ئان کارسۆن، ژنه شاعیر، وتارنوس و وەرگێڕی کەنەدی، بوە بەبراوەی خەڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی ئەمساڵ. کارسۆنی تەمەن 76 ساڵ بەھۆی ئەو بەرهەمانەیەوە دەناسرێتەوە کە سنوری نێوان شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکان، ده‌به‌زێنێت و ئاوێته‌ی یه‌كتریان ده‌كات.
ئاوێنه: لیژنه‌ی نۆبڵ ڕایگەیاند کە ئان کارسۆن-ی بەھۆی کۆمەڵە بەرهەمە ئەدەبییە "نوێخواز و بوێرانەکانییەوە" وه‌كو براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی ئه‌مساڵ دیاری كردوه؛ ئەو بەرهەمانەی کە ئیلهامیان لە ئەدەبیات و نەریتە کلاسیکییەکان وەرگرتوە، بەڵام بە تێڕوانینێکی جیاواز و داهێنەرانەوە دوبارە خولقاندونیەتەوە و لە ئەنجامدا شێواز و ستایلی نوێیان لە ئەدەبیاتی هاوچەرخدا هێناوەتە ئاراوە.
خەڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌ب بۆ ڕێزلێنان لە کۆمەڵە بەرهەم و دەستکەوتەکانی تەمەنێک چالاکی پیشەیی دەبەخشرێت و بە بڕواپێکراوترین خەڵات لە بواری ئەدەبیاتی جیهاندا ئەژمار دەکرێت.
براوەی ئەم خەڵاتە 12 ملیۆن کرۆنی سویدی وەردەگرێت، کە ده‌كاته نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری ئه‌مریكی.
خاتو کارلبێرگ وتیشی: "تەنیا شتێک کە ئەو دەرفەتی قۆسته‌وه پێم بڵێت ئەوە بو کە هێشتا لە ئایسلەندایە و گوێی بۆ دەنگی با هه‌ڵخستوه."
خاتو کارلبێرگ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "بە هەواڵەکە توشی سەرسوڕمان بوبو، بەڵام زۆر دڵخۆش بو. ده‌متوانی هه‌ست به‌مه بكه‌م له ده‌نگیدا."
هه‌روه‌ها ئه‌نده‌رس ئۆلسۆن، سەرۆکی لیژنه‌ی نۆبڵی ئەدەب، ستایشی ئان کارسۆنی کرد بەهۆی دورکەوتنەوە لە شیعری پشتبەستو بە ئەزمون و هەستی کەسی و پێشکەشکردنی شێواز و قاڵبی نوێ لە ئەدەبی هاوچەرخدا.
وتیشی "ئەم شێوازەی نوسین دەبێتە هۆی خولقاندنی بەرهەمی زیندو و تەنزئامێز کە ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ش نەك تەنیا لە نێوان شیعری کلاسیک و مۆدێرندا لە جوڵەدان، بەڵکو لە سنوری نێوان جۆرە جیاوازەکانی ئەدەب و شێوازە جۆراوجۆرەکانی هونەریش تێدەپەڕن."
لە بەرهەمە ناسراوەکانی ئان کارسۆن دەکرێت ئاماژە بە "وتاری شوشەیی"، "ئۆتۆبیۆگرافیای سور: ڕۆمانێک لە قاڵبی شیعردا"، "خوداوەندی شەو"، "سەرئاوکەوتو" و "جوانیی مێرد: وتارێکی چیرۆکئامێز لە 29 تانگۆدا" بکەین.
کارسۆن هەروەها بەرهەمەکانی ئەدەبیاتی یۆنانی کۆنی وەرگێڕاوە و زیاتر لە 30 ساڵە مامۆستای ئەدەبیات و زمانە کلاسیکییەکانه.