکێشترە کاتێک ئەو مەترسیانەی کە بەشداربووان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەبەرچاو بگرین.
لە فەرەنسا ڕێگریکردن لە قوتابخانە یان زانکۆیەک بە بەکارهێنانی هەڕەشە یان توندوتیژی نایاساییە و دەبێتە هۆی دەستێوەردانی پۆلیس.
هەروەها لە خۆپیشاندانەکاندا ئەوانەی پێیان دەوترێت کاسێر (ئاژاوەگێڕ) نمایش دەکرێن، لەکاتێکدا خوێندکاران ڕووبەڕووی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنی قەرەباڵغی پۆلیس بوونەتەوە کە زۆرجار بە بەکارهێنانی هێز تایبەتمەندن.
سیباستیان لێکۆرنی، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە فەرمانی بەهێزە ئەمنییەکان نەکردووە لەگەڵ خوێندکارانی ئامادەیی پێکدادان بکەن، بەڵکو داوای کردووە یاسا جێبەجێ بکەن.
بەڵام بۆ ئەوەی تێبگەین کە بۆچی خوێندکاران ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە هەڵدەبژێرن، مرۆڤ دەبێت – بەپێی شیکارییەکانی بی بی سی – نەریتێکی سیاسی ڕەگداکوتاوی قووڵ بپشکنێت.
لە فەرەنسا دەسەڵات تەنها لە ڕێگەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانەوە بەڕێوەناچێت. زۆرجار فشاری خۆپیشاندانەکان کاریگەریی خۆی سەلماندووە. خوێندکارانیش زۆر باش ئەم چیرۆکە دەزانن .
لە ساڵی ١٩٩٠ تا ٢٠٠٦، خوێندکاران حکومەتەکانیان ناچار بەپاشەکشە کردووە، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٠ دەستدرێژی سێکسی لە قوتابخانەیەک لە شاری سانت دێنیس کە قەزایەک لە باکووری پاریس و تا ئێستاش لە ناوەندی ناڕەزایەتییەکاندایە، ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بەهۆی کەمیی بودجە و کەمیی کارمەندانەوە .
ناڕەزایەتییەکان ئەنجامی هەبوو: حکومەت بڕە پارەیەکی بۆ قوتابخانە ئامادەییەکان تەرخانکرد کە نزیکەی یەک ملیارو ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ بوو.
دوای هەشت ساڵ، لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٨، نزیکەی ٥٠٠ هەزار خوێندکار بەداواکاری هاوشێوە لەسەرانسەری وڵاتدا خۆپیشاندانیان کرد. ناڕەزایەتییەکان بووە هۆی تەرخانکردنی نزیکەی ملیارێک یۆرۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و دامەزراندنی 14 هەزار کارمەندی دیکە.
ئەمانە تەنیا ئەو کاتانە نەبوون کە بزووتنەوەی خوێندکاری ئامانجەکانی خۆی بەدیهێنا. لە ساڵی 1986 ناڕەزایەتی خوێندکاران پلانی داڕشتنەوەی زانکۆکانی هەڵوەشاندەوەو لە ساڵی 1994 ڕێگری لەجێبەجێکردنی کەمترین مووچەی خوێندکاران کرا.
ڕەنگە سەرنجڕاکێشترین نمایشی هێز لە ساڵی ٢٠٠٦ دا بووبێت. لەو کاتەدا حکومەتی فەرەنسا هەوڵیدا یاسایەک جێبەجێ بکات کە ئاسانکاری بکات بۆ دامەزراندنی مامۆستاو کارمەندانی خوار تەمەن ٢٦ ساڵ، لە هەوڵێکدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بێکاری گەنجان. ئەو ڕێوشوێنە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا و لەلایەن جاک شیراکی سەرۆکی ئەوکاتەوە واژۆی لەسەر کرا، بەڵام دوای چەند هەفتەیەک لە گەمارۆدانی زانکۆ و ئامادەییەکان کە زۆرجار توندوتیژی لەگەڵدا بوو، حکومەت ناچار بوو بیکشێنێتەوە.
ئەم چیرۆکە ئەوە نیشان دەدات کە لە فەرەنسا تەنانەت چاکسازییەکی پەسەندکراویش دەتوانرێت لە ژێر فشاری ناڕەزایەتییەکان هەڵبوەشێنرێتەوە.
لە مانگی ئایاری ساڵی '٦٨ تا "هێلەک زەردەکان"
کاریگەری ناڕەزایەتییەکان لەسەر سیاسەتی فەرەنسا تەنیا لە گەنجاندا سنووردار نییە. بزووتنەوەی “هێلەکی زەرد ” کە لە ساڵانی ٢٠١٨و ٢٠١٩ وڵاتی هەژاند، بریتی بوو لە گەمارۆدانی ڕێگاوبان و تاڵانکردنی فرۆشگاکان و هێرشکردنە سەر بینا حکومییەکان. لە کۆتاییدا حکومەت ناچار بوو دەستبەرداری زیادکردنی باجی سووتەمەنی پلان بۆ داڕێژراو بێت و ڕێوشوێنی خەرجییەکان بە بەهای 10 ملیار یۆرۆ پەسەند بکات.
بێگومان خۆپێشاندان هەمیشە سەرکەوتنی لێناکەوێتەوە. لە ساڵی ١٩٦٨، ساڵێکی گرینگ بوو بۆ هەموو بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی فەرەنسا کە دواتر سەریانهەڵدا، ڕاپەڕینی خوێندکاران کە گەشەی کردو بوو بە مانگرتنی گشتی کرێکارانی فەرەنسی و دواجار بووە هۆی قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسا و بانگهێشتکردنی هەڵبژاردن کۆتایی هات.
72%ی خەڵکی فەرەنسا داواکارییەکان بە دادپەروەرانە دەزانن
بۆ ئێستا ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە خوێندکاران پشتگیری کۆمەڵایەتی بەرچاویان هەیە. بەپێی ڕاپرسییەک کە بۆ تۆڕی تەلەفزیۆنی BFMTVی فەرەنسی ئەنجامدراوە، 72%ی خەڵکی فەرەنسی داواکارییەکانیان بەڕەوا دەزانن، لەکاتێکدا 55% پشتگیری لە بزووتنەوەکە دەکەن.
هەروەها بەشێکی زۆر لە پەروەردەکاران و سەندیکاکانی کرێکاران و سیاسەتمەدارە چەپەکان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بەشدارن. خۆپیشاندانەکان بەردەوامنو لەبەرامبەردا حکومەت لە دۆخێکی زۆر سەختدایە .
لاوازی سیاسی ماکرۆن و دووڕیانەکەی حکومەت
دوای نۆ ساڵ لە دەسەڵات، ئیمانوێل ماکرۆن ڕووبەڕووی ناڕەزایی جەماوەریی دەبێتەوەو ئاستی پشتیوانی بەڕێژەیەکی زۆر دابەزیوەو نزیکە لەکۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەی. ناتوانێ داوای خولێکی تری یەک لە دوای یەک لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری فەرەنسادا بکات کە بڕیارە شەش مانگی تر بەڕێوە بچێت. بڕیارەکەی بۆ بانگهێشتکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لەمانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا بووە هۆی ئەوەی پەرلەمانێکی پارچە پارچە بێتە ئارواو گەیشتن بەڕێککەوتنە سیاسییەکان زۆر قورسە.
سێباستیان لۆکۆرنیلی سەرۆک وەزیران خۆی بە"لاوازترین سەرۆک وەزیران" لەمێژووی مۆدێرنی فەرەنسادا وەسف کردووە و بەگوێرەی بی بی سی، لە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی پەسەندکردنی بودجەکە، ڕووبەڕووی کێشەی جددی دەبێتەوە. بەڵام ڕەنگە ئەم لاوازییە سیاسییە لەڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لەگەڵ خوێندکاراندا سوودێکیشی هەبێت.
فەرەنسا ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزکردن بووەتەوە، کورتهێنانی بودجە دەگاتە 5.4%ی بەرهەمی ناوخۆیی و قەرزی گشتی لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە لە ساڵی 1940ەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆرنێل توانای مانۆڕکردنی زۆر سنوورداری هەیە ، چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە.
بە پێچەوانەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو کە ڕووبەڕووی فشاری ناڕەزایەتییەکان بوونەتەوە و ئیمتیازیان هەڵبژاردووە، سەرۆکی ئێستای حکومەت هەمان کاریگەری دارایی نیی. ئەمەش شتێکە کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لەدانوستانەکاندا بگێڕێت. هەرچەندە پێدەچێت خوێندکاران پشتگیری کۆمەڵایەتییان هەبێت، بەڵام ڕووبەڕووی حکومەتێک دەبنەوە کە ئەوەندە لاوازە کە ڕەنگە هیچی نەبێت تا پێشکەشیان بکات.